بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بارودۆخێکی زۆر خراپ و هەستیار دایە.
بە پێی زانیارییەکان، گرانی، بێکاری، و هەژاری سێ بەربەستی سەرەکین لەبەردەم ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا.
بە هۆی گەمارۆ ئابووریەکان نرخی کەلوپەلەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرزبوونەوە دایەو و خواردن و جلوبەرگ کە لە کەلوپەلە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵکن نرخیان زۆر بەرزەو کەلوپەلەکانی تری وەک ماشین و ئامرازی گواستنەوەو هاتوچۆو، پیشەسازی و کشتوکاڵیش لە ڕادەبەدەر نرخیان بەرز بووەتەوەو و بە جۆرێک کە هەرکەلوپەلێک چەند بەرابەر لە نرخی پێشتری بەرزترە و توانای خەڵک لە کڕین و فرۆشتن لە ئاستێکی زۆر نزم دایە.
لە لایەکی تریشەوە بارودۆخی پەروەردەو فێرکردن لەوپەڕی خراپی خۆی دایەو گوشارەکان لەسەر قوتابیان و بنەماڵەکانیان بە جۆرێک زیادی کردوە کە بەشی زۆری قوتابیان توانای درێژەدان بە خوێندنیان نەماوەو ناچارن دەست لە خوێندن هەڵگرن.
وەک دەگوترێ ساڵانی پێشوو دەسەڵات سەرانەی بۆ قوتابیان دەنارد، بەڵام ئێستا پوڵی فیشی بەرق و تەنانەت ئاوو گازیش لە منداڵان وەردەگرێت، و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و خەرجی ڕۆژانەی کارگوزار و کەلوپەلی خوێندن و نووسین کەوتۆتە سەر شانی بنەماڵەکان و کەرتی پەروەردەش لەم پێوەندییەدا هیچ هەڵوێستێکی نییەو گوێی خۆی لێ خەواندووە.
ئەم کێشانەو چەندین کێشەی تری ژیانی خەڵک بڕستی لە خەڵک بڕیوەو تووشی دەیان کۆسپ و نەخۆشی و کێشە بوونەتەوەو دەسەڵاتیش لەم دەرفەتانە سوودی وەرگرتووەو هەوڵدەدات کەسانی نەدارو هەژارو بێکار پەلکێشی ئۆرگانە نیزامییەکان بکاو بە زۆرەملی سیخوڕی و جاشەتییان پێ بکات و بۆ ئامانج و مەبەستەکانی خۆی بەکاریان بێنێ.
بەڵام وەک دەگوترێ کەشێکی بێ متمانەیی و ڕیسوایی باڵی بەسەر ڕێژیمەکەدا کێشاوەو خەڵک متمانەیان بەو دەسەڵاتەو بەڵێنەکانی نەماوە، بە تایبەتیش دوای دووپات بوونەوەی چەند جارەی قەول و بەڵێنە ناڕاستەکانیان بە خەڵک.
دەسەڵات کۆنتڕۆڵی بەشی زۆری جموجۆڵ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆمەڵگەی لەدەست داوەو و بەشی زۆری ئۆرگان و بەڕێوەبەرایەتییەکان خەریکی دزی و گەندەڵی و شاردنەوەی ڕاستیەکانن و ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵێ ئەو شوێنانە بکەن سیاسەتی ترس و تۆقاندن پەیڕەو دەکەن و لە زۆربەی شوێنەکان سیخوڕ و بەکرێگیراویان داناوە.
دەسەڵات لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا لە دۆخێکی خراپدایە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، وەک دەگوترێ ساڵانی پیشوو لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان هەموو کوچەو کۆڵانەکانی شارو ئاواییەکان و شوێنە گشتییەکان دەبوونە شوێنی بانگەشەی پاڵێوراوەکان، بەڵام ئەمساڵ بەجۆرێک کەمی کردووە کە زۆر دەگمەن و لە هێندێک شوێن نەبێت ئەو بانگەشانە بەرچاو ناکەوێت.
شایانی باسە لە هەڵبژاردنەکانی ئێران نزیک دەبینەوەو وەک دوگوترێ ئێران ترسێکی زۆری لێنیشتووە لە بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆیە هەموو ڕێگەیەکی سەرکوت، تۆقاندن، سیخوڕی و هەڕەشەکردن بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی دەیان ساڵەی خۆی بدا.