سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانیی عێراقی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە کاروباری نێوخۆیی عێراق مەحکووم کرد.
ئەیاد عەللاویی سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقی لەسەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆی عێراق هاتە دەنگ و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ خەونەکانی لە عێراق بێنێتە دی. ناوبراو کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هێڵە سوورەکانی بەزاندووە و ڕایگەیاند کە عێراق لە قەبارەی خەونەکانی کۆماری ئیسلامی گەورەترە.
عەللاوی داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە پێبەندی پرێنسیپەکانی دراوسێیەتی بێ و دەست لە کاروباری نێوخۆی عێراق وەرنەدات، چونکە ئەم کردەوانە دەبنە هۆی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا.
عەللاوی لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداریی داوەتە کۆماری ئیسلامی و دەڵێ ناتوانێ لە عێراق خەونە فراوانخوازییەکانی بەدی بێنی.
ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەیاد عەللاوی لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە عەلی ئەكبەر ویلایەتی، ڕاوێژكاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندبوو، دەبێ محەمەد تۆفیق عەللاوی متمانە بەدەستبێنێ و تاران ، بەغدا ، دیمەشق ، بەیروت و فەلەستین هاوپەیمانەتییەک دژی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێکبێنن.