Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۷ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۸ | 26/02/2020 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

ڕێژیمی ئێران، لە چەکی نەوتەوە بۆ چەکی دژی نەوت

05/02/2020 | 10:37:24
+A
-A
نەوید قادری

“بەهای دڵۆپێک نەوت بۆ نەتەوەکان، یەکسانە لەگەڵ دڵۆپێک خوێن.” ئەمە وتەی کەسایەتیی سیاسیی ناوداری فەڕانسەوی، جۆرج کلێمانسۆیە. ئەم وتەیە، کاریگەری و پێگەی پڕبایەخی نەوت (زێڕی ڕەش) لە داڕشتن و بەردەوامیی سیاسەتی وڵاتان دەردەخا. دەستپێکی سەدەی بیستەم کە هاوکات بوو لەگەڵ پێڤاژۆی بەکارهێنانی زێدەتری نەوت، بووە هۆی ئەوەی نەوت نەتەنیا وەک بەرهەمێکی ئابووری، بەڵکوو وەک بەرهەمێکی ئابووریی خاوەن ڕەهەندی سیاسی سەیر بکرێ. بە پێی داتاکانی ماڵپەڕی جیهانیی وزە (World-energy) لە ساڵی ٢٠١٦، ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە ڕێژەی ٤٨.٩٪ی سەرچاوەی سەلمێندراوی نەوتی جیهان، یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی جیهان لە ڕوی ژێئۆئێکۆنۆمی و هەروەها ژێئۆپۆلیتیکەوە.
ڕێکەوتی ١٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٧٣، وڵاتانی عەرەبی بەرهەمهێنەری نەوت بەشداری کۆنفڕانسێکی ڕێکخراوی ئۆپێک (OPEC) بوون کە لە کوەیت بەڕێوە دەچوو و ئەنجامەکەشی، دەرکردنی بڕیارێکی سیاسیی گرینگ بۆ سزادانی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی، بە هۆی پشتیوانیی ئەو وڵاتانە لە ئیسڕائیل بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوو. لە ڕاستیدا، ئەو وڵاتانە (وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت) دەیانهەویست بەستراوەیی وڵاتانی پیشەسازی بە نەوت وەکوو هەلێک بەکار بێنن و هەوڵ بدەن لە ڕێگای کەمکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت، گوشار بخەنە سەر وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەو وڵاتانە لە سیاسەتی پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل پاشگەز بکەنەوە. هاوکات وڵاتانی عەرەبی دەیانهەویست بەو بڕیارە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، ئیسڕائیل ناچار بکەن کە لەو ناوچانەی کە لە شەڕی ٦ ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ دەستی بەسەردا گرتبوون (بیابانی سینا، بەرزاییەکانی گوڵان) پاشەکشە بکا و، هاوکات سەربەخۆیی فەڵەستین بە فەرمی بناسێ.
ئەو بڕیارە سیاسییە هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی یۆم کیپوور (Yom Kippur) -جەژنێکی گرینگی جووەکان- کە تیایدا بۆ یەکەمین جار بڕیاری بەکارهێنانی نەوت وەک چەک و بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسیی دیاریکراو درا. لە ڕاستیدا، لایەنی عەرەبی شەڕەکە پێی‌وابوو کە دەتوانێ لە نەوت بۆ بەرەوپێش بردنی بەرژەوەندییە سیاسییەکان کەلک وەربگرێ. هاوکات، لایەنە بەشداربووەکان لە کۆنفڕانسەکە لەسەر دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەم شێوەیە ڕێک کەوتن؛ “هەر یەک لەو وڵاتانە پێویستە مانگانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بە ڕێژەیەک کە نابێ لە ٥٪ کەمتر بێ، دادەبەزێنن.” بەم شێوەیە و تەنیا چەند مانگ دوای شەڕی یۆم کیپوور، بەهای نەوت تا ٤٠٠٪ بەرز بووە. ئەو دابەزینەی ڕێژەی نەوت لە بازاڕەکان و هاوکات بەرزبوونەوەی بەهاکەی وەک یەکەم شۆکی نەوتی هەژمار دەکرێ. هەڵبەت لە شەڕی ٦ ڕۆژەشدا کە لە ١٩٦٧ و لە نێوان ئیسڕائیل و چەند وڵاتی عەرەبیدا ڕووی دا، گەمارۆی نەوتی خرابووە سەر وڵاتانی پشتیوانی ئیسڕائیل، لەو شەڕەشدا نەوت وەک چەک بەکار هاتبوو بەڵام بە چەند هۆکار ئەو گوشارانە نەگەیشتبوونە ئەو ڕادەیەی کە بازاڕی جیهانیی نەوت تووشی شۆکێکی مەزن بکەن.
مەبەست لە شۆکی نەوتی لێرەدا، هەر چەشنە گۆڕانکارییەکی لەناکاوە کە دەبێتە هۆی دابەزین یانژی هەڵکشانی بەرچاوی نرخی نەوت. بێنیامین سمیت (Benjamin Smith)، یەکێک لە زانایانی بواری نەوت و سیاسەت، چۆنیەتیی کاریگەریی نەوت لە پانتایی سیاسەت بەم شێوەیە تێئۆریزە دەکا: ١) نەوت سامانێکی سیاسییە لەدەست دەسەڵاتداراندا، نەک فاکتۆرێکی پێکهاتەیی کە بە ئاراستەی جۆراوجۆردا جووڵە بە تاکەکان بکات. ٢) کەلکوەرگرتن لە نەوت و کاریگەرییەکانی لە ئاستی سیاسەتی نێوخۆیی، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەست بە دۆخێکە کە تیایدا نەوت دێتە نێو ئابووریی سیاسیی نێوخۆییەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئۆپێک لە ساڵی ٢٠١٩، ئێران خاوەن ١٥٥ میلیارد بەرمیل نەوتی سەلمێندراوە و بەم شێوەیە لە نێوان وڵاتانی خاوەن نەوت و لە پاش ڤێنێزوێلا، عەرەبستان و کانادا لە ڕیزی چوارەم‌دایە. بەڵام ئەوەی کە تەنیا بوونی نەوت لە وڵاتێک دەتوانێ ببێتە هۆی بەختەوەری و تەناهی بۆ ئەو وڵاتە، پرسیارێکە کە بۆ وڵامدانەوەکەی، پێویستە سەرەڕای نەوت، کۆمەڵێک فاکتۆری نێوخۆیی (دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی)، ناوچەیی و نێونەتەوەییش ڕەچاو بکرێ. بە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران نەتەنیا هیچ گۆڕاناکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی کۆمەڵانی خەڵکیدا نەکرا، بەڵکوو ئەوەی ڕووی دا زۆرتر جێگۆڕکێی دیکتاتۆرەکان بوو. لە ڕاستیدا شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بوو بە هۆی هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی ئایینیی ڕادیکاڵ کە بە کەلکوەرگرتن لە کۆمەڵێک چەمکی وەک: “خەبات بەدژی ئیمپێریالیزم”، “پشتیوانی لە ستەملێکراوانی جیهان” و “هەناردەکردنی شۆڕش” هەر لە سەرەتاوە چاوی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بوو، ئەوەش دەیتوانی لە بواری تەناهی و وزەوە ببێتە هۆی ژانەسەرێکی نوێ بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی.
بەم شێوەیە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، بوو بە هۆی دووهەمین شۆکی نەوتی لە بازاڕی نەوت. شۆکێک کە بە شێوەیەکی بەرچاو بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت و هاوکات دەستڕۆیشتوویی ڕێژیمێکی تێئۆکرات کە تازە حوکمی ئەو وڵاتەی بەدەستەوە گرتبوو و خەونی گەورەی بۆ داهاتووی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش هەبوو. مانگرتنی کارمەندانی کەرتی نەوت و پاشان ڕاپەڕین، بوونە هۆی پچڕانی هەناردەکردنی نەوت و کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی نەوت لە بازاڕەکان کە نرخی نەوتی بۆ ٤٠ دۆلار بەرز کردەوە.
شایانی باسە کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ساڵی ١٩٧٧ ڕۆژانە ٥ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بوو کە لەو ژمارەیە ٥ میلیۆنی هەناردە دەکرا. لەو سەردەمەدا ئێران بەشێکی زۆری ئەو پارە زەبەلاحەی کە لە ڕێگای هەناردەکردنی نەوت دەستی دەکەوت دەدا بە چەک، بە چەشنێک کە پێشکەوتووترین ئەو چەکانەی کە ئەوکات لە ئەمریکا بەرهەم دەهاتن، لە لایەن دیکتاتۆریی ئەوکاتی ئێرانەوە داوا دەکران و هەر ئەو داواکارییەی ئێرانیش ببوو بە هۆکاری ناکۆکی لە نێوان کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا. وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، کیسینجێر، لەگەڵ فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە ئێران بوو بەڵام وەزارەتی بەرگری، پڕچەککردنی دیکتاتۆریی ئێرانی بە کارێکی مەترسیدار دەزانی.
شارەزایانی بواری ئابووریی سیاسی، باج (Tax) بە یەکێک لە پێناسەکانی دێموکراسی و پردی پێوەندی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە دەزانن. بەو واتایەی کە دەوڵەت، بە هۆی بەستراوەیی بە کۆمەڵگە و بۆ درێژەدان بە ژیانی سیاسیی خۆی پێویستە هەردەم گوێڕایەڵی خواستەکانی کۆمەڵگە بێ. بەڵام لە دەوڵەتانی ڕانتیدا، بەو هۆیەی کە سەرچاوەی داهاتەکانی دەوڵەت، نەک کۆمەڵگە بەڵکوو ژێرزەوییە، دەسەڵاتداران هیچ زەروورەتێک بۆ ئاوڕدانەوە لە کۆمەڵگە و گوێڕایەڵی بۆ خواستەکانی کۆمەڵگە نابینن و داهاتی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە نێوان کەسانی دەوروبەری خۆیان دابەش دەکەن کە ئەوەش دەبێتە هۆی چێبوونی پێوەندییەکی نایەکسان و هەڵبەت “پشتیوانخوازانی” (Clientelism) لە نێوان نوخبەی سیاسیی خاوەن دەسەڵات و کەسانی دەوروبەر. بە واتایەکی تر، لەو جۆرە سیستمە سیاسییانەدا سەرچاوەی شەرعییەت نەک خەڵک، بەڵکوو ژێرزەوییە. ئەو جۆرە پێوەندییە لە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی، خۆی لە بازنەی ئەو بنەماڵەیەدا دەبینیەوە و پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیش، لە بازنەی پێوەندی لەگەڵ سپای پاسداراندا دەبینرێ.
بەڵام ڕەنگە پرسیار بکرێ ئەو باسە چ پێوەندییەکی بە چەکی نەوت و شۆکی نەوتییەوە هەیە؟ وڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە کە ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران لە سەرەتای هەتنە سەرکارییەوە زیاتر لە ١٢٠٠ میلیارد دۆلاری لە داهاتی نەوت دەست کەوتووە. ئێران تەنیا لە دەورانی سەرۆککۆماریی مەحموود ئەحمەدینژاددا زیاتر لە ٧٠٠ میلیارد دۆلار داهاتی نەوتیی هەبووە! کە واتە، لە ئاستەکانی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەییش دەوڵەتی ئێران پشتبەستوو بەو داهاتە زۆرەی نەوت، چ لە بواری ئابووری و چ لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیش بۆ کاریگەری دانان لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان خاوەن کارتی بەهێز بووە و، زۆرجار نەوتی وەک چەک بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی بەکار هێناوە. ئەگەر بەستراوەیی وڵاتانی پیشەسازیش بە سەرچاوەکانی وزەی پێوە زیاد بکەین، ڕادەی ئەو کاریگەرییەمان باشتر بۆ دەردەکەوێ. بەڵام لە دۆخی ئێستادا کە داهاتی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هەوڵ دەدا تا لە ڕێگەی ڕاستەوخۆ (گەرووی هورموز) و ناڕاستەوخۆ (پراکسییەکانی سەربە ئێران لە عێراق، یەمەن و هتد) تەناهیی هەناردەکردنی وزە بکاتە ئامانج. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا و لە ڕێکەوتی ١٤ی سێپتامبری ٢٠١٩ هێرشێکی بەربڵاو کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعوودی کە بەو هۆیەوە وەبەرهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە ڕۆژانە ٥ میلیۆن و ٧٠٠ بەرمیل دابەزینی بە خۆوە بینی، کە دەکاتە ٥٪ی کۆبەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی جیهان.
بەم شێوەیە، ئەو هێرشانە بوو بە هۆی ڕوودانی نوێترین و هەڵبەت مەزنترین شۆک لە بازارەکانی جیهانیی نەوت و بەهای بەرمیلێک نەوتی بۆ ٨٠ دۆلار بەرز کردەوە. ئەو شۆکە پاش هێرشی هاوکاتی چەندین درۆن و هاژەکی کڕووز بۆسەر یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتی جیهان، واتە پاڵاوگەی بەعقیق لە عەرەبستانی سعوودی ڕووی دا. شایانی باسە کە ئەو هێرشانە لە کاتێکدا کرایە سەر ژێرخانی نەوتیی عەرەبستانی سعوودی، کە ئەو وڵاتە بە ڕێژەی ٩ میلیۆن و ٨٣٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی ڕۆژانە، پاش ئەمریکا (١٢ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار) و ڕووسیە (١١ میلیۆن ١٦٤ هەزار)، سێهەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا. هەڵبەت ئەوەیکە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی عەرەبستان لە یەک شوێنن (ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە) کە ناوچەیەکی شیعەنشینە، ڕێگای هێرشی بۆسەر ئەو کێڵگانە بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیە ئاسانتر کردۆتەوە. شایانی باسە کە عەرەبستانی سعوودی خاوەنی سێهەم سیستمی بەرگریی هاژەکیی پێشکەوتووی جیهانە! بە سەرنجدان بە لێدوانی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ئێران لەپاش گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی نەوت و ئابووریی ئەم وڵاتە، بەردەوام هەڕەشەی ئەوەیان کردوە کە “ئەگەر نەوتی ئێمە نەفرۆشرێ، ڕێگە نادەین نەوتی ئەوانی تریش بفرۆشرێ”، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو هەڕەشانە و هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی عەرەبستان هەیە. ئەگەرچی حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارەتیی خۆیان بۆ ئەو هێرشانە ڕاگەیاندوە، بەڵام بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ئەو ئەوان هەرگیز لەڕووی سەربازییەوە خاوەن ئەو تێکنۆلۆژی و زانستە نین کە بتوانن هێرشێکی لەم چەشنە ڕێک بخەن.
لە دۆخی ئێستادا و لەژێر کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانی بۆ ڕۆژانە ٢ میلیۆن بەرمیل دابەزیوە کە لەو ڕێژەیەش – بەهۆی بەکارهێنانی نێوخۆیی – تەنیا ٣٠٠ هەزاری هەناردە دەکرێ. ئەو ڕێژەیە بەر لە گەمارۆکان ٣ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل بوو. بەو هۆیەی کە داهاتی نەوت بە دۆلار دەخرێتە حیسابی وڵاتانەوە، بە نەمانی سەرچاوەی داهاتەکە، دۆلاریش لە بازاڕ و هاوکات لە دەست دەوڵەتدا نامێنێ و ئەوەش دەبێتە هۆی هەڵاوسان و تەنانەت داڕمانی ئابووری و هاوکات لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش، دەستی ڕێژیم بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی کورت دەکاتەوە. بەگشتی، بەشێک لە هۆکار و سەرچاوەی سیاسەتی گورز وەشاندن لە هێڵی هەناردەکردنی وزە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێژیمی ئێران هەر لە سەرەتاوە و بە هۆی چەمکی “هەناردەکردنی شۆڕش” لە لایەک و، لاوازیی تێکنۆلۆژیک بە نیسبەت ئەمریکا و ئیسڕائیل وەک دوژمنانی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی شەڕێکی کلاسیک، دەستی کرد بە بەڕێوەبردنی شەڕی بە وەکالەت و دامەزراندن و ڕاهێنانی هێزی پراکسی لە ئاستی ناوچەکە. ئەو هێزە پراکسییانە لە دۆخی ئێستادا و بە لەبەرچاو گرتنی توانای سەربازیی باڵای دژبەرانی ئێران لە ئاستی ناوچەکەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و ئەجێندای ئەو وڵاتە بە تەواوی جێبەجێ دەکەن. لە کۆتاییدا، هێرشی سەر سەرچاوە نەوتییەکانی عەرەبستانیش نیشانی دا کە لە ئەگەری قووڵتر بوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ڕێژیمی ئێران نەتەنیا لە خاکی خۆیەوە، بەڵکوو لە وڵاتانی تری ناوچەکەشەوە دەتوانێ بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی بکاتە ئامانج و لە نەبوونی چەکی نەوت، ئەم‌جار ڕووی چەکەکانی لە نەوت بێ.