Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۷ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۸ | 26/02/2020 | کاتژمێر:
ئەندیشە

تەعامول یا تەقابول؟ هەڵسوکەوتی گونجاو لەگەڵ ئایین!

05/02/2020 | 10:27:52
+A
-A
وریا ڕەحمانی

یاسای سێیەمی نیۆتۆن دەڵێ؛ «ھەر پەرچەکردارێک لە نەتیجەی کردارێکدا دێ. واتە چێبوونی ھەر پەرچەکردارێک وڵامێکی ڕاستەخۆیە بە کارکردی کردارێکی تایبەتەوە.»
حەقانییەتی ئەم یاسایە لە دنیای سیاسەتیشدا زۆر واقعی و ھەست پێکراوە. ھیچ حیزب یان ڕەوتێکی سیاسی لە بۆشاییدا دروست نابێ، بەڵکوو یا لە وڵامی زەروورەتێکی مێژوویی یا وەک پەرچەکردارێک لە بەرامبەر کردارێکدا پێک دێ. کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، ئەسناف و … بە مەبەستی بەرگری لە ماف و داخوازییەکانیان سەندیکا و ڕێکخراوی پێوەندیدار پێک دێنن. ھەرچی ھەڵاواردنی چینایەتی لە کۆمەڵگەیەکدا زیاتر بێ و مەودای نێوان خەڵکی هەژار و دەوڵەمەند زۆرتر بێ، بەستێنێکی لەبارتر بۆ چێبوون و گەشەی حیزبە چەپییەکان خۆشتر دەبێ. پێکھاتنی ئەحزاب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە چەوسانەوە یا مەترسیی نەتەوەییەوە ھەیە. ھەر بەم پێیەش پێکھاتنی ڕەوت یا حیزبێکی ئایینیش ھەر لەم چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە. ھەرچەند ڕەنگە ھۆکارەکان ھەمیشە و لە کۆمەڵگە جیاوازەکان ڕێک وەک یەک نەبێ و بابەتی پێشکەوتەبوون و دواکەوتوویی وڵاتانیش کاریگەریی تایبەتیی خۆی ھەیە. واتە وجوودی ڕێکخراوێکی تایبەت یا حیزبێکی سیاسی لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا وڵامێکە بە نیازی بەشێک (کەم یا زۆر) لە ھاووڵاتیان، کەچی زۆربەی کات ئەوەی ڕەوتێکی تایبەت یا حیزبێکی سیاسی لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا پێک دێنێ ھەست بە مەترسی کردنی بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتەیە. بەواتایەکی دی بوونی ڕێکخراوی جیاواز و ڕەوتە سیاسییەکان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا دەرفەتێکە بۆ بەھرەمەندبوونی زیاتر و کەلکوەرگرتن لە زەرفییەتەکانی وڵات، کەچی زۆربەی کات بوونی ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بۆ ڕەواندنەوەی ھەڵاواردن و مەترسیی زەرەرمەند بوون و ھەندێ جار تەنانەت لەنێو چوونیشە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە و وڵاتە دواکەوتووەکان ئەوەیە کە ئەزموونی مرۆڤایەتی بە ئەزموونی خۆیان نازانن و پێیان وایە ھەر نۆرمێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی، بۆخۆیان دەبێ ئەزموونی بکەن. بۆ وێنە کۆمەڵگەی ئەمریکا و ئورووپای ڕۆژئاوای ئێستا پێیان وا نییە دەبێ حەتمەن ئەزموونی حکوومەتێکی ئیدئۆلۆژیک بکەن، بەڵکوو بە دیتنی حکوومەتە ئیدئۆلۆژیکە کۆمۆنیستی و ئایینییەکان وەک ئەزموون کەلکی لێ وەردەگرن و ئیتر خۆیان لە کانتێکستێکی وا نادەن. بەڵام ئەم شێوەیە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا کەمتر بەرچاو دەکەوێ. ھێشتاش بەشێک لە خەڵکی ئەمریکای لاتین و خۆرھەڵاتی نێوەڕاست خەون بە دروستبوونی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی و ئایینییەوە دەبینن.
یەکێک لە کێشەکانی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە کە لە چەشنی پەرچەکردار بەرامبەر بە ئەجێندای سیاسی و ئیدئۆلۆژیکیی حکوومەتەکانیاندا بەرجەستە دەبێتەوە، ئەوەیە کە بە گشتی کۆمەڵگە ڕێبازێکی دژبە ڕەوت و نۆرمی حکوومەت لەپێش دەگرێ. بۆ نموونە کۆمەڵگەی ئێرانی ئێستا بە کوردستانیشەوە لە بەرامبەر حکوومەتی مەزھەبیی کۆماری ئیسلامیدا ئاراستەیەکی سێکۆلارتری بەنیسبەت وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە ھەیە. کەچی ڕێک بەپێچەوانەوە کۆمەڵگەی تورکیە و عێراق و سووریە بە کوردستانەکانیشیانەوە لە بەرامبەر حکوومەتی غەیرەمەزھەبیی وڵاتەکانیانەوە ئاراستەیەکی ئایینییانەتریان گرتوەتە بەر. هەڵبەت لەمەڕ باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان نابێ لە هەڵسوکەوتی ئەحزابی کوردستانیی ئەو پارچانە کە بە گشتی وەک ئەحزابێکی چەپ ڕوویکردێکی تەقابولییان لەگەڵ ئایین ڕەچاو کرد؛ چاوپۆشی بکەین. بەڵام لەسەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان سەرەڕای ڕوویکردی تەقابولیی حیزب و لایەنی تر ھەڵسوکەوتی تەعامولیی حیزبی دێموکرات وەک سەرەکیترین و کاریگەرترین حیزبی سیاسیی ئەو پارچەیەی کوردستان لەگەڵ ئایین، کاریگەریی زۆری ھەبوو بۆوەی کە خەڵک لە ڕوویکردێکی دژەسێکۆلاریزم و عەلمانییەتدا ئایین وەک ئەجێندای سیاسیی خۆیان ھەڵنەبژێرن؛ بەڵکوو وەک بیر و باوەڕێکی شەخسی لەلای خۆیان بیپارێزن.
کانت لە تێبیینیی دەورانی دوای سەدەکانی نێوەڕاستدا دەڵێ: «یەکێک لە کارکردە ئەرێنی و دیارەکانی ڕێنێسانس لە ئورووپادا ئەوە بوو کە بە جیاکردنەوەی دین لە دەسەڵات، لە ڕاستیدا کەرامەتی بۆ ئایین گەڕاندەوە و دین لە ئامرازێک بۆ سەرکوت و تۆقینی خەڵکەوە، بوو بە توخمێک بۆ ئارام کردنەوە و ھێمنایەتی بەخشین بە خەڵک و بەم چەشنە پێگەی ڕێزدار و حەقیقیی خۆی لەنێو کۆمەڵگەدا دۆزییەوە.»
تەجروبە نیشانی داوە کە هەرچی ھێرشی زیاتر بکرێتە سەر دین ھیچ کە پێگەکەی لاواز نابێ بەڵکوو بەرەو ئاقارێکی مەترسیداری دەبا. ئەزموونی نزیک بە حەفتا ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆمۆنیزم لە سۆڤیەت، چین، وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئورووپا و ئەمریکای لاتین، سەلمێنەری ئەم وانەیەن. ئایینیش وەک ھەر چەمکێکی مەوجوودییەت ھەڵگری دی کاتێک کە ھێرشی بۆ بکرێ و بوون و مانەوەی خۆی لە مەترسیدا ببینێ، ھەوڵی خۆپاراستن و بەرگری لە خۆی دەدا کە بە ھۆی ئەوە بنەمایەکی ئیدئۆلۆگە، ئەم بەرپەرچدانەوەیە ئاکامی باشی لێ ناکەوێتەوە.
لە بارودۆخێکی وەھادا هەم توندئاژۆیی ئایینی پەرە دەستێنێ، هەم هەوڵی بەڕێکخراو بوون و بەڕێکخراو کردن گەشە دەکا، هەمیش لە چوارچێوەی شەخسی و مزگەوتەکانەوە بەرەو ناوەندەکانی کۆمەڵگە شۆڕ دەبێتەوە و، لە ئاکامدا وەک ئەجێندایەکی سیاسی بەرەو بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات دەخوشێ.
لە ڕاستیدا ڕێگەی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ فێندەمێنتالیزمی ئایینی و ئیسلامی سیاسی، وەک نموونە، لە دژایەتی و ڕوویکردێکی تەقابولیدا خۆی نابینێتەوە. بەڵکوو ڕێک بەپێچەوانەوە بۆوەی بەرەو ئاقارێکی توندوتیژی و ئاسۆیەکی مەترسیدار نەچێ، پێویستی بە ڕوویکردێکی تەعامولی و هەڵسوکەوتی نەرم ھەیە.