ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٧/١١/٩٨ لە ھۆڵی خاک لە سلێمانی کۆڕێک بۆ ناساندنی کتێبی (یادگارەکانی کۆماری کوردستان) لە نووسینی “کاکشار ئۆرەما” ڕێکخرا.
شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکھاتوو لە بەڕێزان جەلیل گادانی سیمای ناسراوی حیزبی دێموکرات، سۆران نووری ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی، بەشداری ئەم کۆڕە بوون.
سەرەتای کۆڕەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان بە تایبەت پێشەوا قازی محەممەد دەستی پێکرد،پاشان نووسەری کتێبی یادگارەکانی کۆماری کوردستان بەڕێز کاکشار ئورەمار باسێکی لەسەر نووسینی کتێبەکە و دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان کرد.
ناوبراو لە بە شێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان کرد و وتی: “دوای ٧٤ساڵ کە لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدپەڕێت ئێستا دەزانین کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان چ خزمەتێکی گەورەی بە میللەتی کورد کرد، ناوبراو ھەروەھا ڕایگەیاند کە کۆماری کوردستان کۆماری ھەرچوار بەشی کوردستان بوو چونکە نوێنەری ھەر چوار بەشی کوردستان لەوێ بەشداربوون”.
لە درێژەی ئەم کۆڕەدا کاکشار ئورەمار ئاماژەی بە زۆر دەسکەوت و کاریگەرییەکانی کۆماری کوردستان کردوو و گوتی: “دەبێ ھەموو کوردێک شانازی بە کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی بکات”.
لە درێژەی ئەم کۆڕەدا بەڕێز جەلیل گادانی کەسایەتی ناسراوی ڕۆژھەڵات و حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی لەسەر کۆماری کوردستان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
ئەم کۆڕە دوای نزیک بە ٢کاتژمێر کۆتایی پێھات و سۆران نووری لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سپاسی زەحمەت و ماندووبونەکانی نووسەری کتێبی یادگارەکانی کۆماری کوردستانی کرد و ھیوای سەربەرزی بۆ بەڕێزیان خواست.