ڕۆژی چوارشەممە ۲۰۲۰/۲/۱۹ بەرانبەر بە ۳۰/ڕێبەندانی/۱۳۹۸، سمینارێکی هاوبەش لە لایەن لیژنەی هاوئاهەنگی لاوانی ڕۆژهەڵات لەبنکەی سەرکردایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو.
ئەو سیمینارە لە پێنج پانێل پێکهاتبوو کە لە لایەن نوێنەری ڕێکخراوەکانی پێکهێنەری لێژنەی هاوئاهەنگی لاوانی ڕۆژهەڵاتەوە ، لەژێر دروشمی هەڵبژاردنەکانی ئێران و ڕەهەندەکانی بایکۆت، پێشکەش کران.
لەبڕگەی یەکەمدا شەمزین ئەحمەد نژاد کادری یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان پانێلەکەی لەژێرناوی “گرینگی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەم قۆناغەدا” پێشکەش کرد. دواتر ئەفشین دادوەند سکرتێری کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات، لەژێرناوی “هەڵوێستی خەڵکی کورد لەسەر شانۆگەری هەڵبژاردن لە ئێران” دوا.
جەلال ڕەوانگەرد، نوێنەری یەکێتی لاوانی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران، لەژێرناوی “کاریگەری بایکوتی هەڵبژاردن لەسەر مەشروعیەتی ڕێژیم و هۆکاری داخوازی لە بایکوت” بابەتی خۆی پێشکەش کرد.
لەبڕگەی دووەمی سیمینارەکەدا هەریەکە لە هەژار وەلیزادە، نوێنەری ڕێکخراوی لاوانی ئازادی کوردستان- Rak، پانێلەکەی لەژێرناوی “بایکوتی هەڵبژاردنەکانی ئێران و ستانەوەی چەکی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە داگیرکەر” پێشکەش کرد، پاشان ماردین زاهیدی نوێنەری ڕێکخراوی لاوانی خەبات، لەژێرناوی “ڕۆڵی لاوان لە بایکوتی هەڵبژاردنەکانی ئێران” باسەکەی خۆی پێشکەش کرد.
دواتر ئامادەبوان بە پرسیار و تێبینی سمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.