Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۲ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 12/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

ئێران لە دوای ٤١ ساڵ لە شۆڕشی ئیسلامی

05/02/2020 | 10:54:50
+A
-A
کەماڵ کەریمی

٤١ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەنداندا دەسەڵاتی  حەمەڕەزاشا و تەمەنی حکوومەتەکەی لە دوای ٣٧ ساڵ دەسەڵاتداری بەسەر ئێراندا، بە هۆی ڕاپەڕینی هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ئێران کۆتایی پێهات. ئێران لە سەردەمی ڕێژیمی شادا لە دنیای دەرەوەدا، بە وڵاتێکی سەقامگرتوو، پێشکەوتوو و بەهێز لە ناوچەدا چاو لێدەکرا. ئەمریکا و ئورووپا لە کێبەرکێی نێودەوڵەتیدا گرینگیی تایبەتیان پێدەدا، ئابووریی ڕوو لە گەشەی وڵات بە پشتبەستن بە  پیشەسازیی نەوت و پەرەسەندنی پێوەندیی سەرمایەداریی ئێران و جیهان لە لایەک و خۆ پڕچەککردنی ئەرتەش بە چەکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو، ئێرانیان کردبوە قوتبێکی گرینگی پاراستنی هاوسەنگی لە ناوچەدا و ئەمانە ئەگەر بەستراوەیی شای بە بەرەی سەرمایەداریی جیهانییەوە بە دواوە بوو، ئێرانی خستبوە سەر ڕێگەی گەشەسەندن و پێشکەوتن.

لە ئێرانی سەردەمی شادا ئەگەر جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ناوەندی شارە گەورەکان و ناوچە بەرفراوانەکانی دیکەی وڵاتدا هەبوو، بەڵام لەو ناوەندانەدا بیری ژیانێکی پێشکەوتووانە جێ کەوتبوو. ئەگەر بە هۆی چاوچنۆکیی سەرمایەداریی تازە پێگەیشتوو مەودای …چینایەتی، ڕوو لە زیادبوون بوو و چینی هەژاری قەراغ شارەکان و ناوچە دووردەستەکان زۆرتر بوون لەوانەی لەم پێشکەوتنە کەلکیان وەردەگرت، لەو لاشەوە چینی مامناوەند شکڵی گرتبوو و بە کەلکوەرگرتن لە ئیمکانات و کەرەسەکانی پێویستی گەشەی سەرمایەداری، شاعیران و نووسەرانی دەروەست، مامۆستایان و خوێندکارانی زانستگە، ناوەندە زانستی و کولتوورییەکانیان کردبوە سەنگەری خەبات بۆ بەرەو پێش بردنی خەبات و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد. لەو سەردەمدا ئەگەر هەوڵ بۆ بەربەست کردنی ئازادییە سیاسییەکان بەردەوام بوو، بەڵام بە تایبەت لە شارەکاندا تا ڕادەیەک، ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و ئازادژیان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە بە پێی یاساکانی وڵات پارێزراو بوو.

٤١ ساڵ لەمەوبەر لە بواری ئابوورییەوە، ئێران وڵاتێکی گەشەسەندوو بوو و کێبەرکێی لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتووی سەنعەتی دەکرد. ئەوکات لەبەر ئەوەی ئەم گەشەسەندنە نەخرایە بواری خزمەت بە چینە هەژار و کەم‌داهاتەکان و ناوچە بێبەشەکان و، لە لایەکی دیکەشەوە بەربەست لەسەر هەر چەشنە تێکۆشانێکی سیاسی دادەنرا و، بوونی ئازادی و دێموکراسی کرابوونە قوربانیی سات و سەودای بازرگانیی نێوان دنیای سەرمایەداری، ڕێژیمی پاشایەتی کەوتە بەر ڕق و بێزاریی خەڵکی ئێران و دەسەڵاتەکەیان تێکەوە پێچرا. ئەوکات خەڵک بە نیازی گەیشتن بە ئارەزووەکانیان کە هەڵمژینی بۆنی ئازادی و ڕزگاربوونیان لە چەوساندنەوە و هەژاری بوو، ملیان دا بە وەدواکەوتن بە دروشمە درۆیینەکانی کەسێکی وەک ئایەتوڵڵا خومەینی کە دوای ٢٥ ساڵ دوورخراوەیی گەڕایەوە ئێران و بەسەر شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بوو بە ڕێبەر و دواتر کۆماری ئیسلامیی بۆ دامەزراندن.

ئێستا دوای ٤١ ساڵ لە گۆڕانی دەسەڵاتی پاشایەتی بە کۆماری، ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی ئێران بدەینەوە، دەبینین ئەم وڵاتە لە ماوەی ئەو ٤ دەیەدا چەندە لە قەرا پێشکەوتنەکانی وڵاتانی دیکە ئەگەر تەنیا چاو لە وڵاتانی هاوسێی بکەینەوە بەرەو پاش گەڕاوەتەوە. لەم ساڵانەدا ئابووریی ڕوو لە گەشەی پێشوو ڕووی لە دابەزین کردوە. پەککەوتنی سەنعەت، کەمبوونەوەی بەرهەمە کشت و کاڵییەکان و دابەزینی بێ‌سنووری نرخی پووڵی وڵات و لەژێر کاریگەریی ئەوانەدا، هاتنەخوارەوەی ئاستی ئاڵووێری بازرگانیی دەرەوە و کردنی ئێران بە بازاڕێکی مەسرەفی و پەرەگرتنی هەژاری و هاتنەخواری ئاستی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، دەری‌دەخەن کە بەرنامەکانی ڕێژیمی ئیسلامی چۆن ئێرانیان بەرەو وێرانی پاڵ پێوەناوە. جگە لەمەش شوێنەواری ئەم وەزعە نالەبارە ئابوورییە و ڕوانگەی کۆنەپەرستانە و دژە مرۆڤانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ماف و ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک، کۆمەڵگەی ئێرانی هەتا ئاستی لێکترازان بردوە و بووەتە هۆکاری پەرەگرتنی نەخۆشی و پەتای جۆراوجۆر لەنێو کۆمەڵدا.

زیادبوونی نەخوێندەواری بە تایبەت لە ناوچە دووردەست و هەژارەکاندا، پەرەگرتنی بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان، چوونەسەری ڕێژەی تەڵاق و لێکهەڵوەشانی بنەماڵەکان و دزی و کوشتن و فەسادی ئەخلاقی، بەشێکن لەو ماڵوێرانییەی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا هاتوە. بەڵایەک کە نە تەنیا ڕێژیم هیچ بیرکردنەوەیەکی بۆ چارەسەرییان نییە بەڵکوو بۆ خۆیان هۆکاری بڵاوبوونەوەیانن.

لە بواری دابینکردنی ئازادییەکان و پەرەپێدانی دێموکراسی لە ئێراندا، کە بێگومان ئەگەر ڕێژیمی شا بیرکردنەوەیەکی دروست و سەردەمیانەی بۆ پێشکەوتن هەبایە و تێگەیشتن لەوەی کە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، گەشەی ئابووری بە کردنەوەی فەزای سیاسی و ڕێخۆشکردن بۆ گەشەی سیاسی و، پەیڕەوکردنی ڕێبازی دێموکراسی بۆ دەسەڵاتداری دەیتوانی ڕێگەی خۆشبژیویی هەموو دانیشتووانی وڵات و دابینکردنی داهاتوویەکی باشی بە دواوە بێ، ڕەنگە تووشی ئەو چارەنووسە نەبایە. بەڵام هەرچەند کە شا لەگەڵ بیری ئازادی و دێموکراسی بە مانای بەشداری پێکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک لە ئیدارە و بەڕێوەبەریی وڵاتدا ڕێک نەدەکەوت، لانی‌کەمی ئازادی بۆ شێوەی ژیانی ئینسانەکان لەبەرچاو دەگرت.

کۆمەڵە ماف و ئازادییەک کە دوای ٤١ ساڵ خەڵکی بێبەش لە هەموو مافەکانیان دێنێتە سەر شەقام و تازە دەیانەوێ ئەو مافانەی کە کۆماری ئیسلامی، سەرەتا بە کەلکوەرگرتن لە هەستی شۆڕشگێڕی و ئایینیی خەڵک و دواتر بە زەبر و زۆر و سەرکوت لێی زەوت کردوون، وەربگرنەوە. خەڵکی ئێران لە دوای ئەو هەموو ساڵە ئیتر نایانەوێ سەر بۆ دەسەڵاتی ملهوڕانەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی شۆڕ بکەن و لەوە زیاتر ببنە سووتمانی سیاسەتەکانیان کە جگە لە دواکەوتوویی و ماڵوێرانی، شتێکی دیکەیان لێ نەدیتوە. ئەو خەڵکە باوەڕیان بە جیاوازی ڕەگەزی و بەزۆر داپۆشینی ژنان نییە. ئەوان بە دوای دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی تاکەکانەوەن. چینە هەژارەکانی ئێران ئاوەدانی و پێشکەوتنی ئابوورییان بۆ خزمەتکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەوێ، نەک برسی‌کردنی زۆربەی خەڵک لە پێناو تێرکردنی کۆمەڵێک مشەخۆری دەسەڵاتدار.

جگە لەم وەزعە نالەبارەی نێوخۆ، لەم ماوەدا سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێرانی کردوەتە وڵاتێکی پەراوێزخراو لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و، لەنێو وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتیشدا کۆماری ئیسلامی بە ڕێژیمێکی شەڕفرۆش و ئاژاوەگێڕ ناسراوە کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دەدا و، بەڕێوەبەرانی ئەم سیاسەتەش نە تەنیا حاشایان لەم کارە دزێوانە پێ ناکرێ بەڵکوو جاربەجاریش شانازیی پێوە دەکەن و هەڕەشە لەو وڵاتانە دەکەن.

هەربۆیە ئێستا خەڵک بۆ گێڕانەوەی ئێران بۆ سەردەمی پێشکەوتنی ئابووری و دابینکردنی ئازادی لە پێناو دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکدا خەبات دەکا. ئەوان دەزانن کە ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە زۆر و درۆ لێی ئەستاندوون دەبێ بە خەبات و خۆڕاگری و، بە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی بە دەستی بێننەوە و؛ لەم ساڵانەدا دەریان خستوە کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە لە گیانی خۆیشیان درێغی ناکەن.