Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۱۸ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 07/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

بەرپرسایەتیی قانوونیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە

05/02/2020 | 10:29:08
+A
-A
عومەر باڵەکی

بابەتی بەرپرسایەتیی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی لە زۆر لایەنەوە هاڵۆزیی خۆی هەیە کە، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێ بەشێک لەو لایەنە قانوونییانە کە بەرپرسایەتی دەخەنە سەر کۆماری ئیسلامی باس بکرێ.
پێش لەوە بچینە سەر ئەو باسە، پێویستە بەکورتیش بووبێ باسێک لە ئەندامەتیی ئێران لە ڕێکەوتننامەی شیکاگۆ کە لە ساڵی ١٩٤٤دا بەسترا، بکەین. ئەو ڕێکەوتننامەیە باس لە شێوازی هاتوچۆی هەموو ئەو فڕۆکانە دەکا کە کاری بازرگانی و گواستنەوەی موسافیر لە سەرانسەری دنیادا دەکەن، بەپێی ئەم ڕێکەوتننامەیە هەتا ئەو کاتە کە فڕۆکەی بازرگانی و موسافیرهەڵگری خاریجی لە ئاسمانی هەر وڵاتێکدا بن، وەزیفەی پاراستنی ئەو فڕۆکانە لە ئەستۆی وڵاتی میواندارە. لە مادەی ٩ی ئەم ڕێکەوتننامەیە بەڕوونی باس لە بابەتی ناوچە فڕینە قەدەغەکراوەکان دەکا و تەنانەت لە بەندی (ب)ێی ئەو مادەدا بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکا هەر دەوڵەتێکی ئەندام ئەو مافەی هەیە لەو کاتەدا کە هەست بە بوونی مەترسی لەسەر فڕینی فڕۆکەکان بکا و یا پاراستنی سڵامەتیی گشتی لە گۆڕێدا بێ، لە فڕینی ئەو فڕۆکانە پێشگیری بکا و لەلایەکی دیکەوە بەپێی قانوون و عورفی نێودەوڵەتی هەر فڕۆکەیەک چ فڕۆکەی شەڕکەر بێ یا موسافیری، بە هەر بیانوویەک سنووری ئاسمانیی وڵاتێکی دیکە ببەزێنێ، تەنانەت ئەگەر شەڕکەریش بێ بەڵام هەلومەرجی شەڕ نەبێ پێش لەوە ‌هێرشی بکرێتە سەر پێویستە فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیە ئاگادار بکرێتەوە لە بەزاندنی سنووری ئاسمانیی ئەو وڵاتە، جا ئەو کات یا ناچاری بکەن بە نیشتنەوە یان ئاسمانی ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێ.
زۆر جار لە هەواڵەکاندا گوێمان لێ دەبێ کە کەرەسە گشتییەکانی وەک فڕۆکە، شەمەندەفەر و … تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن و خەڵکانێکیش لە ئاکامدا یا گیانیان لە دەست دەدن یا بریندار دەبن، بەڵام بەردانەوەی فڕۆکەی موسافیرهەڵگر لەلایەن سپای وڵاتێکەوە ڕووداوێکی کەموێنەیە و ئەم ڕووداوە بەرپرسایەتیی زۆر دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا. بە واتایەکی دیکە تایبەتمەندیی ئەو کارەساتە بە جۆرێکە کە هەموو بەرپرسایەتیی سیاسی و قانوونی و مەعنەوی و ئابوورییەکەی دەخاتە ئەستۆی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی.
ئەو بەرپرسایەتییانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانین بەکورتی بەو شێوەی خوارەوە باسیان بکەین.
یەکەم، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی مووشەکیی کردۆتە سەر فڕۆکەیەکی موسافیرهەڵگری وڵاتێکی دیکە لە حاڵێکدا لە فڕۆکەخانەیەکی نێو خاکی ئێران هەستاوە و شوێنی هەستانی فڕۆکەکە و سەکۆی مووشەکیی بەرگریی ئاسمانیی سپا لەیەک ناوچەی بەرتەسکی لێک نزیک هەڵکەوتوون.
دووهەم، لەو کاتەدا کە فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە فڕۆکەخانەی “ئیمام خومەینی” خەریکی خۆ ئامادەکردن بۆ فڕین بووە، ئێران لە هەلومەرجی شەڕدا بووە و هێزە نیزامییەکانی لە حاڵەتی ئامادەباشدا بوون و بەپێی ڕێکەوتننامەی شیکاگۆ سازمانی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئێران نەدەبوو ئێزنی هەستان بەو فڕۆکە ئۆکراینییە بدا.
سێهەم، هەرچەند سندووقی ڕەشی فڕۆکەکە هێشتا لای ئێرانییەکانە و زانیارییەکانی ئاشکرا نەکراوە بەڵام هەموو بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە چ پێش فڕین و چ دوای فڕین هیچ هۆشدارییەک نەدراوە بە فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیە.
چوارەم، بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان فڕۆکەی هەر وڵاتێک بە بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێ و هەر جۆرە هەڕەشە و هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەکە هێرشکردنە بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە.
پێنجەم، بە پێی هەموو زانستە نیزامییەکانی سەردەم هەموو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵات دەبێ و پێویستە پێکەوە گرێ درابن بەیەک، واتا پێوەندییەکانیان ئەوەندە چڕوپڕ بێ کە فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی بەوردی ئاگای لە هەموو جموجۆڵێکی بێ، بەڵام بەپێی قسە و لێدوانی بەرپرسانی پلەبەرزی سپای پاسداران و فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی، بە سیستمی سەرانسەریی ڕاداری بەرگریی ئاسمانی نەبەستراوەتەوە و یا شێوەی پێوەندییەکەی بەپێی ئوسوولی بەرگریی ئاسمانی نەبووە و، لە هەمان حاڵدا هەر ئەو فەرماندانەی سپا ڕادەگەیەنن کە ئەفسەری فەرماندەیی ئەو سیستمە مووشەکییە خەتای کردوە و فڕۆکەکەی لەگەڵ مووشەکی کڕووزی سپای ئەمریکا لێ تێک چووە و، ئەو دانپێدانانە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دامەزراندنی ئەو سیستمە زۆر بەپەلە بووە و کەسانی بەرپرس لەو سیستمە بێ‌تەجروبە و لە هەمان کاتدا ناشارەزا بوون. دەنا ماوەی شەش دەقیقە بووە لە فڕگەی “ئیمام خومەینی” لە زەوییەوە هەستاوە و لە حاڵی بەرزبوونەوەدا بووە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ئاستە لە بەرزی کە بکەوێتە سەر خەتی فڕین، بەڵام مووشەکی کڕووز بەپێی قسەی شارەزایانی بواری نیزامی لە بەرزییەکی دیاری کراودا دەفڕێ و پێویستی بە بەرزبوونەوە نییە و، بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەرەو پێشەوە بۆ لای ئامانجەکە دەفڕێ و؛ جیاوازییەکی دیکەی مووشەکی کڕووز لەگەڵ فڕۆکەی موسافیرهەڵگر ئەوەیە کە لە بواری درێژایی و پانایی بە هیچ شێوەیەک وەک یەک ناچن.
شەشەم، لە ڕوانگەی خاوەن نەزەرانی نیزامییەوە ئەو پرسیارە هاتۆتە ئاراوە کە فەرماندەیی سپای پاسداران و یا فەرماندەی هێزی بەرگریی ئاسمانی، لەبەر چ پێویستییەک ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەیان وا بەپەلە لە نزیک فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی دامەزراندوە و لە هەمان کاتدا بۆچی پێشگیرییان نەکردوە لە فڕینی فڕۆکەکان.
بە پێی ئەو خاڵانەی لە سەرەوە باسمان کردن بەو ئاکامە دەگەین کە بەردانەوەی ئەو فڕۆکەیە چ خەتای ئینسانی بێ و چ خەتای تکنیکی، دەچێتە خانەی جەنایەت و کوشتاری بە ئانقەستی خەڵکی بێتاوان و لە هەمان کاتدا هەروەکی پێشتر باس کرا فڕۆکەی موسافیری یا بازرگانی هەر وڵاتێک بەپێی قانوونە نێودەوڵەتییەکان خاکی ئەو وڵاتەیە، هەر بۆیە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بێجگە لەوەی جینایەتی خولقاندوە، لە هەمان کاتدا بە بەردانەوەی ئەو فڕۆکەیە هێرشی کردۆتە سەر خاکی دەوڵەتی ئۆکراین. هەر دووی ئەو بابەتانە بەرپرسایەتیی قانوونی و دادوەری دەخاتە سەر شانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەو مانایە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر بنەماڵەی قوربانییانی ئەو کارەساتە بەرپرسە و لەسەریەتی قەرەبووی مادی و مەعنەوییان بکاتەوە، لەبەر ئەوەی موسافیرەکانی ئەو فڕۆکەیە خەڵکی چەندین وڵاتی جیاوازن، کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە لەگەڵ قانوونی چەند وڵات بەرەوڕوو دەکاتەوە، بەو مانایە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە ئێران لە گەڵ ئەو وڵاتانە تووشی “تعارض قانون” دەبێ و لە ئاکامدا ناچار دەبێ بە پێی قانوونی نێودەوڵەتی قەرەبووی مادیی ئەو بنەماڵانە بکاتەوە، کە ڕادەکەی زۆرە.
هەر ئەوەشە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پەنا دەبەنە بەر ئەو ئەسڵە لە قانوونەکانی خۆیاندا کە “دوتابعیتی” قەبووڵ ناکەن، دەشزانین ڕادەیەکی بەرچاو لە کوژراوەکان “دوتابعیتی”ـی بوون و، کۆماری ئیسلامی ئەگەر بەپێی قانوونەکانی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوە دوو وڵاتییەکان ڕەفتار بکا، تەنیا خۆین‌بایی (دیە)یان پێ دەدا کە بڕە پارەیەکی کەمە لە چاو ئەو قەرەبووەی قانوونی نێودەوڵەتی دیاریی کردوە. بێجگە لەوە کۆماری ئیسلامی لە بواری سیاسییەوە دەبێ بەفەرمی لە هەموو ئەو وڵاتانە کە لەو کارەساتەدا زیانبار بوون عوزر بێنێتەوە و، لە بواری مادییەوە دەبێ قەرەبووی دەوڵەتی ئۆکراین و شیرکەتی خاوەنی فڕۆکەکە بکاتەوە کە، ئەوەش خۆی هەم لە بواری قانوونییەوە و هەم لە بواری مادییەوە تێچوویەکی زۆر بۆ کۆماری ئیسلامی هەڵدەگرێ.
سەرەڕای ئەوانە بەردانەوەی ئەو فڕۆکەیە زیانێکی گەورەی لە هێڵی ئاسمانیی ئێران داوە و، ئەگەر کۆماری ئیسلامی پێبەند نەبێ بە قەبووڵی بەرپرسایەتی و قەرەبووی بنەماڵەی قوربانییان و دەوڵەتانی زیان وێکەوتوو، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی باش هێڵی فڕۆکەوانیی موسافیری ڕاستەوخۆ ڕوو لە ئێران نەکا و خەتی فڕۆکەوانیی جیهانیش بە ڕادەیەکی بەرچاو هاتوچۆیان کەم بکەنەوە، کە ئەوەش بۆخۆی زیانێکی گەورە بە کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیاری و بازرگانی ئێران دەگەیەنێ و؛ لە ڕاستیدا هەزینەکەی دەبێ وەک هەموو گێرەشێوێنییەکانی دیکەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە سەر شانی گەلانی ئێران.