دوو کۆمپانیای چینی و فەڕانسەیی لە ڕێککەوتنی نەوتی پارسی باشووری ئێران چوونە دەرەوە.
لە درێژەی ڕەوتی داڕمانی یەکجاری ئابووریی ئێران بە هۆی سیاسەتە ئاڵۆز و ئاژاوەگێڕیەکانی کۆماری ئیسلامی، وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە کۆمپانیای نەوتی چین و تۆتاڵی فەڕانسە لە ڕێککەوتنی گەشەی قۆناغی ١١ی پارسی باشوور چوونە دەرەوە.
بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە بە هۆی نەبوونی تەکنۆلۆژی دەرەتانی پەرەپێدانی بەشی دووهەمی مەیدانی گازی پێترۆ پارسمان نییە.
شایانی باسە کە ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە ئەمریکا بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاندوویەتی، بەتەواوەتی جومگەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، و تەنانەت سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیشی گرتۆتەوە وتەنگی پێهەڵچنیون و سەرەڕای بانگەشەی درۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناکاریگەریی گەمارۆکان، بەڵام ڕۆژبەڕۆژ ئاسەوارەکانی بەرچاوتر دەردەکەوێ و ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵکیش کاریگەری نەرێنی دادەنێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی سیاسەتی هەڵە، تێرۆر، ناکارامەیی، ئاژاوەگێڕی و دووبەرەکی لە ناوچەکە و جیهاندا بۆتە هۆی داڕمانی ئابووری ئێران و هەژارکردنی خەڵک و نەهامەتی گەلانی ئێران و شیرازەی ئابووری و ژیانی خەڵکی تێک داوە.