چالاکانی سیاسی و مەدەنیی سنە هەڵبژاردنەکانیان بایکوت کرد و لەمبارەیەوە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی سنە لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامییان بایکوت کرد کە دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:
خەڵکی بەهەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
هەروەک ئاگادارن کۆماری کوردکوژی ئیسلامیی ئێران لەم بارودۆخە هەستیارەدا دیسان له بەرەبەرەی شانۆیەکی تری هەڵبژاردن دایە ئەویش هەڵبژادنی نوێنەرانی پەرلەمانە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی 1398ی هەتاوی بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە له کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرەوڕووی قەیرانی قووڵ بۆتەوە و گەیشتۆتە بنبەست.
بۆیە دەسەڵاتداران و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم کە پەلەقاژەی مەرگ دەکەن جارێکی تر ڕوویان لە خەڵک ناوە و هانیان ئەدەن تاکوو بەشداری لەو شانۆگەرییەدا بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش هەر چەشنە پیلانێک تاقی دەکەنەوە تا بەڵکوو چاوپۆشی له ڕووداوە تاڵەکانی ئەم دواییانە بکرێ و خەڵک ئەمجارەش هەم ببنە زامنی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و هەم هێمنایەتی و سەقامگیری نێوخۆیی کۆماری مرۆڤکوژی ئیسلامی.
ئێمه وەک چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی سنە ڕایدەگەیەنین، هەر دەنگێک برینێکە لەسەر جەستەی نیشتمان و بەشداریکردن لەو شانۆگەرییەدا ڕەوایی دانە بە هەموو ئەو خوێنڕشتن و نادادپەروەری و سەرکوت و سەرەڕۆییانەی کە دەرحەق بە خەڵکی بێتاوانی کورد و نەتەوەکانی تر ئەنجام ئەدرێت.
بۆیە داوا لە هەموو چین و توێژەکان و سەرجەم خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی ڕەوایی بە کوشتنی رۆڵەکانمان، هەڵاواردنی ڕەگەزی و نژادی، بێکاری، هەژاری و برسێتی نەدەین و وەک ئەمەگناسی بۆ نوێترین نەمرانی کاروانی مافخوازی، بایکۆتی شانۆی هەڵبژادن بکرێت و ڕاشکاوانە نیشانی بدەین کە خوێنی بەناحەق ڕژاوی ڕۆڵەکانمان لەبیر ناکەین کە لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ تەنیا بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری ژیان و گرانی و برسیەتی و مافخوازی درانە بەر دەسڕێژی گوللە یان له سیاچاڵەکاندا له ژێر ئەشکەنجە بە نامرۆڤانەترین شێوە شەهید کران و بیسەلمێنین هاوخەمی بنەماڵە و منداڵانی ئەو کۆڵبەرانەین بە هیوای هێنانەوەی پارووە نانێک بە ناچاری ڕوو له کۆڵبەری دەکەن و لە کوێستان و سەرسنوورەکان بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم کەم ئەندام و شەهید دەبن یا تەوژمی زوقم و سەرما گیانیان لێدەستێنێ و لە ژیان بێ مرادیان دەکا.
جێ وەبیر هێناوەیە کە بایکۆتی هەڵبژاردن ئێستا له سەرتاسەری ئێراندا بۆتە ویست و داوایێکی گشتی و پێویستە ئێمەیش له لایەکەوە وێرای سەرنجدان بە دۆخی جیاوازی کوردستان و قووڵایی برین و کێشەکانمان و لە لایەکی تریشەوە بۆ پشتیوانی لەم هەڵوێستە گشتیەی گەلانی تری ئێران شێلگیرانە بایکۆتی ئەم شانۆگەرییە بکەین.
بە سپاسەوە
چالاکانی سیاسی سنە
٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ی کوردی