Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۱۸ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 07/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

پەیامە گەورەکانی پێشەوا قازی محەممەد

05/02/2020 | 10:30:34
+A
-A
کەماڵ کەریمی

پەیامە گەورەکانی پێشەوا قازی محەممەد لە یەکبوونی کوردەوە هەتا ئیرادەی دروستکردنی دەوڵەت

(پوختەیەک لە قسەکانی کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سیمیناری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی 2ی ڕێبەندان)
ڕەنگە لە چارەگە سەعاتێکدا باس لە گەورەیی کۆماری کوردستان لە پانێلێکی وادا کارێکی ئاسان نەبێ و زۆریش ئەستەم بنوێنێ، بەڵام بە بۆنەی یادکردنەوەی هەر بەکورتیش بووبێ باسێکی لەسەر بکرێ، کە جێگەی خۆیەتی و دەتوانین بڵێین جۆرێک زیندووکردنەوەی هەموو ئەو ڕۆژانەیە کە کۆماری کوردستانیان بەرەو دامەزراندن برد و، هەموو ئەو ڕۆژانەی کە کۆماری کوردستانی تێدا ژیا و هەموو ئەو دەرسانەی کە لە دوای کۆماری کوردستانیش بۆ ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد ماوەتەوە.
یەکێک لە پەیامە گەورەکانی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد یەکبوونی کورد بووە، ئێمە هیوادارین بتوانین بەیەکەوە وڵامدەری ئەو پەیامەی پێشەوا قازی محەممەد بین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کورد. بەڵام لەسەر ئەسڵی مەسەلەکە کە بەحسێکی زۆر دوور و درێژە، من بەکورتی ئاماژە بە چەند شت دەکەم کە ئەویش نە وەکوو هۆکار، چونکە کۆماری کوردستان ڕووداوێکی کوتوپڕ نەبووە هەتا هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانەکەی هەبووبێ -هۆکار زیاتر بۆ ڕووداو بەکار دێ-، من پێم ‌وایە دەبێ بیر لە بەستێنەکانی پێکهاتنی کۆمار یان دامەزراندنەکەی بکەینەوە. ئەگەر وەک بەستێن چاوی لێبکەین من پێم‌ وایە لە باری مێژووییەوە و لە باری نەتەوەییەوە شۆڕشەکانی پەنجا ساڵ پێش لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەبێ بخەینە بەر باس و، بە تایبەتی ئەو شۆڕشانەی لە دوای کۆتایی‌ شەڕی یەکەمی جیهانی دەستیان پێکرد، بە تایبەتی بە هۆی داگیرکاریی بریتانیا و فەڕانسە لە مەنتەقەدا و بە تایبەتیتر لە عێراق و سووریە کە تازە دابەش کرابوون. هاتنە ئارای دوو دەوڵەتی نوێ وەکوو دەوڵەتی تورکیە و دەوڵەتی نوێی ئێران -نەوەکوو بڵێن وڵاتێکە دەوڵەتی لێ دروست بووبێ دەزانین کە ئێران بۆخۆی لە باری دەوڵەتدارییەوە سابقەیەکی چەند هەزار ساڵەی هەیە- بەڵام هاتنە سەرکاری دەوڵەتێکی نوێ کە ئەویش دەوڵەتی ڕەزاشا بوو.
ئەگەر بڵێین بە جیاوازیی زۆرەوە بەڵام هەوڵدانی تورکیە یا بڵێین ناتەبایی تورکیە لەگەڵ کێشەی کورد –چون [تورکیە] دەوڵەتێکی تازە دامەزراو بوو و کێشەی کوردی وەک هەمیشە مەترسییەک بۆ لەباربردنی ئەم دامەزراوە تازە وەک دەوڵەت تورکیە دێتە دی- زۆرترین شۆڕشەکان لەم سەردەمەدا لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، ئێمە لە کوردستانی باکووردا دەیبینین. شۆڕشی زۆر کرا بەڵام لە گرینگترین شۆڕشەکانی ئەو سەردەمە دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانە لە ساڵی ١٩٢٧، شۆڕشی ئارارات لە ساڵی ١٣٣٠، شۆڕشی دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٦ و ئەو شۆڕشانەی ‌تریش کە لە بەینی ئەم شۆڕشە گەورانەدا لە ناوچەی جیاجیادا سەریان هەڵدەدا؛ ئەمە بۆخۆی ڕەنگە بڵێین پاشخانێکی مێژوویی باش بوو بۆ ئەوەی کە هەم دەربخا کە کورد بەردەوام لە هەموو هەلومەرجێکدا هەوڵی داوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، کە ئەو سەردەم ئەگەر بە هەموو ناو و ناتۆرە داگیرکەرییە ئێمپریالییەکان هەمیشە کوردیان وەکوو نۆکەری بەشێک چاو لێدەکرد. ئەگەر شێخ سەعیدیان وەکوو پیاوی بریتانیا، شۆڕشی ئاراراتیان بەستراوە بە سۆڤیەت و حکوومەتی ئێران یا هەر لایەنێک زانی و تۆمەتباریان کردن، بەڵام هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەیە کە کورد لەسەر پێیە و لە سەختترین هەلومەرجدا هەوڵی داوە بۆ ئەوەی کە بیری نەتەوەخوازی، بیری سەربەخۆیی‌خوازی، بیری ئازادیی نەتەوەیی بەردەوام بێڵێتەوە و لە بەرامبەر ئەم زوڵم و زۆریانەدا بەردەوام بە شۆڕشی زۆر قورس و گران -هەرچەند هەزینەی زۆری ئینسانیی بۆ دراوە، هەرچەند بەداخەوە کورد وەکوو نەتەوەیەک زۆر کوژراوی داوە- لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی کە سەرەکیترینیان سەربەخۆیی کوردستانە و بەداخەوە هەتا ئێستاش پێی ‌نەگەیشتوە، بەڵام بەم خوێن‌دانانە زیندوویی بیری نەتەوەییان لەنێو نەتەوەی کورددا ڕاگرتوە. ئەم پاشخانە مێژووییە ئەگەر لە باکوور تێپەڕی لە ڕاستیدا لە سووریەش بە دروستبوونی خۆییبوون لە سووریە و لوبنان و دواتر لە عێراقی تازە دامەزراو دەوڵەتە نوێکان لەم ناوچەدا ئیدارەی وڵاتەکانیان بەدەستەوە گرتبوو.
سەرهەڵدانی شۆڕشی بارزانی سەردەمی شێخ ئەحمەدی بارزانی بەتایبەتی دواتر لە ساڵی ١٩٤٣دا لە نزیک کۆتایی شەڕی دووەمی جیهانی، شۆڕشی نوێی بارزان بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، ئەمانەش بۆخۆی دەرخەری ئەوەیە کە شۆڕشی کورد نەبەستراوەتەوە بە چوارچێوەیەک لە بەشێکی تایبەتی کوردستاندا، بەڵکوو هەموو بەشەکان لەم دابەشکارییەدا بە جۆرێک هەوڵیان داوە کە ئەم مێژووە تۆمار بکەن کە کورد لە قۆناغێکی تایبەتیدا نەژیاوە و کۆتایی بە تەمەنی شۆڕشەکانی نەهاتوە.
ئەگەر کاریگەریی ئەم شۆڕشانە لەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە کۆماری کوردستانی تێدا دامەزرا بێنینە بەر باس، گواستنەوەی ئەم مێژووە و گواستنەوەی ئەم بیرە نەتەوەییە یارمەتیی داوە بۆ ئەوەی کە لە زەمانی شۆڕشی ئاراراتدا کوردەکانی ڕۆژهەڵات یارمەتیی شۆڕشی ئارارتیان داوە و، یەکێک لە کێشەکانی کە دروست دەبێ نێوان ئێران و تورکیە یارمەتیی عەشیرەتەکانی جەلالییە لە شۆڕشی ئارارات داوە و، دواتر سەرهەڵدانی شۆڕشی سمکۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوایی هەڵاتنی لە زیندانی ڕەزاشا شۆڕشی دەست پێکردەوە و، چەند ساڵێک توانی ئەو شۆڕشەی ئیدامە بدا کە لە نەوعی خۆیدا دەبێ بڵێین ئەویش بۆخۆی شۆڕشێکی نوێ بوو؛ بە دەرکردنی ڕۆژنامەی “شەوی عەجەم” کە دواتر گۆڕی بە ڕۆژنامەی “ڕۆژی کورد” ڕەنگە بڵێین قۆناغێکی نوێی لە خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەست پێکرد، کە هەتا ئەودەمە نەبوو ئەویش بە دەرکردنی ڕۆژنامە و کاری تێکەڵ‌کردنی کاری ڕۆژنامەگەری و سیاسی و کاری شۆڕشگێڕێ لەگەڵ یەکتر؛ ئەمانە هەموو دەتوانن بەکگراوەندێکی نوێی مێژوویی و فکریی باش بێ کە چۆن، چ بەستێنێکی دروست کرد کە کۆماری کوردستانی تێدا دروست بێ.
دەزانین بەدوای هەموو ئەم ڕووداوە مێژوویانەدا لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان -کە بە داخەوە هەمیشە یەک کەمایەسی هەبووە ئەویش ئەوەیە کە کورد همیشە لە ناوچەکەدا بە تەنیا بووە-، کورد کە پێوستی بەوە بووە کە لە گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا بەشدار بێ بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نزیک یا ڕۆژاوای ئاسیا هەمیشە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە بووە. لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا، لە شەڕی دووەمی جیهانیدا، کورد هەوڵی بۆ دا بەڵام بەداخەوە ئەوەی‌کە پێویست بوو، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە جۆرێک یارمەتیدەر بێ بۆ ئەوەی‌کە ئەم هەنگاوانە کە بەرەو پێش دەڕۆیشتن، بتوانن سەقامگیر ‌بن و یارمەتیدەر بن بۆ جێبەجێ بوونی ئەو ئاوات و خواستانەی کورد، بەداخەوە کورد نەیتوانیوە ئەو پێگە نێو دەوڵەتییە پەیدا بکا. ئینگلیسەکان و فەڕانسەوییەکان بە دوای شەڕی یەکەمی جیهانیدا کوردیان وەکوو مەترسییەک بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان، بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە عێراق و سووریەدا حیساب دەکرد.
ئێرانی پاشایەتی، شۆڕشەکانی باکووری کوردستانی وەک مەترسییەک بۆ سەر دەسەڵاتی خۆی دەخوێندەوە کە پێی‌وابوو ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵات. تورکیەی تازەش -کە باسمان کرد- هەمیشە کوردی وەکوو مەترسییەک دەبینی بۆ ئەوەی‌کە مەترسی بخاتە سەر سەقامگیر‌بوونی دەسەڵاتەکەی، بۆیە لە هەموو لایەکەوە بە سۆڤیەتی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بە بریتانیا، بە فەڕانسە کە ئەم سێ لایەنە کاریگەریی تەواویان هەبوو لەسەر داڕشتنی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ بەداخەوە بە هەر سێکیان مۆقەفی دژایەتی لەگەڵ کوردیان پەرە پێدا هەتا ئەوەی گەیشتینە شەڕی دووەمی جیهانی.
لە شەڕی دووەمی جیهانیدا ئەگەر گۆڕانێک هەست پێبکەین ئەو گۆڕانەیە کە دوای ئەەوی ئێران و تورکیە دەکەونە ڕیزی وڵاتانی شەڕکەر لەگەڵ ئیتالیا و و لەگەڵ ئاڵمان دەکەون، لە ڕاستیدا ئێران کە تازە نەیدەتوانی خۆی لەم پێوەندییە دەرباز بکا، ملی دا بە ئەوەی‌کە وڵاتەکەی لە لایەن ئینگلیس و سۆڤیەت لە باکوور و لە باشوورەوە داگیر بکرێ. ئەمە بۆخۆی گۆڕانێکی بڵێین نیسبی بوو لە تێکەڵبوونی کێشە نێودەوڵەتییەکان بە مەسەلەی کورد نە ئەوەی مەسەلەی کورد بە کێشە نێودەوڵەتییەکان تێکەڵ بووبێ، ئەوان بوون کە هاتنە ئەو مەسەلەی کە کوردستانیشی تێدا بوو مەجبوور بوون خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مەسەلەی کورد بکەن. ئینگلیسییەکان بەداخەوە هەر ئەو سەردەمەش دژایەتیی مەسەلەی کوردیان دەکرد، بەڵام لانیکەم سۆڤیەتەکان بە هۆی ئەوەی‌کە هاتبوونە ئەو ناوچانەی کە بەشێکی کوردستان بوو و تەنانەت هەتا سنەش هاتن و دواتر بەداخەوە لەوێ گەڕانەوە و، ئەو ناوچانەیان چۆڵ کرد و هەر لە مەهاباد بەرەوژوور مانەوە؛ بەڵام نەیاندەتوانی فاکتەری کورد لەوێدا لەبەرچاو نەگرن. هەر ئەم لەبەرچاو گرتنەی فاکتەری کورد بوو کە بوو بە هۆکارێک کە کوردەکان لەوێدا بتوانن مەیدانێک ببیننەوە بۆ دروست کردنی پێوەندی لەگەڵ لایەنێکی نێودەوڵەتی، ئەگەر ئەمریکای تازە نەفەس کە تازە هاتبووە مەیدانی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و، ئینگلیسی پیر لە ناوچەدا بەداخەوە هیچ ڕوویەکی خۆشیان بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان نەدا، لانیکەم سۆڤیەت بە هۆی دەرگیر بوونی لەگەڵ ئەسڵی کێشەکە -هەرچەند لە سەرەتاوە ئەوانیش کوردیان یا کوردستانیان وەکوو بەشێک لە ئازەربایجان لە ئێراندا دەدی، بەڵام دوایی لەگەڵ ئەمری واقع بەرەوڕوو بوون، دیتیان کە ناتوانن مەسەلەی کورد لەبەر چاو نەگرن و ئەمە هۆکارێکی باش بوو، بۆ ئەوەی کە یەکەم جار کورد بتوانێ خۆی لە بەینی ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا ببینێتەوە و ئومێد پەیدا بکا بۆ ئەوەی کە سۆڤیەت دەتوانێ یارمەتیدەری کورد بێ، هەر چەند یارمەتییەکانی سۆڤیەت بە نەتەوەی کورد کەم نەبوو لانیکەم لەو بارەوە کە بڵێین فەزایەکی دروست کرد کە تواندرا کۆماری کوردستان دابمەزرێ.
لە جەریانی دەستپێکی شەڕی دووەمی جیهانیدا هەر وەک باس کرا، تەئسیراتی مێژوویی و فکری و نەتەوەیی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە بە هۆی دروست بوونی کۆمەڵەی ژ-کاف، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی کە بوونی سۆڤیەت و ململانێی لەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیس لەو ناوچەدا خولقاندبووی، ئەو قەناعەتەی دروست کرد کە کۆمەڵەی ژ-کاف دەبێ شکڵێکی نوێ بەخۆی بدات و حیزبێکی نوێ دروست‌ بێ. پێشەوا قازی محەممەد کە هەتا کۆتاییەکانی تەمەنی ئەم کۆمەڵەیە نەچووبوە ڕیزیانەوە، بەڵام دەعوەت کرا و بەشداریی ئەو لە کۆمەڵەی ژ-کافدا بوو بە هۆی ئەوەی‌کە لەوێ نوتفەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ببەسترێ.
ئەم هەنگاوە یارمەتیی دا بۆ ئەوەی کە شایەد هەم بە جۆرێک مەسەلەی بوونی حیزبێکی دێموکرات و ئەوەی کە ببێتە جێگرەوەی کۆمەڵەی ژ-کاف -کە زۆرتر وەکوو کۆمەڵەیەکی ناسیۆنالیستیی داخراو لەو سەردەمەدا سەیر دەکرا- و، تەنانەت ئەو ناتۆرەش لەو دەدرا کە ئەوانیش هەر سەر بە ئینگلیسییەکانن، ڕەنگ بوو یارمەتیدەر بێ بۆ ئەوەی‌کە هەم ئەمریکاییەکان، ئینگلیسییەکان، فەڕانسەوییەکان کە ئەو سەردەم لانیکەم وەکوو وڵاتانی ڕۆژاوایی خۆیان بە دێموکرات دەزانی، هەم سۆڤیەت کە بیری سۆسیالیستی و زاڵبوونی سۆسیالیستی لەسەر حکوومەتی ئەوێ و “چەسپاندنی دێموکراسی و مافی نەتەوە بندەستەکان” کە دروشمی سەرەکییان بوو، ئەو قەناعەتیان تێدا دروست بووبێ کە دەتوانن تەعامولێکی دروست لەگەڵ ئەم حیزبە و دواتر لەگەڵ ئەو کۆمارە بکەن کە بە نیازی دامەزرانی بوون.
ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی چەند مانگ دوای دامەزرانی، بڕیاری دامەزرانی کۆماری کوردستانی دا، شایەد بە هەڵسەنگاندنێکی دروست مەنتەقیانە و ئەقڵانیی پێشەوا قازی محەممەدی بزانین کە دەرکی ئەوە کردبوو کە زەمان ئەونە تەنگە کە هەر هەنگاوێکی هەڵێنێ دەبێ زۆر خێراتر ئەو هەنگاوە هەڵێنێتەوە. دامەزراندنی حیزبێک بۆ دامەزرانی کۆمارێک ڕەنگبێ پێویستیی بە زەمانێکی درێژ بێ بۆ دراسەکردن، بۆ خوێندنەوە، بۆ خۆ ئامادەکردن، بۆ سازکردنی تەواوی ئەو ئیمکاناتەی کە پێویستە لە باری مادی و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هتد، بەڵام لەم ماوە کورتەی دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان، تەنیا پێشبینییەکانی قازی محەممەد دەخوێندرێتەوە کە چۆن وەکوو سەرکردەیەکی شارەزا لەو سەردەمەدا زانیویەتی کە زەمان چۆن بەخێرایی بەرەو پێش دەڕوا و، چۆن کورد لە بەرامبەر مەترسییەکاندا ڕادەوەستێ و، چۆن مەترسییە پێشووەکان دیسان سەر هەڵدەدەنەوە؟ هەر بۆیە کۆماری کوردستان دادەمەزرێنێ و بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان کە زۆر کەس لەوانەی‌کە لە موتالەعاتی مێژووییان هەیە یا مێژوو دەنووسنەوە، پێیان وایە قازی محەممەد لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستانیش دڵنیا نەبووە لە پشتگیریی بەردەوامی سۆڤیەتییەکان و، زۆریش دڵنیا نەبووە لەوەی‌کە بتوانێ کۆمارەکەی زۆر دەوام بکا و؛ بەڵام دیسانیش وەکوو ئەرکی مێژوویی سەرکردەیەک ئەم ئەرکەی بەڕیوە برد، وەکوو سەرکردەیەک ئەم شانازییەی بۆ خۆی و بۆ حیزبەکەی و بۆ نەتەوەکەی هێنا ئارا و، هەتا ئێستاش بووەتە یەکێک لە شانازییە نەتەوەییەکانی کورد لە کوردستان.