دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ناوچەی بانە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی ، دایە “ئامینە عەزیززادە” لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
دایە ئامینە عەزیز زادە، ژنێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بوو. ناوبراو لە ڕێگەی خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەیدا دوو کوڕی لەدەستدا.
دایە ئامینە دایکی شەهیدان” ئەحمەد باڵووڵ” و “ساڵح باڵووڵ” بوو کە لە ساڵەکانی ٥٩ و ٦٠ی هەتاوی لە شەڕەکانی پادگانی بانە و ڕێگەی بانە سەردەشت شەهید بوون و چوونە نێو ڕیزی کاروانی نەمرانی کوردستانەوە. کوڕەکانی دایە ئامینە دوو پێشمەرگەی قارەمان و فیداکاری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بوون کە تا دواهەناسە وەفادار بە ڕێبازی حیزب و بیروباوەڕەکەیان مانەوە و لە پێناو ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەیاندا سەریان نایەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە ئامینە و خزم و کەس و کاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.