لاوێکی کوردی خەڵکی ورمێ بەهۆی هەڵگرتنی پلاکاردێکی دژ بە هەڵبژاردنەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ورمێ بە ناوی “ئازاد عەزیزی” کوڕی “عومەر”، بەهۆی هەڵگرتنی پلاکاردێک کە لە سەری نووسرابوو، “من دەنگ نادەم” لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
جێی ئاماژەیە، ئەم لاوە کوردە لەو پلاکاردەی کە بە دەستیەوە بووە، بە هەردوو زمانی “کوردی و ئازەری” لە سەری نووسرابوو “من دەنگ نادەم” ، و دەسبەجێ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێت و پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان لە ناوەندە قەزایی و ئەمنییەتییەکان هەوڵەکەیان بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە،ئەم لاوە کوردە پێشتریش لە ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم” بۆ ماوی دە ڕۆژ لە گرتوخانەی ورمێ دەسبەسەر کرابوو.
وەک ئاگادارین بەرەبەرە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران نزیک دەبینەوەو ناڕەزایەتییەکان لە پێوەندی لەگەڵ دەسەڵات بە هۆکاری خراپی بارودۆخی ژیانی خەڵک و سیستم و یاسایەکی دژە خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایەو خەڵکی ئێران و بە تایبەت کوردستان خوازیاری هاتنە سەر حوکمی دەسەڵاتێکن کە بتوانێ لە بەرژوەندییەکانی خەڵک دابێت، بۆیە خەڵکی ناڕازای لەو دەسەڵاتە لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دژی ئەو دەسەڵاتە دەوەستنەوە.