Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۷ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۸ | 26/02/2020 | کاتژمێر:
چالاکی

كۆبوونەوەی باڵای شاندەکانی ناوەندی هاوكاری حیزبەکانی كوردستانی ئێران بەڕێوەچوو

29/01/2020 | 10:26:35
+A
-A

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٨/١١/٩٨ کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ئاستی بەرپرسانی یەکەم و باڵای حیزبەکان پێک هات.
دەستپێکی کۆبوونەوە بە خێرهاتنی هاورێیانی بەشدار لە لایەن بەرێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاری بوو، پاشان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی قوربانیانی بوومەلەرزەی باکووری کوردستان و هەموو شەهیدانی کوردستان خولەکێک بە بێدەنگی بە پێوە راوستانی راگەیاند.
بە دوای ئەوەدا دەستووری کاری کۆبوونەوەی خستە بەر نەزەری هاوڕێیانی بەشدار لە کۆبوونەوە و پاش پەسەند کردنی، یەکەم بڕگەی کۆبوونەوەکە ئاوڕدانەوە و هەڵسەنگاندنێک بوو بۆ کار و پێوەندییەکانی ناوەند لە ئاستی نێونەتەوەیی و پێوەندی بە پرسی کورد لە کوردستانی ئێران ، دوای تاوتووێ کردنی ئەم بابەتە کوبوونەوە هەنگاوەکانی ناوەندیی بەرز نرخاندو کۆمەڵێک راسپاردە و بڕیاری بۆ بە ئاکام گەیشتنی بەرنامەی کاری ناوەند بو هاورێیانی هەیئەتی دیاری کراو سپارد.
بڕگەیەکی دیکە کاری ناوەند باس لەسەر رەوشی سیاسی رێژیمی ئێران و ئەو قەیرانانەی بوو کە هەموو جۆمگەکانی سیستم و دەسەڵاتی رێژیمی گرتووەتەوە و رێژیمی لە هەموو بوارێکەوە تووشی داماوی و پەراوێز خستنەوە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە، لەم پێوەندییەدا باسێکی چڕ و پڕ کرا و دوای ئەو باسە هەمەلایەنە و هەستیار بوونی رەوشی ئێران و کوردستانی ئێران و هەستی نیشتمان پەروری و ماف خوازی کۆمەلانی خەلکی کوردستان کە لە خۆپیشاندان چەند مانگی رابردوو ئیرادەی خەبات گێڕی خۆیانیان لە بەرانبەر سیاسەتی زەبرو زەنگی رژیم نشان دا بەو راپەڕینە جەماوەری و بوێرانەیە سەڵماندیان کە رۆڵەکانی گەلی کورد لە بەرانبەر دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستی دا لە خەبات و بەرخۆدانیان تا گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەیەکانیان لە خەبات دان، کۆبونەوە وێڕای بەرزنرخاندنی ئەم خەباتە پڕلە شانازیەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران لە سەربەرینتر کردنی ئەم خەباتە جەماوەریی و چالاکتر کردنی ناوەندی هاوکاری لە هەموو رەهەندەکانی خەبات بە تایبەت سیاسی و دیپلۆماسی لە گەڵ کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەیەکان و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و کوردستانی بڕیاری دا لێژنەکانی ناوەندی هاوکاری چالاکتر هەنگاوی بۆ هەڵگرن. هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی هەیئەتەکانی ئەرکدار کرد لە بواری کاری هاوبەشی رێکخراوەیی و گرینگی دان بە خەبات مەدەنی و پێشمەرگایەتی و راگەیاندن گرینگی تەواو بدەن و لە بواری کردەییدا بەرنامەی ناوەندی هاوکاری بە ئەنجام بگەیەنن.
لە کۆتاییدا کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای ناوەندی هاوکاریی لە کەشێکی دوستانە و دوای چەندین کاتژمێڕ کۆتایی بە کارەکانی هێنا و بەرێز مستەفا هیجری سپاسی بەشداری هاوڕێیانی کرد.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٨ی رێبەندانی ١٣٩٨
٢٨ی ژانویە ٢٠٢٠