وەزیری بەرگریی تورکیە ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیەوە ٧٦ سەربازی سووریمان کوشتووە
دوای کوژرانی پێنج سەرباز و سێ کارمەندی دیکەی کەرتی سەربازیی تورکیە لە بۆردوومانی هێزەکانی سووریە لە باکووری ڕۆژئاوای ئیدلب، وەزیری بەرگریی تورکیە ڕایگەیاند، کە ٧٦ سەربازی رێژێمی سووریەیان کوشتوە .
“خولوسی ئاکار'”، وەزیری بەرگریی تورکیە ڕایگەیاند، ٥٤ بنکەی سەربازیی ڕێژیمی سووریەیان لە ئیدلب کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە ٧٦ سەربازی دەوڵەتی سووریە کوژراون.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی تورکیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو سەربازانەی وڵاتەکەی کە لە ئیدلب کوژراون گەیشتووەتە پێنج سەرباز و کەسێکی مەدەنیش کە لەگەڵ سپای تورکیە بووە. بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئۆکراین ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوەکان گەیشتۆتە هەشت کەس کە پێنج یان سەرباز و سێ کەسی دیکەیان کارمەندی کەرتی سەربازیین.
دوای کوژرانی ئەو ژمارە لە سەرباز و کارمەندی کەرتی سەربازی تورکیە، وەزارەتی بەرگریی تورکیە ڕایگەیاند، ئەوانەی ئەو کارەیان ئەنجامداوە بە سزا دەگەیەندرێن و لە هەر هێرشێکی لەو شێوەیەشدا بەرگریی لەخۆیان دەکەن .
تورکیە ١٢ بنکەی چاودێری لە ناوچەکانی ئیدلب هەیە، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی ڕووسیەیە و ڕووسیەش کە پاڵپشتی حکومەتی دیمەشق دەکات.
سپای ڕووسیە ئاماژەی بەوەدا کە تورکیە لەو ئۆپەراسیۆنەی لە ئیدلب دەستیپێکردووە ڕووسیەی ئاگادارنەکردۆتەوە ، بۆیە کراوەتە ئامانج. هێزە سەربازییەکانی تورکیە شەوی ١٤ی ڕێبەندان بێ ئەوەی زانیاری بە لایەنی ڕووسیە بدەن، بەرەو ناوچەی ئیدلب پێشڕەویان کردووە.