ڕۆمانی بێهرووز بووچانی نووسەرو ڕۆژنامەنووسی کوردی ئیلامی لە لایەن چاپەمەنی “چشمە” لە تاران بە زمانی فارسی بڵاو دەبێتەوە.
بە پێی هەواڵدەریی “ماڵی کتێبی کوردی” ڕایگەیاند، بە پێی ئەوەی کە ڕۆمانی بێهرۆز بوچانی نووسەر و پەنابەری کورد کە ئێستا لە وڵاتی نیوزلەندا دەژی گرینگی تایبەتی هەیە لە سەر دۆخ و ژیانی پەنابەران و بەجۆرێک بەسەرهات و بیروەرییەکانی خۆی وەکوو پەنابەرێکی بێلانە و ماڵ باس کردوەو لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی ئەدەبی و هونەری و هەروەها مێدیاکاندا دەنگدانەوەی زۆری لە کەوتووتەوە هەر بۆیە دەقی فارسی ئەو ڕۆمانە ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندان دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران.
لە درێژەی ڕاپۆرتی “ماڵی کوردی”دا هاتووە کە بێهرۆز بووچانی لە دوڕگەی مانۆسی ئۆسترالیا کە ماوەی ٦ ساڵ لەوێدا ژیاوە بیرەوەرییەکان و ئەزموونی ژیانی خۆی لە دەربەدەریدا لە ڕێگای “واتساپ”ەوە بۆ دەروەی دورگەی مانووس ناردوەو ئاکامەکەی بوو بە هۆی ئافراندنی ڕۆمانێکی بەهێز کە سەرنجی مێدیا و ماڵپەڕە جیهانییەکانی ڕاکێشا و تانەت خەڵاتی ئەدەبی “ڤیکتۆریا”ی پێ بەخشرا.
ئەگەرچی دەوڵەتی ئۆسترالیا ڕێگری کردو بەربەستی لەسەرڕێی بووچانی دانا، بەڵام لە ژێر گوشاری ڕاگەیاندنەکانی “گاردیەن” و واشینگتۆن_پۆست” ئاخیرەکەی بێهرۆز بووچانی پاش ٦ ساڵ لە دورگەی مانووس ڕزگاری بوو.
جێیئاماژەیە کە بەشێک لە نووسەران و ڕەخنەگرانی جیهانی ، ڕۆمانی “هیچ دۆستێک نیە بۆ کوردەکان جگە لە چیاکان” بە وردی لایەنە ئەدەبی و زمانەوانی و هونەریی ڕۆمانەکەیان هەڵسەنگاندوەو بە دەقێکی گرینگ و ڕۆمانێکی بەهێز لە قەڵەمیان داوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە دەقی کوردییەکی ئەو ڕۆمانە لە ژێرناوی” هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان” بە وەرگێڕانی دوکتور هاشم ئەحمەدزادە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی لە لایەن وەشانگەی “غەزەڵنووس” لە شاری سلێمانی بڵاوکرایەوە.