لە پارێزگای “وان”ی باکووری کوردستان ١٣ کۆچبەر بەهۆی بەفر و سەرماوە گیانیان لەدەستدا.
پارێزگاری وان-ی باکوری کوردستان ڕایگەیاند، لە شارۆچکەی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگاکە ١٣ کۆچبەر بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
ناوبراو ڕایگەیاند، ژمارەیەک کۆچبەر کە لە وڵاتی ئێرانەوە بەرەو تورکیە وەڕێکەوتوون، لە شارۆچکەی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگاری وان بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە و کەوتوونەتە ژێر بەفرەوە.
ئاماژەی بەوەش کردوە، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و بەردەوامبونی بەفربارین گەیشتنیان بەو ناوچەیە سەخت و زەحمەتە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە دەیان ساڵە بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، خەڵکی بێزار لەو دۆخە داسەپاوە، ڕوو لە هەندەران دەکەن و سەدان کەس لەو ڕێگەیەدا بەهۆی بەفر و سەرما، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیە یا لە دەریاکاندا ژێر ئاوبوون و گیانیان لەدەستداوە.