لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی مەجلیس شۆڕای ئیسلامیی ئێران کە بڕیارە ٢ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی بەڕێوەبچێ، بەشێک لە ڕێکخراو و ئەنجومەنە مەدەنی و ژینگەپارێزەکانی کوردستان بە دەرکردنی ئاگادارییەک ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ جۆر لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسدا بەشداریی ناکەن و پشتیوانی لە هیچ بەربژێرێک ناکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی ژینگەپارێزی پیرانشار بە دەرکردنی ئاگادارییەک خۆی لە هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەیەمی مەجلیس دوور گرتووەو خەڵکی شارەکانی سەردەشت و پیرانشاری ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو ئەنجومەنە”لایەنگری لە هیچ ڕەوت یا بەربژێرێک” ناکا.
هەروەها دەڵێ: “مەبەست لە دەرکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە ئەوەیە کە هیچ کەس، لایەن و پاڵێوراوێک، مافی ئەوەیان نییە بە نێوی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، بانگەشە بۆ ڕەوتێکی تایبەت یان شەخسی خۆیان بکەن”.
شایانی باسە چەند ئەنجومەن و ڕێکخراوی دیکەش بە هەمان شێوە و هەر بەو مەبەستە داوایان لە خەڵک کردووە.
پێشتریش کەیوومەرسی ئەمیری ناسراو بە “لەک ئەمیر” شاعیری ناسراو و بە هەڵوێستی کرماشانی بە ئاماژەدان بە کوشتنی خەڵکی ناڕازی لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕایگەیاند کە نەتەنیا لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی نەکات، بەڵکووهیچ بەربژێڕێکیش مافی ئەوەی نییە لە شێعر و نووسراوەکانی بۆ بانگەشە و تەبلیغی هەڵبژاردن کەڵک لە بەرهەمەکانی وەرگرێ.
ناوبراو ئازایانە ڕایگەیاند هەڵبژاردن لە ئێران لەلای ئەو هیچ مەشرووعییەتی نیە.