ئیدرارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ دانپێدانانی زۆرەملی سێ چالاکوانی کوردی خەڵکی شاری دێولان کە سەر بە یەک بنەماڵەن خستووەتە ژێر گوشارەوە.
دوای تێپەڕینی مانگێک بەسەر دەسبەرکرانی ئەو سێ چالاکە مەدەنییە، بە ناوەکانی ”ئازاد عەباسی“، ”سیرووس عەباسی“ و هاوژینەکەی بە ناوی ”فەریدە وەیسی“ تا ئێستا دەسبەسەرن و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان لە ژێر گوشاردان.
ئەو سێ چالاکوانە کوردە کە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و لە ژێر گوشاردا هەوڵدەدرێت بە زۆرەملی دان بنێن بە هاوکاری کردنیان لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان.
بەپێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتوە، ناوەندە ئەمنییەتیەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆریان داون، هەروەها ئەو تۆمەتانەشیان بە بێ بنەما لە قەڵەم داوەو ڕەتیان کردۆتەوە کە هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ حیزبە کوردیەکان هەبووبێ .
فەریدە وەیسی و هاوژینەکەی سیروس عەباسی دوو چالاکی مەدەنی بوون کە لە بواری ئاموزشی و پەروەردەییدا چالاکییان کردووە و هیچ کارێکی نایاساییان نەکردوە و خوازیاری ئەوەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤ پشتیوانیان لێ بکەن.
جێی بیرهێنانەوەیە، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بەفرانبار، هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردە سەر ناوەندی فێرکاریی “زانست” و سیروس عەباسی و هاوژینەکەیان بە ناوی فەریدە وەیسی دەسبەسەر کرد.
شایانی باسە، سیروس عەباسی پێشتریش لە ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، بە هۆکاری رەخنە گرتن لە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کراو دوای چوار ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
لە لایەکی دیکەوە، ئازاد عەباسی کە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی سیروس عەباسی برای و فەریدە وەیسی هەمان ڕۆژ سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردبوو دەسبەسەر کرا.
ناوبراو دامەزرێنەری ئەنجومەنی “شەیدا”ی سەوزی دێولانە و چەندین چالاکی بۆ خزمەت کردن بەو ناوچەیە کردوەو، یەکێک لە کارەکانی ٤ ساڵ پێش کەمپەینێکی بۆ ڕزگارکردنی کانی بڵ بەڕێوەبردوو بۆ پاراستنی مانی لە خواردن گرت.