کارناسی بەشی پەروەردە “بێهناز شەهنەواز” لەسەر بابەت و هۆکاری دابڕانی قوتابیان لە خوێندن بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بەزمانی دایکی خۆیان ناخوێنن هۆکارگەلی جیاوازی دەستنیشان کرد و وتی: “گرینگترین هۆکاری دابڕان لە خوێندنی قوتابیان مامۆستایە. قوتابی لە خوێندن دادەبڕێ لەبەرئەوەی کاتێک دەچێتە قوتابخانە لە زمانی کتێبەکان و مامۆستاکان تێناگا و مامۆستاکەش لەبەرئەوەی زمانی قوتابیان نازانێ ناتوانێ بە باشی تێیان بگەیەنێ و هەربۆیە بە دڵنیاییەوە قوتابی بێزار دەبێ و لە خوێندن دادەبڕێ”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “لە دابڕان و هەروەها دانەبڕانی قوتابیان لە خوێندن مامۆستا هۆکاری سەرەکییە و دەبێ مامۆستاکان زمانی قوتابیان بە باشی بزانن و هەستی دڵسۆزی و بەرپرسارەتییان هەبێ”.
شەهنەواز هەروەها دەڵێ: “سیاسەتی زاڵ بەسەر پەروەردەدا دەبێ گۆڕانکاری بەسەردابێ و مامۆستایان دەبێ لە ناوچەکانی خۆیاندا بمێننەوە”.
شایانی باسە کە هەڵاواردن بە هەموو شێوەیەک لە کۆماری ئیسلامیدا هەرلەسەرەتای دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی مەترسیدار و بەتایبەت بۆ سڕینەوەی زمان و فەرهەنگەکانی دیکەی گەلانی ئێران و بە مەبەستی بە فارس کردن و خەیاڵی یەکدەست کردنی کۆمەڵگەی ئێران بۆ سەپاندنی ئاسانتری دەسەڵاتی ناوەند بەسەر گەلانی ئێراندا دەستی پێکرد و ڕۆژبەڕۆژ بەرەو هەڵکشانە و کۆماری ئیسلامی لە ئاخرین هەوڵی خۆیدا گەڵاڵەی” بسندگی زبان مادری” لە وەزارەتی پەروەردەدا پەسەند کرد کە سەرەڕای ڕەخنە و ناڕەزایەتی چالاکانی بواری پەروەردە و زمان، لە چەند ناوچەی ئێران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.