دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵامی داوایەکی وەزیری دەرەوەی ئێران” محەممەد جەواد زەریف” بۆ دانوستان دەداتەوە و دەڵێ: “پێویست ناکات”.
دۆناڵد ترامپ لە تویتێکدا نووسیویەتی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە وڵاتەکەی بە هەڵگرتنی سزاکان ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکات، لە بەرامبەردا ترامپ تەنیا بە دوو وشە وڵامی زەریفی داوەتەوە و نووسیویەتی: “نەخێر سوپاس″، ئەوە وەک وڵامێک کە واشینگتۆن بە هەڵگرتنی سزاکان ئامادە نییە دانوستان لەگەڵ تاران بکات.
دوێنێ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی”دێرشپگیلی” ئەڵمانی رایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی دوای کوژرانی قاسم سلێمانیش، ئامادەیە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکا.
ترامپ جیا لە زمانی ئینگلیزی، بە زمانی فارسیش، ئەو پەیامەی ئاراستەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە زمان خامنەییەوە دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە بەڵام لەلایەکی دیکەوە بە پێچەوانەی لێدانەکانی عەلی خامنەیی، ڕۆحانی و زەریف داوای دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکەن.