بۆ سێیەم جار، بوومەلەرزە لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان ڕوویدایەوە و بوومەلەرزەیەکی دیکە بەگوڕی 5.1 پلە بە پێوەری ڕیشتێر ئەو پارێزگایەی هەژاند.
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئەمە سێیەمین بوومەلەرزەیە لەو ناوچەیە وبەهۆی بوومەلەرزەکانیشەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم ٢٩ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون؛ زیانی ماددی زۆریش لە خەڵکی ناوچەکە کەوتووە و بە هۆی سەرما و کەش وهەواوە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا دەژین.
بەپـێی دەزگای ژێیۆلۆژی ئەمریکا بۆ چاودێری بوومەلەرزە لە جیهاندا، ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٨:٥٥ خولەکی شەو بە کاتی خۆجێیی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٧ پـلە بە پـێوەری ڕیشتێر و لە قووڵایی ١٠ کیلۆمیتر لە ناوچەیەکی داوە کە ٢٣ کیلۆمتر لە باشووری ڕۆژئاوای سیڤریجە و ٤ کیلۆمیتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کەفەردیز و ١٠٥ کیلۆمیتر لە باکوری ڕۆژئاوای دیاربەکر دوورە.
شایانی باسە کە دوێنێ هەواڵدەرییەکان باسیان لە گیان لەدەستدانی ٢٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزارکەس دەکرد بەڵام ئامارە نوێییەکان تا ئێستا ژمارەی قوربانیان بە ٢٩ کوژراو و زیاتر لە هەزارکەس بریندار ڕاگەیاندوە .