سمینارێک لەژێر ناوی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی و لێکەوتەکانی وبارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان و داهاتووی ناوچەکە بۆ بەڕێز کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی چالاکییەکانیدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٩٨ی هەتاوی سمینارێکی لەژێر ناونیشانی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی و لێکەوتەکانی وبارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان و داهاتووی ناوچەکە بۆ بەڕێز کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب بە بەشداریی ئەندامانی تەشکیلاتی ئاشکرا لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەڕێوەبرد.
کەماڵ کەریمی لە پاش ئاوڕدانەوەیەکی پوخت لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانەی کورد بە تایبەت لە سمایل ئاغا(سمکۆی شکاک) و کۆمەڵەی ژێکاف و دەسپێکی قۆناغێکی خەباتی پێشکەوتوو لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدەوە و نییەتی دەسەڵاتدارە ناوەندگەرا و توتالیتێرەکانەوە تاکوو شۆڕشی گەلانی ئێران، باسی لە قۆناخ و لێکەوتەکانی ئەو مێژووە کرد.
کەماڵ کەریمی لە بەشێکی وتەکانیدا وتی: “قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و کەڵکی نابەجێ و ناڕەوا وەرگرتنی ئاخوندەکان لە هەست و بیروڕای مەزهەبیی خەڵکی شیعە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە شەڕخوازانەکانی خۆی لە هەر کوێی ئێران و تەنانەت ناوچەکەشدا و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە قودس و کەربەلا وکێشە نانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ وەکوو عێراق و عەرەبستان و هەڕەشە لە ئیسراییل و هەروەها گەڕانەوەی ئەو هەموو کێشە و ئاژاوە پاش ٤١ ساڵ بۆ بەرۆکی خودی کۆماری ئیسلامی و لەدەستدانی ڕەوایەتیی ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران، ماهییەتی ئەو ڕێژیمەی بۆ هەموو لایەک دەرخست.
کەریمی لە درێژەی وتەکانیدا هاتەسەر باسی کوردستان پاش شۆڕشی ٥٧ وباسی قۆناغە جیاجیاکانی خەباتیکرد کە بزووتنەوەی کورد و بە تایبەت حیزبی دێموکرات توانیویەتی سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکان ئەم دەورانە تێپەڕێنی و زیاتر لە جاران ببێتە خۆشەویستی خەڵکی کوردستان.
کاک کەماڵ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرەڕای ئیمکانات و کەرەسەی سەربازی زۆر و زەوەند کە کۆماری ئیسلامی هەیبوو، هەروەها سەرەڕای هێزێکی سەدو پەنجا هەزارکەسیی ڕێژیم کە هێرشیانکردە سەر کوردستان و، هیزە کوردستانییەکان بە چەند هەزار کەسەوە و بە چەک وچۆڵی سنووردار و کەمەوە توانیان زەربەیەکی وا لە کۆماری ئیسلامی بدەن کە بە وتەی یەکێک لە فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم ڕێژیمە لە کوردستان زیاتر زەربەی وێکەوت و زیانی پێگەیشتوە تاکوو شەڕی ئیران و عێراق و هەر ئەو فەرماندەیە لە شەڕی کوردستاندا باس لەوە دەکا کە زیاتر لە ١٢٥ هەزار کوژراویان هەبووە.
هەروەها بەڕێزیان ئاماژەیان بە هەلومەرجی ئێستای ئێران و کوردستان و ناوچەکە کرد و جەختیان لە بەهێزبوون و خۆ ڕێکخستن وخۆ ئامادە کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ هەر ئەگەر و هەلومەرج و بارودۆخێک کردەوە.
پاشان ئامانجی زیبایی بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند ڕێنمایی و بەرنامە و پلانێکی حیزبی بۆ ئامادەبوان شیکردەوە و سمینارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامدانەوەی بەرپرسانی حیزبی کۆتایی هات.