Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۷ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۸ | 26/02/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

“دارسمە”ش بووەتە گالیلە

21/01/2020 | 14:34:48
+A
-A

ئەم گالیلەیه تۆوێکی خراپی بۆ چاندووین. هەمووی خەتای ئەوە. «کۆپرنیت»زانای پێش گالیلە، زۆر لە گالیلە زووتر زانبیووی زەوی وەک ئەستووندەک نەچەقێنراوە و چەقی ڕەق و تەقی هەسارەکان نییە و «خۆر»یش وەک فڕفڕە بە دەوریدا ناسووڕێتەوە.

ئەو دەیزانی زەوی لەکاتێکدا بە ٢٤ کاتژمێر جارێک وەک خولخولە بە دەوری خۆیدا هەڵدەسوورێ، لە هەمان‌کاتدا بەدەوری خۆریشدا دەخولێتەوە. بەڵام «کۆپرنیک»ی زانا وەک گالیلە خوا لێی‌ نەگۆڕیبوو و ئەم خول و سووڕانەی گۆی زەوی نەکردبوو بە هاتو‌هاوار. ئەگەر کاک ناگالیلە بێدەنگەی لێکردبایە، ڕەنگە‌ ئێمەش نەمانزانیبایە زەوی بەم خێراییە بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە و فێری بێدەنگی دەبووین و حیز و سەلامەت ژیانمان ڕادەبوارد.

منی دارسمەش دەردی گالیلەم گرتوە و خەریکم سەری خۆم بە فەتەڕات دەدەم. بەخۆم و بەم سەرودەنووکە بچووکەم دەمهەوێ دەست و قاچی «ئاغا» بخەمە نێو کاژەڵاکی گوێزەوە. دەڵێن جاری جاران ئەگەر هەتیو مەتیوی توقە و سۆدرە، پشیلەیان دەگرت، سەری پەنجەی هەر چوار دەست و قاچیان دەخستە نێو نێوەی قاپۆرە گوێزێک. جا پشیلەی ماڵوێران لە چەنگ و نینۆک دەکرا و نە دەیتوانی بۆ پێشەوە پەل باوێ و نە دەشیتوانی بۆ دواوە بگەڕێتەوە و هەر دەبوو هەوڵی بێهوودەی دابا. «ئاغا»ش لە ئەم ڕۆژانەی دواییدا بە مەردەی پشیلەی گۆرین چووە و دوای ٨ ساڵ، هەفتەی ڕابردوو یەکەم جار بوو قەنناسە بەدەست هاتە نێو خەڵك و چەند کڕنۆشێکی بەدرۆی بۆ خوا برد. بەڵام دیاربوو هەر چوارپەلی لە نێو توێکڵە گوێزدا ماونەتەوە.

ئێستا ئەم پرسیارە لای کەسانی وردبین و چازان دەخوڵقێ کە ئەم شێر و ڕێوی هێنانەوەیە چ پێوەندییەکی به گالیلە و مالیلەوە هەیە؟ پێوەندییەکەی ئەوەیە ئەوەی من لە خواروە سەبارەت بە «ئاغا» دەیڵێم، زانایانی بەر لە منیش دەیزانن، بەڵام ئەوان وەک کۆپرنیگ بێدەنگەیان لێی کردوە و منیش گالیلەئاسا خەریکم ملی لە دەزوو باریکترم دەخەمە بەر گیوتینەوە.

جا ئەمجارە وەرنە سەیری ئاغا کە چۆن قاچ و دەستی لە نێو توێکڵە گوێزکاندا گیری خواردوە،  پەل داوێ و ناتوانێ هەنگاوێک بچێتە پێشەوە.

دیسان دەیڵێمەوە، ئەوەی لەمەدوا باسی دەکەم، تەنیا تۆزقاڵێکیشی خۆم نەمدۆزیوەتەوە و هەمووی کاری «کۆپرنیک»ەكانی دیکەیە:

– ئەوان دەزانن ئابووریی وڵات ڕووخاوە و «ئاغا»ش باسی سەربەخۆیی ئابووریمان بۆ دەکا و من دەیڵێـم.

– ئەوان دەزانن هەناردەی نەوتی ماڵی «ئاغا» لە مانگانە ٣ میلیۆن و نیو بەرمیلەوە بۆ خوارووی ٣٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە و هەر من دەیڵێـم.

– ئەوان دەزانن وڵات بێ فرۆشتنی نەوت ناتوانێ لە بواری ئابوورییەوە لەسەر قاچی خۆی بوەستێ و هەر من دەیڵێم.

– ئەوان دەزانن درۆی گرفتی تەکنیکیی فرۆکە ئۆکرانییەکە لەلایەن ماڵی «ئاغا»وە سازکرابوو و هەر من‌ دەڵێم.

– ئەوان دەیانزانی بە دوو مووشك فڕۆکەکە پێکرابوو و هەر من دەیڵێم.

– ئەوان دەیانزانی کاتێک فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە فرۆکەخانەی ئیمام هەرامەوە هەستاوە لە ژێر چاودێریی سوپای پاسداراندا بووە و هەرمن دەیڵێـم.

– ئەوان دەیانزانی فڕۆکەکە هەتا لە ئاسمانی ئێران دەردەچێ، لەنێو بورجی چاودێریی فرۆکەخانەدا لە سەر مۆنتیۆری ئامێری چاودێری دیار دەبێ و هەر من دەیڵێم.

– ئەوان دەیانزانی ئەگەر پەدافەند تەقەی لە فرۆکەی شەڕکەر کردبایە نەیدەنگاوت، بەڵام هەر لە نێو مۆنیتۆری باندی چاودێریەوە ئەم فڕۆکەیە ئەنگێوراوە و هەر من دەیڵێـم.

– ئەوان دەیانزانی نەوەیەکی خومەینی بڕیاربووە لەگەڵ ئەم فڕۆکەیە بڕوات و گێڕاویانەتەوە و هەر من دەیڵێـم.

– ئەوان دەزانن ئاغا بە خۆی و بە دارودەستەی ئەوەندە بچووک بووەتەوە لە نێو توێکڵە گوێزێکدا جێگەیان دەبێتەوە و بۆ هەمیشە خللۆر دەبنەوە، ئەویشیان هەر من دەیڵێـم.

بروا بکەن ئەوەی گوتم هەمووی وڕێنەبوو. یانی وڕێنە نا هەمووی لە خەیاڵ و فانتازیای هەستی بەگالیله بوون سەرچاوەی ورگرتبوو. ئێستاشی دەگەڵدا بێ کە چاوتان پیت‌ و وشە و ڕستە و دێڕانەی پێکهێنەری ئەم نووسراوەیە دەنگێوێ، هەر وام دەزانی گالیلەم. بەڵام ئێستا بیری لێ دەکەمەوە دەڵێم خوایە زۆر شوکر نەبووم بە گالیلە و هەروا دارسمەم.

ئەگەر دارسمە نەبوایەم، ناچار بووم باسی زۆر شتی دیکە بکەم کە هەم ئێوەی کۆپرنیک سیفەت دەیانزانن و هەم منی گالیلە سیفەت.  ئیدی ئەوکات ئێوە لە زانایی خۆتانتان دەفشی و بە گەوجیەتیی من پێدەکەنین. خۆ ماڵی «ئاغا» بە خۆی و بە دارۆغە و مارۆغەکانی ئەوەندەیان تین دەبەردا نەماوە و لە گیانەڵڵادان. بەڵام چاوی جاسووسێم کوێر بێ و ئەنگوستی پەلپێتێکیم شکێ، ئەگەر منیش زۆری لە‌دوو بدەم و ئەوەی بن بەڕەی بخەمە سەربەڕەی، وەک گالیلە دەکەومە بەر غەزەبی کلیسا و وەک عەبولعەزیزە کۆرەی داسنی دەبێ بووکی خۆم بە نامرادی بنێرمەوە ماڵی دەباوان. هەر لەبەر ئەمەشە دارسمەم و دەچمەوە سک دارکوتانی خۆم و ئەگەر گالیلەش مابایە پێم دەگوت: «سەری گوتیە زمانی، هەتا ئەتۆم جیرانی، خۆشیم نایەتە گیانی.”