Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی رێبه‌ندانی ۱۳۹۸ | 17/02/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

هەڵبژاردنەکانی مجلیسی شووڕای ڕێژیم و دەرکەوتەکانی

15/02/2020 | 11:12:22
+A
-A
ڕەزا محەممەدئەمینی

ڕۆژی دووی ڕەشەممە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسیی شووڕای ئیسلامیی ڕێژیم و هەروەها هەڵبژاردنی نێوان‌دەورەیی، مجلیسی بەناو خیبرەگان لە پێنج پارێزگای ئێران بەڕێوە دەچێ.
ئەو هەڵبژاردنە ڕواڵەتییە، بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیم گەلێک گرینگە و دوو باڵی دەسەڵاتدار سەرەڕای ناکۆکیی قووڵیان لەسەر زۆر سیاسەت و کردەوە و تەنانەت شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات و چۆنییەتی پاراستنی نیزامە گەندەڵەکەیان، هاوڕان لەسەر بەشداریپێکردنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و بەهەمووشێوەیەک خەڵکی هان دەدەن بەشداری بکەن لەو هەڵبژاردنەدا. ئەوە لەحالێکدایە شووڕای نیگەهبانی ڕێژیم کە پێکهاتوو لە شەش ئاخوندی دەسنیشانکراوی خامنەیی و شەش مافناسی هەڵبژێردراوی مەجلیسی شووڕای ئیسلامییە کە لەودا باڵی تووندڕەوی دەسەڵات باڵادەستە، شیاوی زۆرینەی ڕێفۆرمیستەکانی ڕەدکردووەتەوە و وەک دەڵێن قەڵتووبڕی کردوون. تەنانەت شووڕای نیگەهبانی ڕێژیم شیاوی ٩٠ کەس لە نوێنەرانی ئێستای مەجلیسی بۆ کاندیداتۆری و نوێنەرایەتی بۆ مەجلیسی داهاتوو ڕەد کردووەتەوە کە لە نێویاندا کەسانی بەرچاوی وەک عەلی موتەهەری و مەحموودی سادقی و ئەلیاسی حەزرەتی دەبیندرێن.
بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە بۆ ڕێژیم لەتەواویەتی خۆیدا ئاوا تەنگەتاو بووە و بە پاڕانەوە داوا لەخەڵکی دەکا کە لە هەڵبژاردندا بەشدار بن؟ بۆ خامنەیی بە پاڕانەوە و ڵاڵانەوە ڕوو لە گەلانی ئێران دەکا و دەڵێ ئەگەر موخالیفی منیشن بۆ پاراستنی کەرامەت و گەورەیی نیزام وەرن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن؟ بۆ ڕووحانی و چاکسازیخوازانی حکوومەتی دێن و سەرەڕای رەدکردنەوەی شیاوی زۆرینەی سیما ناسراوەکانیان دیسان تێدەکۆشن کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ بەشداری پێکردن لەو هەڵبژاردنە ڕواڵەتییە ڕاکێشن. هەڵبژاردنێک کە ئاکامەکەی هیچ شتێک لە کێشەکان ناگۆڕێ و هیچ ئاکامێکی بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران نییە.
لەڕاستیدا دەسەڵاتی نیگریسی کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە ڕاکێشانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، بە بیرورای خەڵکی ئێران و جیهان بڵێ، ئەوانەی لە بەفرانباری ٩٦ لە زیاتر لە سەد شاری گەورەو بچووکی ئێران هاتنە سەرشەقامەکان و درووشمیان دژی خامنەیی و هەردوو باڵی دەسەڵات دەدا، خەڵک نین، بەڵکوو خەڵکانێکی هەڵخەڵەتێندرا و سەر بە بێگانە و دووژمنانی بەناو نیزامی “مووقەددەسی” کۆماری ئیسلامین و خەڵکی ئێران ئەو کەسانەن کە دێنە سەر سندووقی دەنگدان. لە ڕوانگەی خامنەیی و مافیای دەسەڵات خەڵکی ئێران سەرکوتکەرانی جینایەتکاری ڕێژیمن کە بێبە‌زەیانە زیاتر لە هەزاروپێنسەد کەسیان لە خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیم کوشت و هەزارانیان لێ بریندار کردن و هەزارانی دیکەشیان لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئاخنی و ئەشکەنجەیان دان. ئەوانە خەڵکن کە گوێڕایەڵی کۆماری ئیسلامین و دەنگی ناڕەزایەتی بەرز ناکەنەوە و بەپێچەوانەوە، هەر کەس نەیاریان بێ، تەنانەت ئەگەر دەیان میلیۆن لە کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیش بن، لە ڕوانگەی خامنەییەوە خەڵک نین و دەبێ سەرکوت بکرێن.
لەوەها دۆخێکدا کە هەروەک گوترا ئەوهەڵبژاردنە هیچ قازانجێکی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نییە و تەنیا ڕەوایی دەدا بە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دیکتاتۆڕی کۆماری ئیسلامی و سیاسەت و کردەوە دژی‌گەلییەکانی، بۆ گەلانی ئێران دەبێ بەشداری تێدا بکەن؟ بۆ دەبێ کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە چل ساڵەی وەک مۆتەکە کەوتووەتە سەر ژیان و چارەنووسی گەلانی ئێران، درێژە بە جینایەت و خیانەت و کردوە قێزەونەکانی لەنێو خۆی وڵات بدا و گەلانی ئێرانیش بچن دەنگ بە کەسانێک بدەن کە ئەگەر تەنانەت خوازیاری خزمەت بە خەڵکیش بن ، هەر ئەو ڕێبەرە دیکتاتۆرە و مافیای سپای پاسداران و شووڕای نیگەهبان و دەیان ناوەند و ئۆرگانی سەر بە باڵی زاڵ بەسەر دەسەڵات دمکوتی بکەن؟
کۆماری ئیسلامی ئێران لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو کارنامەیەکی ڕەشی لەهەموو بوارەکاندا لەخۆی تۆمار کردووە و نیشانی داوە نیزامێکی گەندەڵ و دژی‌گەلییە و هیچ گۆڕانێکی ئەرێنی لەو نیزامەدا چاوەڕوان ناکرێ. لەوماوەیەدا ئابووری وڵات بەتەواوی داتەپیوە و کرێکاران و چین و توێژەکانی هەژاری وڵات هەتا هاتووە هەژارتربوون و ئێستا زیاتر لە ٦٠ میلیون کەس لە خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و نیزیکەی ١٠ میلیۆنیش کەوتوونەتە ژێر هێڵی برسییەتی و ئەمنییەتی ژەمە نانێکیان نییە. بۆسەلماندنی ئەو ڕاستییە، دەکرێ ئاوڕێک لە کارتۆن‌خەو وگۆڕخەوکان و ئەو ژن و منداڵ و مێرمنداڵە کچ و کوڕانە بدەینەوە کە بۆ پەیداکردنی پاروەنانێک ناچارن لە شەقام و کۆڵان و مەیدانەکاندا سواڵکەری دەکەن.
بارو دۆخی ژنان و چالاکانی مەدەنی بوارە کۆمەڵایەتی و سینفییەکانیش لەوە باشتر نییە و کۆماری ئیسلامی هەرچەشنە چالاکییەکی مەدەنی سەرکوت دەکا و دەزگای بێدادی ڕێژیم بەندیخانەکانی لەئازادیخوازان ئاخنیوە و سزای توندیان بەسەردادەسەپێنێ. رۆژنییە هەواڵی دەسبەسەرکران و کوژران و لەسێدارەدران لە ئێراندا بڵاو نەبێتەو و لەو سۆنگەیەوە ڕێکخرەوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ هەموو ساڵی ئەوە ڕێژیمە و کردەوەکانی مەحکووم دەکەن و هەتا ئێستا هیچ ساڵێک نەبووە شووڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی پارێزەری مافی مرۆڤ ئەو ڕێژیمە لەمەڕ لەژێرپێنانی تووندی مافی گەلانی ئێران مەحکووم نەکەن.
بەگشتی ئێران بووەتە زیندانی گەلانی ئێران و لەوبەینەدا گەلی کوردیش پشکی شێری بەسەردا سەپاوە. هەربۆیەش چاوەڕوان دەکرێ لەو بەناو هەڵبژاردنەی مەجلیسی ڕێژیم لە ڕەشەمەدا گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد کەمترین بەشدارییان هەبێ و بە نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لەلایەک هەوڵ و کۆششەکانی دەسەڵاتداران بۆ ڕاکێشانی خەڵکی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا پووچەڵ بکەنەوە و لەلایەکی دیکەش “نا”یەکی گەورە بڵێن بە تەواویەتی کۆماری ئیسلامی.