سەرۆکی ئەمریکا”دۆناڵد ترامپ” دادگاییکردنەکەی لە ئەنجومەنی سێنا بردەوە و ئەنجومەنەکە لە دوو دەنگدانی جودادا بڕیاری دا ترامپ لەو دوو تۆمەتەی ئاراستەی کرابوون بێ تاوانە.
ترامپ تۆمەتبارکرابوو بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کۆسپ خستنە بەردەم کارەکانی کۆنگرێس. لە ١٨ ی مانگی ژانوویەی ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە زۆربەی ئەندامەکانی دێموکراتن دەنگی دا لە بەرژەوەندی لەکارلابردنی دۆناڵد ترامپ، بەڵام ئەنجومەنی سێنای زۆرینە کۆماری بە پێچەوانەوە دەنگی دا لە بەرژوەندی ترامپ و بێتاوان دەرخستنی لە هەردوو تۆمەتەکە.
سێناتۆرەکانی ئەنجومەنی سێنا بە ٥٢ دەنگ بەرامبەر ٤٨ دەنگ لە بەرژوەندی بێتاوانیی دۆناڵد ترامپ دەنگیاندا لەسەر تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. تەنیا سێناتۆر میت ڕامنی کۆماری لەگەڵ هەموو سێناتۆرە دێموکراتەکان لە بەرژوەندیی تۆمەتبارکردنی سەرۆککۆماری ئەمریکا بەم تۆمەتە دەنگی دا.
سەبارەت بە تۆمەتەکەی دیکە کە ئەویش کۆسپ خستنە بەردەم کارەکانی کۆنگرێس بوو، ئەنجومەن بە 53٥٣ دەنگ بەرامبەر ٤٧ دەنگ لە بەرژەوەندی بێتاوانی ترامپ دەنگی دا ، بەڵام سیناتۆر میت ڕامنی لەم دەنگدانەدا لە بەرژەوەندی سەرۆک ترامپ دەنگی دا. هیچ کام لە سێناتۆرە دێموکراتەکان لە بەرژەوەندی ترامپ دەنگیان نەدا.
بەپـێی دەستوری ئەمریکا دەبێ دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی سێنا دەنگ لە دژی سەرۆککۆمار بدا تاوەکوو بە تاوانبار دابنرێت، واتە لانیکەم ٦٧ سێناتۆر لە کۆی ١٠٠ سێناتۆرەکە دەنگ لە دژی سەرۆککۆمار بدەن.