ئاژاوە و دووبەرەکی نانەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردنەکان
کۆماری ئیسلامی لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان و بە تایبەت لە مهاباد لە ڕێگەی ناکۆکی عەشایری و بنەماڵەیی دەیهەوێ خەڵک پەلکێشی سەر سندوقەکانی دەنگدان بکا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەرەتای هاتنە سەرکارییەوە تا ئێستا بەهەر پیلانێک کە بۆی لوابێ، لە هەوڵی نانەوەی دووبەرکی لەنێو عەشیرەت و بنەماڵەکاندا بووە و بە قازانجی خۆی لە کێشە و ناکۆکی ئەوان کەڵکی وەرگرتوە.
لە شاری مەهاباد سپای پاسداران لە ڕێگەی دوو کەس لە بەربژێرەکان کە هەردووکیان خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیم پاڵاوتووە هەوڵی ئەوە دەدات کە بە بەردێک دوو نیشانە بشکێنێت و لە لایەک بازاڕی هەڵبژاردنیان پێ گەرم دەکات و لە لایەکی دیکە لە مهاباد کێشە و ناکۆکی لەنێو خەڵکدا دەنێتەوە.
لە کاتێکدا بە گشتی لە هەموو کوردستان ستادی بانگەشەی بەربژێرەکان چۆڵن، خەڵک بە تەواوی لە ڕێژیم بێهیوا بووە و لاوان لە شارەکانی ڕۆژهەڵات ستادی بەربژێرەکان دەسوتێنن، کەچی چەند بەربژێرێک بۆ خوولی نوێی هەڵبژاردنەکان خەریکن لە ڕێگەی سازکردنی ناکۆکی نانەوە خەڵک هان دەدەن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران بڕیاریان داوە کە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بایکۆت بکەن و ئیدی فریوی درۆ و دەلەسەی مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم ناخۆن.
لە کاتێکدا کە هەزاران لاوی کورد لە سنورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان خەریکی کۆڵبەرین، دەرفەتە کاریەکانی شارە کوردەکان بە کەسانی غەیرە کورد پڕ کراونەتەوە.
شایانی باسە کەکۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە ڕێگەی مۆرەکانی خۆیەوە هەوڵی دروست کردنی کەلێن لە نێو ڕیزەکانی خەڵکی کوردستان دەدات، بەڵام بۆ تێکدانی پیلانی دوژمنانی کوردستان، تەنیا ناسنامەیەک کە هەموومان دەبێ لە هەموو ناسنامەیەکی دیکە لە لامان گرینگتر بێت کورد بوون وکوردستانی بوونە و خەڵکی کوردستان باش دەزانن کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ پیلانێک درێغی ناکا و پێویستە بە وشیاری خۆیان پیلانەکانی ڕێژیم پووچەڵ بکەنەوە.