سێ کچی کوردی خەڵکی مەهاباد و بۆکان لە کێبڕکێیەکانی کاراتەی لاوانی شاری تەورێزدا خەڵاتی زێڕ و زێویان بەدەست هێنا.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، سێ کچی کورد بە ناوەکانی “سەبا کاکلە” و ” ماهیدە کاکلە” و “فەریماه پوورپەرویزی” لە کێبەرکێکانی کاراتەی لاوان لە پارێزگای تەورێز کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ـی ڕێبەندان بەڕێوە چوو، سێ خەڵاتی زێڕ و زێویان مسۆگەر کردوە. ئەو سێ کچە کوردە خەڵکی پارێزگاکانی مەهاباد و بۆکانن و لە شاری تەورێز نیشتەجێن. جێگای ئاماژەیە کە بەهۆی سەرکەوتنی ئەو سێ وەرزشوانەوە، بڕیارە ڕێکەوتی ٢٨ـی ڕێبەندانی ئەمساڵ بۆ بەشداربوون لە یاری و کێبەرکێکانی دیکەی وەرزشی ڕەوانەی تاران دەکرێن. شایانی باسە کە لاوان و گەنجانی کورد لە زۆربەی بوارە وەرزشییەکاندا سەرکەوتوو بوونە و زۆر قارەمانیەتیی دیکەیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەدەست هێناوە.