کوڕێکی لاوی خەڵکی مەهاباد و تازە بووکێکی سەردەشتی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ڕۆژی هەینی ٤ـی ڕێبەندان کوڕێکی لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی “عەبدوڵلا خزرپوور” کوڕی ئەحمەد، خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی گەڕەکی فەلەکەی شوانەی مەهاباد بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە تازە بووکێکی خەڵکی “بناوێ”ـی سەردەشت بەناوی “سەیران ئەحمەدزادە” ڕۆژی شەممە ٥ی ڕێبەندان بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
جێگای ئاماژەیە کە دیاردەی خۆکوشتن بووەتە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و زۆربەی ڕۆژەکان خەڵکی ئێران و کوردستان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. بێکاری، بێ هیوایی، نەداری و کێشەی بنەماڵەیی و دەیان کێشەی دیکە سەرەکیترین هۆکاری خۆکوشتنن و تا ئێستاش لەلایەن دەزگا پێوەندیدارەکانی کۆمار ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی زانستی هیچ بەرنامە و پلانێک بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە یا بۆ کەمکردنەوە لە ئارادا نییە.