Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۲ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 12/08/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

کۆماری کوردستان و دەرەنجامەکانی

05/02/2020 | 10:41:19
+A
-A
حوسێن بەخشی

کۆماری کوردستان سەرەڕای تەمەنی کورتی، دەستکەوتە مێژووییەکانی، هەروەها تێکچوون و ئاکامەکانی، یەکێک لە دیاردە هەرە دەگمەن و گرینگەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمانە.
دووی ڕێبەندانی ئەمساڵ ٧٤ ساڵ، بە سەر دامەزرانی یەکەم دەوڵەتی مۆدێڕنی کورد واتە، کۆماری کوردستان، تێپەڕ دەبێ. بۆ یەکەم جار لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی جووڵانەوەی کورد لە پێناو ڕزگاری و بە دەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیدا، سیستمێکی نوێی حوکمڕانی لە چوارچێوەی جوغرافیایەکی بەرتەسکدا دادەمەزرێ.
ئەو پاشخانە فکری و کۆمەڵایەتییانەی کە کۆماری لێ بەرهەم هات دەکرێ لە دوو ڕەهەندەوە تاوتوێ بکرێن. یەکەم هەلومەرجی نێوخۆ واتە سەرهەڵدانی شوناسخوازانە، ئیرادە و ویستی نەتەوەیەکی وەزاڵە هاتوو لە چنگ داگیرکاری و کۆیلەتی لە پێناو گەڕاندنەوەی سەروەریی نەتەوەیی. دووهەم، ئەو دەرفەتەی کە لە ئەنجامی ڕووداوە دەرەکییەکاندا بۆ دەربڕین و بە کردەیی کردنی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک هاتە ئاراوە.
دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و تێکڕمانی ئیمپراتووریی عوسمانی، کورد یەک لەو دەگمەن نەتەوانە بوو کە نەک هەر نەیانهێشت ببێتە خاوەن دەوڵەت، بەڵکوو کردیان بە چوار بەش. دروستبوونی دەوڵەت–نەتەوەی فارس و تورک وعەرەب، لە سەر بەشێک لە خاکی کوردان، لەژێر ناوی یەک خاک، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و یەک زمان، بە یارمەتی و ئامۆژگاریی ئورووپاییەکان، بە تایبەت ئینگلیس و فەڕانسە، ڕێگای بۆ ژینۆسایدی فەرهەنگی و جەستەیی کورد زیاتر لە پێشوو خۆش کرد. بەم شێوە گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەولەت (پتر لە ٤٠ میلیۆن کەس) تووشی چارەنووسێکی کارەساتبار هات، کرا بە کۆلۆنیی دەوڵەتانی ناوچە و بوو بە سووتەمەنیی بەرژەوەندییەکانیان.
ڕەزاشا بە لاساکردنەوە لە ئاتاتورک لە ماوەی ٢٠ ساڵ دەسەڵاتداریدا، بە گرتنەبەری سیاسەتی قەڵاچۆکردن و تواندنەوەی کورد و نەتەوەکانی تر لە فەرهەنگی بەناو فارس/ئێرانیدا، بۆ یەکدەستکردنی وڵات لە لایەک، و لە لایەکی تر، پێوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری و سیخوڕییەکانی، لەگەڵ ئاڵمانی نازی کە بوو بە هۆی گوشاری هاوپەیمانان بۆ دوورخستنەوەی ئێران لە ئاڵمان و پێویستییان بۆ بەکار هێنانی ئێران وەک پردی پێوەندیی نێوان ئینگلیس و ئەمریکا و سۆڤیەت، بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتی بە یەکیەتیی سۆڤیەت، دەوڵەتی ناوەندتەوەری ئێرانی و دیکتاتۆریی ڕەزاشای تووشی ئاڵۆزی و قەیرانێکی گەورە کردبوو.
هاتنی هێزی هاوپەیمانان لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٩٤١ی زایینی (١٣٢٠ی هەتاوی) و جێگیربوونی هێزەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە باکووری ئێران و ئینگلیس و ئەمریکییەکان لە ڕۆژاوا و خوارووی ڕۆژاوا بوو بە هۆی شڵەژان و تێکچوونی باری تەناهی و دەرچوونی دەسەڵات لە دەستی ڕێژیمی پاشایەتی. ڕەزا شا دوور خرایەوە و ناچاریان کرد وڵات بەجێ بێڵێ.
لە مانگی سێپتامبری ١٩٤١دا فڕۆکەکانی ئەرتەشی سوور، سنووری ئێران دەبەزێنن و بە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بە هەر دوو زمانی کوردی و ئازەری، دەبنە هۆی پێکهێنانی پەشێوی و ئاڵۆزی دەنێو ئەرتەشدا و دامودەزگای حکوومەتی پەهلەوی لەو ناوچەیە لەبەریەک هەڵدەوەشێ.
لەو هەلومەرجەدا خەباتکاران و تێکۆشەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەو پاشخانە هزری و فکرییانەی کە لە جووڵانەوکانی پێشتری کوردستان هەیانبوو و هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ خەباتکارانی بەشەکانی تر، بە تایبەت باشووری کوردستان، بە کەلکوەرگرتن لە دەرفەتی پێکهاتوو خەریکی خۆ ڕێکخستن و پێکهێنانی دامەزراوەی سیاسیی خاوەن بەرنامە و ستراتێژی بە مەبەستی دابینکردنی ئامانج و خولیاکانی لەمێژینەی نەتەوەکەمان دەبن.
کاربەدەستانی سۆڤیەت لە نزیکەوە لەگەڵ مەسەلەی کورد ڕووبەڕوو دەبن. لە سەرەتاوە بە هۆی لە ئارادانەبوونی ڕێکخراوێکی سیاسی کە نوێنەرایەتیی کێشەی کورد بکا، سۆڤیەتییەکان لە ڕێگای ڕاسپاردەکانیانەوە، لە مانگی بەفرانباری ١٣٢٠ی هەتاویدا (١٩٤١) بە هۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان کورد و ئازەرییەکانی ناوچەی ورمێ و هێندێک شوێنی تر، ٣٠ کەس لە کەسانی ناسراوی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەرتەشی سۆڤیەت بۆ باکۆ بانگهێشت دەکەن، کە بریتی دەبن لە سەرۆک عەشیرە، شێخ و ئاغا و نوێنەری چین و توێژە نێونجییەکان، کە قازی محەممەد یەکێک لەوان دەبێ و، بەبێ ئەوەی باسی هیچ چەشنە بابەتێکی سیاسی بکەن، داوایان لێدەکەن ئارامیی ناوچەکە بپارێزن. دیارە ئینگلیسییەکانیش هەمان سیاسەتیان هەبووە. وەزیری کاروباری دەرەوەی سۆڤیەت مۆلۆتۆڤ، بە سەفیری بریتانیا ڕادەگەیەنێ کە لەو سەفەرەدا “هیچ چەشنە باسێکی سیاسی نەکراوە.”

کۆمەڵەی ژ.ک:
هاتنی هاوپەیمانان بوو بە هۆی لاوازی و کەمبوونەوەی تواناکانی دەوڵەتی ناوەندی، بە تایبەت لە ناوچەی موکریان و دەوروبەری، چەکێکی زۆر کەوتە دەست خەڵکەوە. بۆشایی سیاسی و نەبوونی ڕێکخراوەیەک کە هەم وڵامدەری خواستەکانی خەڵک بێ و هەم کۆنترۆڵی بەسەر بارودۆخەکەدا بێ، بەتەواوی هەست پێدەکرا. بە پێی هێندێک سەرچاوە، کۆمەڵەی ژ.ک لەو کاتەدا چالاکیی ئاشکرای نەبووە.
هەرچەند لە ساڵەکانی ١٩٣٦/١٩٣٧ ڕێکخراوەیەک بە ناوی “کۆمەڵەی ئازادیخوازیی کوردستان” لە لایەن عەزیز زەندی، حوسێن فرووهەر و چەند کەسی تر لە مەهاباد دامەزرابوو، جگە لە بەیاننامەیەک کە بە بۆنەی هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ئێران لەو کاتەدا بڵاویان کردۆتەوە، هیچ بەڵگەیەک لە کار و چالاکییەکانی دیار نییە. لە ساڵی ١٩٤١ بە هۆی ناکۆکی و جیاوازیی بۆچوون هەڵدەوەشێ و لە بری ئەو لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٩٤٢ کۆمەڵەی ژ.ک (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان) دادەمەزرێ.
ئەو ڕووداوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک یەکەم ئەزموونی کاری مۆدێڕنی سیاسی و رێکخراوەیی بە شێوەیەکی سەردەمیانە کارتێکەریی بەرچاوی لە ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوودا دەبێ. لەسەر دامەزرێنەرانی ژ.ک بیروڕای جیاواز هەیە. سەرجەم ١١ تا ١٣ کەس ناویان هاتووە کە لەوانە حوسێن فرووهەر و ڕەحمان زەبیحی ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە. حوسێن فرووهەر (حوسێن زێڕینگەران) سەرۆکی کۆمەڵە بووە.
بۆ یەکەم جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڤاری “نیشتمان” وەک “بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ.ک” لە پووشپەڕی ١٣٢٢ی هەتاوی (١٩٤٣) بڵاو بۆوە.
کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک له‌ یه‌که‌م ژماره‌ی “نیشتمان”دا به‌م جۆره‌ پێناسه‌ی بۆ کراوه‌ که‌: “کۆمەڵەی ژ،ک بە پێچەوانەی هەموو بەرهەڵست و قورت و چەڵەمەیەکی وەکوو دوژمنایەتیی خۆبەخۆ، دووبەرەکی و خۆخۆری، پووڵپەرستی و بێگانەدۆستی کە لە ڕێگای پێشکەوتنی کورددا هەیە، بە هەموو هێز و توانای خۆی تێدەکۆشێ تا زنجیر و کەڵەمەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی کورد داماڵێ و لەم کوردستانە لەتوکوتەی ئێستادا، کوردستانێکی گەورە و ڕێکوپێک بێنێتە بەرهەم، کە هەموو کوردێک بە سەربەستی تیا بژی.” ئەگەر بەکورتی سەرنج بدەینە ئەو چەند ڕستەیە، چۆنیەتیی بیرکردنەوە و ئامانجی ژ.ک‌ـمان بەڕوونی بۆ دەردەکەوێ. باسی ناکۆکییە نێوخۆییەکان دەکا، باسی پارچە، پارچەبوونی کوردستان و کوردستانی گەوەرە ده‌کا و هەروەها چەمکی نەتەوە بەکار دێنێ. واته‌ڕزگاریی کورد و کوردستان لەژێر داگیرکاری و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی. هەیئەتی ناوەندیی ژ.ک لە ڕاپۆرتێکدا بۆ مۆلۆتۆڤ، دەنووسێ: “ئامانجی حیزبی ئێمە تێکخستنەوەی هەموو پارچەکانی کوردستان و ئازادکردنی نەتەوەی کوردی ژێردەست و خزمەتکردن بە هەوڵدان و گەشەکردنی کۆمەڵی مرۆڤایەتی و شارستانیەتی گەلانی جیهانە.”
کۆمەڵەی ژ.ک. توانی لە ماوەیەکی کورتدا متمانەی کۆمەڵانی خەڵک بۆ لای بەرنامەکانی ڕاکێشێ و تەنانەت لە ناوچەکانی سەقز، سنە و کرماشان و لۆڕستان و … سەرەڕای بوونی هێزەکانی ئینگلیس و دامودەزگا حوکمییەکانی دەوڵەتی ناوەندی، جموجۆڵ و لایەنگری هەبووە.
لازارییێڤ لێکۆڵەری بە ناوبانگی ڕووس لە “کوردستان و پرسی کورد لە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٣/١٩٤٥دا کە لە لایەن بەڕێز مەنسوور سیدقی وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی، لە بڕگەیەکدا ئاوا باسی کۆمەڵەی ژ.ک دەکا:
“ کۆمەڵە پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ڕێکخراوە نەتەوەیی و نێشتمانپەروەرە کوردییەکانی وڵاتانی دیکەش پێکهێنابوو. بە تایبەت لە مانگی مارسی ١٩٤٤ لە شاری کەرکووک، نوێنەرانی “کۆمەڵە” ڕێککەوتنیان لەگەڵ حیزبی “هیوا” واژۆ کرد و لە هاوینی هەمان ساڵدا نوێنەرانی حیزبی هیوا سەردانی مەهابادیان کرد. هێندەی پێناچێ چالاکانی گەلێک لە ڕێکخراوە کوردییەکانی دیکەی عێراق، سووریە و تورکیە بۆ تاوتۆیکردنی خودموختاریی کورد خۆیان دەگەیێننە مەهاباد. لە مانگی ئووتی ١٩٤٤دا لە کوێستانی “داڵانپەڕ” لە سێکوچکەی سنووری نێوان ئێران، عێراق و تورکیە، نوێنەرانی کوردەکانی ئێران، قاسم قادری، شێخ عوبەیدوڵڵای زینۆ لە تورکیە و قازی مەلا وەهاب لە عێراق، کۆبوونەوە و ڕێکەوتننامەیەکیان بە ناوی “پەیمانی سێ سنوور” واژۆ کرد و لایەنەکان بەڵێنیان دا بۆ خەبات لە پێناو “کوردستانی مەزن” هەر چەشنە یارمەتییەکی چەکوچۆڵ و مرۆڤی بە یەکتر بکەن. بیرۆکەی دامەزراندنی کوردستانی مەزن بۆ یەکەم جار لە لایەن بەدرخانییەکان لە شاری “بەیرووت” واتە لە یەکەم ناوەندی “پانکوردیزم” سەری هەڵداوە. بەم شێوەیە کۆمەڵە بوو بە ڕێکخراوەیەکی ناسیۆنالیستی لە ئاست گشت کوردێکدا.”
سیاسەتی ژ.ک لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، سیاسەتێکی ژیرانە و سەربەخۆیانە و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا داڕێژرابوو. مامۆستا مەلا قادر مودەڕڕسی لەم بارەوە دەڵێ: “لە هەلومەرجی ئەو دەمدا ڕووس و ئینگلیس وەک دوو بەرداش وابوون و کوردیش وەک گەنم لە نێوانیاندا. جا بۆیە ئێمە ئەگەر تاریفێکمان لە یەکیان دەکرد، لە ژمارەی داهاتوودا قەرەبوومان دەکردەوە و باسی ئەوی دیکەمان دەکرد، بۆ ئەوەی کە ئەو دوو دەوڵەتە گەورە هیچیان وا نەزانن کە ئێمە سەربە یەکێک لەوانین و دوژمنی ئەوی تریانین.”
ئەوەش، نیشاندەری هزری سیاسی و مەنتقی دیپلۆماسیی ئەو سەردەمی بووە، بە واتایەکی تر پارسەنگی سیاسەتی دەرەوەیان بە شێوەیەکی ژیرانە ڕاگرتووە.
ئەو نموونانە دەیسەلمێنێ کە ژ.ک بە هێنانە ئارای گوتاری نەتەوەخوازانە بە شێوەی سەردەمیانە، ڕێڕەوی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردی خستە سەر هێڵی ڕاستەقینە و شوناسخوازانە.

درێژەی بابەت ل ٥
ئەندامەتیی قازی محەممەد لە کۆمەڵەی ژ.ک‌ـدا:
قازی محەممەد وەک سیمایەکی دیار و خۆشناو و هەروەها لێهاتوو ببووە جێی متمانەی خەڵک بوو و هەر لەو سۆنگەیەشەوە سەرنجی ڕووسەکانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. لە ئۆکتۆبری ١٩٤٤ی زایینی (١٣٢٣) لە لایەن کۆمەڵەوە داوای ئەندامەتیی لێدەکرێ و پاش ماوەیەکی کورت بە سەرۆکی کۆمەڵە دیاری دەکرێ.
باقرۆڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت لە کۆبوونەوەیەکدا، لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ١٣٢٤ داوا لە نوێنەرانی کورد بە سەرۆکایەتیی قازی محەممەد دەکا، هەتا کوردەکان کێشەی خۆیان لە چوارچێوەی ئازەربایجانی ئێران و لەگەڵ فرقەی دێموکرات چارەسەر بکەن. قازی محەممەد پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە “نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەی ئازەری بۆ بەدەستهێنانی مافی سروشتیی خۆی هەوڵ دەدا.” لەو کۆبوونەوەدا وێڕای بەڵێنی یارمەتیدان و پشتیوانی لە کوردان، داوای گۆڕینی ناوی کۆمەڵەی ژێکاف بە حیزبی دێموکراتی کوردستان دێتە گۆڕێ.
ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبری ١٩٤٥حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکەم کۆنگرەی خۆی بە بەشداریی نوێنەرانی ناوچە ئازادکراوەکان، دەگرێ و لەودا مەرامنامەیەکی ٢٢ خاڵی پەسەند دەکرێ و بە ناوی مەرامنامەی حیزبی دێموکرات بڵاو دەکرێتەوە. دەرەنجامی ئەو بڕیارانە کۆمەڵێک ڕەهەندی ناتەبای لێدەکەوێتەوە. بۆ نموونە لە لایەک داوای خودموختاری و چارەسەری لە ناوەند دەکا و لە لایەکی تر خۆی وەک حکوومەتێکی میللی پێناسە دەکا و سیاسەتی دەرەکی و پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ دەوڵەتان بە ئەرکی خۆی دەزانێ.
ئەو پەسەندکراوە لە لایەک ڕەنگدانەوەی باری کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی داسەپاو و ناڕوونیی سیاسی و گوشاری نێوخۆ و دەرەکی و لە لایەکی تر تابلۆی ویست و داخوازییە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەتە کە بە شوێن دابینکردنی سەروەریی سیاسی‌دایە.
لە نوامبری ١٩٤٥ چاپخانەی کوردستان لە مەهاباد دەستی بە کار کرد. “گۆڤاری کوردستان” “بڵاوکراوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستان” لە لاپەڕەی ١١ی ژمارە یەکی خۆیدا کە ڕۆژی ٦ی دێسامبری ١٩٤٥(سەرماوەزی ١٣٢٤) دەرچووە لەژێر ناونیشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا نووسیویەتی: “لە دوای ئەوە لە هەوەڵی مانگی خەزەڵوەر (آبان)ـی ١٣٢٤ حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەهاباد دانرا و بەیاننامەی خۆی بڵاو کردەوە، لە ڕۆژی ٢/٨/١٣٢٤ هەوەڵ کۆنگرەی خۆی کە تێکەڵ بوو لە سەران و نوێنەرانی کوردان بە تەرتیبی ژێرۆ […]
٢٥ی دێسامبری ١٩٤٥ ئینگلیس و ئەمریکا و یەکیەتیی سۆڤیەت، کۆمیسیۆنی سێ لایەنە لەسەر ئێران پێک دێنن. لە یەکێک لە خاڵەکاندا، جەخت لەسەر پاراستنی تەواویەتی خاکی ئێران و ڕێزلێنان لە دەسەڵاتدارییەتی و سەربەخۆیی سیاسیی ئێران دەکرێتەوە.
ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد و لەژێر ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستان قازی محەممەد وەک یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان، لە وتارێکی مێژووییدا، دامەزراندنی یەکەم کۆماری دێموکراتیکی کوردستان ڕادەگەیەنێ و لە کاتی سوێندخواردندا بەڵێنی دا بە “خوێن و گیان و ماڵ لە ڕێێ سەربەخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستاندا تێبکۆشێ.” هەرواش بوو. بەم چەشنە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خەباتی نەپساوە و خوێناویی نەتەوەکەمان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەدایک دەبێ.
لە ماوەیەکی کورتی ٣٣٠ ڕۆژەدا، واتە ١١ مانگ، کۆمەڵێک هەوڵی بەنرخ لە بوارە جیاوازەکاندا، وەک بڕیاردان لە سەر ئاڵا و سروودی نیشتمانیی “ئەی رەقیب”، دامەزراندنی سپای میللی، پەرە دان بە پەروەردە و بارهێنان، چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان، بازرگانی و بووژاندنەوەی ئابووری، گرینگیدان بە بەشداریی ژنان لە کاروباری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا، پێوەندی و دۆستایەتی و بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان و یەکیەتیی سۆڤیەت، پێکهێنانی بەرە لەگەڵ فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، حیزبی توودەی ئێران، حیزبی ئێران و حیزبی جەنگەڵ؛ لە ماوەیەکی کورتدا درا.
لە بانەمەڕی ١٣٢٥دا کە سۆڤیەت هێزی خۆی لە ئێران دەکشێنێتەوە، قازی محەممەد لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا، دەڵێ: “لە کاتێکدا ئۆردووی سوور لە نێوماندا بوو، دوژمنانی ئێمە هەمیشە وایان بڵاو دەکردەوە کە داوا و ئیدعای کوردان، هه‌مووی بە هۆی سیاسەتێکی خاریجییە،کە مەقسوودیان ئۆردووی سوور بوو. بەڵام ئەمڕۆ بە ئاشکرا لە هەمووکەس مەعلووم بووە کە کورد ئازادیی دەوێ و دەست لەو مەرامە هەڵناگرێ و […] بۆ وەچەنگ هێنانی ئازادی، ئیعتمادی هەر بە خۆیە.”
هەروەها ڕۆژی ٢٠/٢/١٣٢٥ لە وتارێکی تردا وتوویەتی: “دوژمنانی کورد وایان شۆرەت دەدا کە دەوڵەتی کوردستان ئەساسێکی نییە و بە ڕۆینی هێزی سوور تێکدەچێ.”
لە ماوەی ئەو ١١ مانگەدا، بەڕێوەبەرانی کۆمار وێڕای کەلکوەرگرتن لە دەرفەتی پێشهاتوو بۆ پەرە پێدانی دێموکراسی و ئازادی و گەشەکردنی ژیانی فەرهەنگی و ئابووریی دانیشتووان، هەوڵیکی زۆریان دا بۆوەی بەڵکوو قەناعەت بە کاربەدەستانی تاران بێنن هەتا دان بە مافەکانی کورد واتە خودموختاری لە چوارچێوەی ئێراندا بنێن، بەڵام بێسوود بوو. کاربەدەستانی تاران بە تایبەت سەرۆکوەزیران “قوام‌السلطنە” کە لە نزیکەوە لە گەڵ قازی محەممەد دانیشتن و وتووێژیان بووە، توانی بە دانی وادە و بەڵێنی درۆ بە قازی محەممەد و هەروەها ڕێککەوتنی ئاشکرا و نهێنی لەگەڵ هاوپەیمانان، سیاسەتی تێکدەرانەی خۆی بەرەو پێش بەرێ و لە ئەنجامدا هێزەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی ناوەندی دوای تێکشکاندنی کۆماری ئازەربایجان لە ٢١ی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی، له‌ ڕۆژی ٢٦ی مانگی سەرماوەزی ١٣٢٥دا، بۆ جارێکی دیکه‌ شاری مەهابادیان داگیر کرده‌وه‌، بە گەیشتنی هێزەکانی ئەرتەش و خۆبەدەستەوەدانی قازی محەممەد و سەرکردەکانی تر، حکوومەتی کوردستان هەرەسی هێنا.
لە مەڕ هۆکارە دەرەکی و نێوخۆییەکانی هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان لێکدانەوە و بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌ و هەر کەسە بەڕوانگە و بۆچوونی خۆی هەڵی سەنگاندوە. هەر چۆنێک بێ، کۆماری کوردستان ئاکامی ئیرادە و ویستی نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو و بە کۆلۆنیکراو بوو کە بە کەلکوەرگرتن لە بارودۆخی پێکهاتوو، دەرفەتێکی گونجاوی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لەو پارچەی نیشتماندا، ڕەخساند. بۆیە دووی ڕێبەندان و کۆماری کوردستان وەک سەرمایەیەکی سیاسی و هزری لە ناخی بیر و زەینی تاکی کورددا ڕیشەی داکوتاوە و بۆتە بەردی بناغەی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان. بەڵگەنامەکان و سیستمی حوکومڕانی و دامەزراوە حوکمییەکان بە هەموو پێوەرەکان، دەیسەلمێنن کە کۆماری کوردستان، دەوڵەتێکی مۆدێڕنی سەربەخۆ بوو.
پرۆسەی دامەزراندنی کۆمار و ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی کە بە ڕێڕەوی جیاوازدا، بۆ قەناعەت پێهێنان بە دەسەڵاتی ناوەند وتەنانەت هاوپەیمانەکانیشیان، لەسەر چەسپاندنی ماف و ئازادییەکانی کورد و سەرەنجام شکست و ناکامییەکی کە لێیکەوتەوە و هەروەها ئەزموونی کاری سیاسی و مەدەنیی ٧٤ ساڵ پاش کۆمار، بۆ تاکی کورد، هەڵگری پەیامێکی وشیارکەرەوە و شوناسخوازانەیە.
لەو سۆنگەیەوە گرینگە بزانین بە چ شێوەیەک و لە چ گۆشەنیگایەکەوە دەڕوانینە، دروشمەکان، خواست وئامانجەکانی سەردەمی کۆمار. ڕوانگەیەک یان ڕەوتێکی سیاسی وەک حیزبی دێموکرات، کە شانازیی دامەزراندنی کۆماری هەیە، بە پشتبەستن بە دەرکەوتەی لایەنێکی بەڵگەنامەکانی کۆمار، باس لە چارەسەری و ئیمکانی وەدیهاتنی دروشمی تا دوێنێ خودموختاری و ئەمڕۆ فیدراڵی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا، دەکا. تا ئێستاش ستراتێژیی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر ئەو بنەمایە دانراوە.
ئەوە بەو مانایە نییە کە هەڵگرانی ئەو شێوە چارەسەرییە، باوەڕیان بە سەروەریی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆی کورد نییە. دەیان ساڵ خەبات و خۆڕاگری لە بەرامبەر سیستمی داپڵۆسێنەری پاشایی و ویلاییدا و دانی هەزاران قوربانی لە پێناو ڕزگاریی نیشتماندا، نیشانەی وەفادارییە بە ڕێبازی کۆمار.
ئەوان پێیان وایە چون لە لایەک مەسەلەی کورد لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە گرێدراوی دەوڵەت–نەتەوەی فارس/ئێرانە و پشتیوانیی نێودەوڵەتی وەخۆ ناگرێ و، لە لایەکی تره‌وە لەگەڵ بەرپەرچدانەوەی توندی داگیرکەر ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کەوابوو مەسڵەحەت و هەلومەرجی داسەپاو وا دەخوازێ باسی چارەسەری لە چوارچێوەی ئێراندا بکرێ. دەیان ساڵ تاقیکاری پێمان دەڵێ کە فارس و تورک و عەرەب، چ ئەوانەی لە دەسەڵات و چ ئەوانەی لە ڕیزی ئۆپۆزیسیۆن‌دان، بوونی خۆیان لە نەبوونی ئێمەدا دەبیننەوە. بە واتایەکی تر چونکە ئامادە نین بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری خاک و سەرچاوەکانی مادی و بەرهەمهێنانی وڵاتی کوردان بن، بە هەموو توانایانەوە و لە ڕێگای زمانی، کولتووری و جەستەییەوە هەوڵی ون کردن و لە نێوەرۆک بەتاڵکردنی ئایدێنتیتەی مرۆڤی کورد دەدەن. فارس بوون و هۆگری بە کولتووری فارس و بەرگری کردن لە تەواویەتی ئەرزیی ئێران خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەشی هەموویانە، بۆیە کاتێک باسی هاوکاری و پێکهێنانی بەرە دێتە پێشێ، یەکەم مەرجیان پێبەندبوونی بەشداران بە تەواویەتی ئەرزیی ئێرانە. کە ئەمەش لە هەنگاوی یەکەمدا پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانە و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بەرامبەرەکەت ئەوەی بۆ خۆی بە ڕەوا دەبینێ، بۆ تۆی بە ڕەوا نابینێ. لە هەلومەرجی تایبەتیشدا، ئەگەر بۆ هێندێک داوا پاشەکشە بکا، لە کاتی دەسەڵاتی ڕەهادا، بە زۆرەملی و بە زەبری چەک وەچنگی دێنێتەوە.
بۆیە ئەوان دەزانن هەر هەنگاوێک یارمەتی بە ڕەوتی گەشەکردنی فەرهەنگ و ناسنامەی کوردی بدا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەکەنەوە یان لە باشترین حاڵەتدا لە هەرکام لە بوارەکاندا، بە تایبەت لە بۆنە نەتەوەییەکاندا، ئەگەر بۆیان نەچێتە سەر پێشگیریی لێبکەن، بۆ خۆیان مودیریەتی دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش بە کەلکوەرگرتن لە ئیمکاناتی دەوڵەتی و دەیان ئەنستیتۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوە و تۆڕی کۆمەڵایەتییان، بۆ بەلاڕێدابردنی مێژوو و ئاسەواری ناسنامەیی کوردستان دامەزراندوە و دەیان و سەدان جیرەخۆر و زڕەکوردیان لە ئامێزی خۆیان و بۆ مەبەستی دیاریکراو پەروەردە کردوە.
لایەنێکی دیکەی نەرێنی، ڕوانین و چاوەڕوانی و بە فیڕۆدانی وزە و تواناییەکان بەرامبەر بە هێزەکان یان تاکەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە (ئەزموونی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵەهایە لەنێو هەناوی خۆیدا ئۆپۆزیسیۆن بەرهەم دێنێ). ئەزموونی کۆمار و ئەو ماوە دوورودرێژە مێژووییەش، دەیسەلمێنێ کە لە ئاکامدا شێوەی ڕوانین و ئەندێشەی فارس/ئێرانی لەمەڕ کێشەی کوردەوە لە یەک سەرچاوە ئاو دەخواتەوە، ئەویش وه‌فادار بوون بە ناسێونال-شووێنیزمی پان‌ئێرانیستی و ئیدئۆلۆژیی شیعەی ئەسناعەشەرییە.
کاڵکردنەوە یان خۆ لێنەدان لە باسی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی وەک مافی سروشتیی نەتەوەیەک کە لە یاسا نێونەتەوەییەکاندا، دانی پێدا هێنراوە و هەروەها بە جیهانی نەکردنی کێشەی کورد و نەبوونی لۆبیی بەهێز لە دەرەوە لە لایەک و لە لایەکی تر په‌رتەوازەیی و ناکۆکی و کێبەرکێ و نەبوونی گوتاری سیاسیی هاوبەش لە نێو هێزە سیاسییەکانی کورددا (سەرەڕای بوونی خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا) و … لە وزە و پۆتانسیێلی خەباتگێڕانی کوردی کەم کردۆتەوە و لە بری کۆکردنەوەی هێز و تواناکان، بۆتە هۆی لاوازی و سەرلێشێواوی.
ئێستاش کێشە نێوخۆیی و لاوەکییەکان بەرۆکی ئێمەیان بەرنەداوە، ئاسۆی ڕوانینمان لە چوار دیواری حیزبایەتیدا قەتیس ماوەتەوە و بیرکردنەوە و دروستبوونی پرسیار بەلامانەوە نامۆیە. پێمان‌ وایە حەقیقەتی ڕەها (کە لە ئەساسدا شتی وا هەر نییە) تەنیا بەلای ئێمەوەیە. هەموو لایەک باسی چەمکەکانی نەتەوە و نیشتمان، داگیرکاری و ڕزگاری، خۆسەری و فیدراڵی و سەربەخۆیی، دەکەین، کە گشتیان هەڵگری چەمکی ڕزگاری و ئازادین. بەڵام کەسمان بە کردەوە لە دەوری ئەو چەمک و بەها هاوبەشانەدا کۆ نابینەوە و زمانێکی هاوبەشمان بۆ نادۆزرێتەوە.