Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی رێبه‌ندانی ۱۳۹۸ | 17/02/2020 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

ڕێژیمی ئێران و حەیاچوونێکی کارەساتبار

21/01/2020 | 13:32:41
+A
-A
و: کەماڵ حەسەن‌پوور

هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ نیشاندانی خۆی وەک قوربانیی شەڕەنگێزیی وڵاتە یەکگرتووەکان پاش کوشتنی ژەنڕاڵ قاسم سولەیمانی بۆتە ئابڕووچوونێکی کارەساتبار لە نێوخۆ و سەرانسەری دونیا دوای ئەوەی کە هەزاران خۆپیشاندەر ڕژاونە سەر شەقامەکان و تووڕەیی خۆیان ئاراستەی درۆیەکانی ڕێژیم دەکەن.
دوای سێ ڕۆژ حاشاکردن، تاران بەرپرسیاریی هێرشی مووشەکی دژی فڕۆکە، کە بووە هۆی بەربوونەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئوکراین لە نزیک فڕۆکەخانەی ناودەوڵەتیی تاران و کوژرانی ١٧٦ کەس، لە ناویاندا شارۆمەندی ئێران، کانادا، ئەڵمان و سوێد. ددان پێدانانەکە کاتێک هاتە ئاراوە کە تێکنیسییەنە ئۆکراینییەکان لەتکوپەتکی مووشەکیان لەپاڵ پاشماوەی فڕۆکەکەدا دیتبۆوە کە حاشاکردنەکانی کاربەدەستانی ئێرانییان پووچەڵ دەکردەوە. کاربەدەستانی ئێرانی پێیان لەوەنا کە هەڵەکە بە هۆی ئەوە قەوماوە کە هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، دوای هێرشی مووشەکیی بۆ سەر دوو بنکەی سەربازیی لە عێراق لە حەوتووی ڕابردوودا، لە حاڵی ئامادەباشیدا بوو.
بەڵام ئەوە ئەو دوایین فریودانە لە لایەن ڕێژیمی ئێران بوو کە بووە هۆی خۆپیشاندان دژی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی. سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان دۆنالد ترامپ، کە لە دووهەمی ژانوییەدا بڕیاری کوشتنی سولەیمانیی دا، لە هاندانی خۆپیشاندەران خێرا بوو و هۆشیاریی دا بە تاران کە خۆ لە سەرکوت کردنیان ببوێرن. ترامپ سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا بە زمانی فارسی کە وشەکانی بە وشیارییەوە هەڵبژێردرابوون نووسی:
“بۆ ڕێبەرانی ئێران: خۆپیشاندەرەکان مەکوژن. هەر ئێستا هەزاران کەس بە دەست ئێوە کوژراون، و دونیا چاوی لەسەر ئێوەیە. لەوەش گرینگتر، وڵاتە یەکگرتووەکان چاوی لەسەر ئێوەیە. ئینتەرنێت ئاواڵا بکەنەوە و ڕێگا بە هەواڵنێران بدەن کە بە ئازادی بجووڵێن و کاری خۆیان بکەن!” ترامپ لە تویتێکدا نووسی، “دەست لە کوشتنی خەڵکی مەزنی ئێران هەڵگرن!”
بۆ هەندێک چاودێر، خۆپیشاندانە خۆڕسکەکان لە کۆتایی حەوتوودا وەک ئالنگارییەکی کوشندە بۆ ڕێبەرانی ئێران سەیر دەکرێ، ئەگەرچی ڕێژیم لە ڕابردوودا توانیویەتی بێبەزەییانە خۆپیشاندانی لەو چەشنە سەرکوت بکا. بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئەمنیەتیی نیشتمانیی پێشوو ، کە زۆر دەمێکە خوازیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، لە تویتێکدا گوتی، “هەست بە ئاڵوگۆڕی ڕێژیم دەکرێ.”
بەڵام هەندێکیتر هۆشدارییان دا کە سیاسەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ شانسێکی کەمیان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم هەیە کە چل ساڵە لەسەر کارە. حوسێن ئایبیش، توێژەرێکی ئەنستیتۆی دەوڵەتیی خەلیجی عەڕەب دەڵێ، “ئەوە ناقەومێ.” ئەو دەڵێ کە خۆپیشاندەران تەنیا نوێنەرایەتیی کەرتێکی کۆمەڵگەی ئێران دەکەن. ئایبیش گوتی کەمپەینی ئەوپەڕی زەختی ترامپ زۆر زیاتر لەوەی کە چاوەڕوانیی دەکرا توانی ڕێژیم چاوترسێن بکا و ژانی ئابووری تووشی ڕێژیم بکا، بەڵام مێژوو نموونەی زۆر کەمی لەو شێوە زەختی دەرەکییە هەیە، کە بەبێ دەستێوەردانی سەربازی بووبێتە هۆی ڕووخانی ڕێژیمێک. بەپێی ئەزموونی ناوبراو، لە ڕابردوودا هەنگاوی لەو شێوەیە بۆتە هۆی بەهێزتر بوونی دەسەڵاتی ڕێبەران لە فیدل کاسترۆی کوباوە بگرە تا کیم یونگ ئونی کۆرەی باکوور.
سەرهەڵدانی لەناکاوی تووڕەیی جەماوەر لە کۆتایی حەوتوودا، بە تەواوی دژی ئەو دیمەنەیە کە یەکگرتووییی نەتەوەیی ئێرانییەکانی، دوای کوشتنی سولەیمانی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان، نیشان دا کە بە میلیۆنان هاتنە سەر شەقامەکانی ئێران بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی. بە پێچەوانە، خۆپیشاندەرەکان لە چەند زانکۆی جیاواز لە کۆتایی حەوتوودا بە پێی ڕاپۆرتەکان درووشمی “سولەیمانی مرۆڤکوژە، ڕێبەر خیانەتکارە” و “مردن بۆ دیکتاتۆر،” کە مەبەست ڕیبەری گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەییە. خۆپیشاندەری دیکە داوای دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسانی ئەمنییەتی، کە بەرپرسیاری بەردانەوەی فڕۆکەکە بوون و هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکانیان دابوو، کردوە.
ئەوەی کە بە تایبەتی جێگای سەرنجە، تەنیا چەند ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمی ناشتنەکە کە ڕێژیم داڕێژەری پلانەکە بوو، ئەوە پاشگوێ خستنێکی ئاشکرای جەماوەر لەمەڕ ڕاسپێردراوەکانی ڕیژیم بوو. ڤیدیۆکان نیشانیان دەدا کە چۆن خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتیی تاران خۆ لە ڕۆیشتن بەسەر ئاڵاکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل دەبوێرن کە کاربەدەستانی ڕێژیم لەسەر عەرزیان کێشاونەوە. ئابڕووچوونێکی دیکەی ڕێژیم کاتێک بوو کە تەنیا براوەی مەدالیای ئۆلەمپیک، کیمیا عەلیزادە، خۆی لە گەڕانەوە بۆ ئێران بوارد و گوتی ئەو نایهەوێ ببێتە شەریکی “گەندەڵیی و درۆیەکانی” ڕێژیم.
دوایین شەپۆلی ناڕەزایەتیی خوێندکار و خەڵکی چینی مامناوەند دەگرێتە خۆ، کە لەگەڵ خۆپیشاندەرەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا کە هاتنە سەر شەقامەکان و زۆربەیان لە چینی کرێکار پێکهاتبوون جیاوازیی هەیە. قەبارەی بزواندنی خوێندکاران ئەو حەوتوویە بە تایبەتی دەتوانێ نوخشانەیەکی خراپ بێ بۆ ڕێژیم، بە لەبەر چاوگرتنی دەوری مێژوویی خوێندکاران وەک پێشڕەوانی ئاڵوگۆڕ لە ئێران.
عەلیرەزا نادر، هاوکارێکی ڕێکخراوی داکۆکی لە دێموکراسییەکان گوتی، “خوێندکارەکان ئەوانیان هێنایە سەر کار، و خوێندکارەکان دەتوانن بە هەمان شێوە بەشێک لە هاوکێشەی ئەستاندنەوەی دەسەڵات لەوان بن.”
ناڕەزایەتییەکان دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانە کە مانگێک دژی بەڕێوەبەریی نالێهاتووی ئابووری درێژەیان هەبوو، تەنیا زەختی زیاتر دەخاتە سەر ڕێبەریی ئێران. ئابووری ئێران بەرەو هەڵدێرە و وڵات بەرەوڕووی زەختی سەرلەنوێی ئابووری لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان بۆتەوە. ئێران بەردەوام هەوڵی داوە ئەو وڵاتە ئوروپاییانەی کە ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥یان واژۆ کردووە ڕازی بکا کە هەندێک لە بەڵێنییە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنەکە بەرنە سەر، بەشێک لە ڕێگای دەستپێکردنەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و نزیکتر بوونەوە لە درووست کردنی چەکی ناوکی. بەڵام تاکتیکەکانی ئێران تا ئێستا تەنیا وڵاتانی ئورووپایی زۆرتر بەرەو ویستی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ڕێککەوتنەکە هانداوە.
تووڕەیی جەماوەریی بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵەکانی کاربەدەستانی ئێران، بە تایبەتی وەزیری کاروباری دەرەوە موحەممەد جەواد زەریف، بۆ نیشاندانی ئێران لە لای هەواڵدەرییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان وەک قوربانیی سەرۆک کۆماری بێبەزەیی ئەمریکا و بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لە ئوروپاییەکان، پووچەڵ کردەوە. پەیامەکە بە هەمان شێوە بە هۆی دەستبەسەر کردنی کاتیی باڵوێزی بریتانیا لە ئێران، وەک پێشێلکاریی کۆنڤانسیۆنی ڤییەن لە مەڕ پێوەندییە دیپلۆماتیکییەکان، بنکۆڵ کرا.
دیپلۆماتەکە لە پێتەخت هاتبوو سەر شەقام تا لە ڕێوڕەسمێکی ڕێزگرتن دوای کارەساتی فڕۆکەکە بەشداریی بکا، پێش ئەوەی کە ببێتە خۆپیشاندان.
سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئورووپا، ژۆزێف بۆرێل لە تویتەردا نووسی، “زۆر نیگەرانی گیرانی باڵوێزی بریتانیا لە تارانین. ڕێز گرتنی تەواو لە کۆنڤانسیۆنی ڤییەن شتێکی پێویستە.”
جێگری وەزیری کاروباری دەرەوە، سەید عەبباس عێراقچی بەرگریی لە کاری ئێران کرد و جوابی دایەوە: “ئەو زیندانی نەکرابوو، بەڵام وەک بیانییەکی نەناسراو لە کۆبوونەوەیەکی نایاساییدا دەستبەسەر کرابوو. کاتێک کە پۆلیس منی لە دەستبەسەر کردنی ئەو پیاوە ئاگادار کردەوە کە ئیددیعای کردبوو باڵوێزی بریتانیایە، من گوتم شتی وا نابێ! تەنیا دوای وتووێژی تەلەفۆنیی من لە گەڵیدا بە سەرسوڕمانێکی مەزنەوە، ناسیمەوە کە خۆیەتی. ١٥ خولەک دواتر ئەو ئازاد کرا.”
لە هەمان کاتدا، کاربەدەستانی پلەبەرزی دیپلۆماسی و سوپای ئێران ڕۆژی شەممۆیان بە داوای لێبوردن لە سەر تویتەر بردە سەر بۆ ئەوەی کە پێداگرییان کردبوو کە دەوڵەتەکەیان لە بەربوونەوەی فڕۆکەکەدا هەڵەیەکی نەکردوە. بە تایبەتی سەعید بەعیدینژاد، باڵوێزی ئێران لە بریتانیا، کە زۆر پێداگر بوو کە ئیمکانی نییە ئێران بەرپرس بووبێ، زۆر پەشیمان بوو.
بە عیدینژاد ڕۆژی شەممە لە تویتەردا نووسی، “لە لێدوانی دوێنێی خۆمدا بۆ میدیای بریتانیا، من زانیاریی فەرمیی کاربەدەستانی بەرپرس لە وڵاتی خۆمم گواستەوە کە مووشەک لەو کاتەدا بەرەو فڕۆکە ئوکراینییەکە نەهاویشتراوە. من داوای لێبوردن دەکەم و لە گواستنەوەی ئەو زانیارییە هەڵەیە پەشیمانم.”
بەعیدینژاد و کاربەدەستە پلەبەرزە سیاسییەکانی ئێران دەیانهەویست ڕیبەڕیی دەوڵەت لە بەرپرسیاریی درۆ کردن لەبارەی دەوری ئێران لە هێرشەکە بپارێزن، و دەیانگوت کە بەرپرسی گشتیی سپای پاسداران ئاکامگیریی کۆتایی خۆی تا شەوی هەینی و دوای حاشا کردنی دەوڵەت لە بەرپرسیاریی، ڕا نەگەیاندبوو.
بەڵام ئەوە بۆ ڕازیکردنی گەلێک لە ئێرانییەکان بەس نەبوو، کە ڕژابوونە سەر شەقامەکان و دروشمیان دەدان کە دەیگوت کە ئەوە وڵاتە یەکگرتووەکان نییە کە زۆرترین بەرپرسیاریی بۆ قەیرانی هەنووکەیی هەیە، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە تاران لە سەرەتادا ئیددیعایەکی هەڵەی کرد کە گوایە ٨٠ سەربازی ئەمریکایی لە هێرشێکی تۆڵە ئەستاندنەوەدا کوشتوە. مووشەکەکان دوو بنکەی سەربازیی لە عێراقیان کردە ئامانج کە هێزەکانی ئەمریکایی لێن، بەڵام دوایە ئاشکرا بوو کە هێرشەکە بێکەڵک بووە و هیچ زەرەرێکی گیانیی بەدواوە نەبووە، کە دیسان ئابڕووچوونێکی دیکە بۆ ئێران بوو.
ئەگەرچی ترامپ بەردەوام گوتوویەتی کە بەتەمای گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران نییە، تویت کردنە چالاکانەکەی بە پێچەوانەی ئاکارە خۆ بەدوورگرانەی ناوبراو لە کاتی شەپۆلی ناڕەزایەتیی ساڵی ڕابردوویە. ئەوە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێشتر و دوای مشتومڕی لەگەڵ تاران دوای کوشتنی سولەیمانی هەڕەشەی کردبوو کە دەرزەنێک شوێنەواری کولتووریی ئێرانییەکان لەنێو دەبا.
ترامپ لە تویتێکدا نووسی، “بۆ گەلی بوێر و ئازار چێشتووی ئێران: من لە سەرەتای سەرۆک کۆماریمەوە لایەنی ئێوەم گرتووە و دەوڵەتی من درێژە بە پشتگیریی ئێوە دەدا. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ناڕەزایەتییەکانی ئێوە دەکەین. بوێریی ئێوە ئیلهامدەرە.”
وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان مایک پۆمپێئۆ پەیامێکی هاوشێوەی ئاراستە کرد. ئەو لە تویتێکدا نووسی، “ئەمریکا گوێی لە ئێوەیە. ئەمریکا پشتیوانی ئێوەیە. ئەمریکا لە پەنای ئێوە وێستاوە.”
ئەوەی کە ناڕوونە ئەوەیە کە وڵاتە یەکگرتووەکان چۆن وتاری پشتیوانی لە خەڵکی ئێران لەگەڵ چڕتر کردنەوەی هەڵمەتی زەختی ئابووری ڕێک دەخا. ڕۆژی هەینی، لە دوای هێرشی تۆڵەکردنەوەی موشەکیی دژی بنکە عێراقییەکان کە هێزەکانی وڵاتە یەکگرتوەکان لێیان جێگیر بوون، بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ ڕایگەیاند کە تاقمێک گەمارۆی نوێ بۆ سەر هەندێک کەرتی ئابووری ئێران، وەک کەرتی کانزاکان، دەسەپێنێ. ئەو گەمارۆیانە دێنە سەر چەندین هەنگاوی ئیفلیجکەری دیکە کە بوونە هۆی وەستانی نزیکەی سەرجەم هەناردەی نەوتی ئێران، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتن، و هەروەها هەنگاوی دیکە کە کەرتی دارایی و وزەی کردوونە ئامانج.
نادر گوتی، سەرەڕای حەزی بەڕێوەبەرایەتی بۆ پشتیوانیی ئێرانییەکان لە کاتێکدا کە زەخت دەخاتە سەر ڕێژیم، ئەوە زۆر دژوارە کە ئەو کارە بە شێوەیەکی هاوسەنگ ئەنجام بدەی. ئەو گوتی، “بە داخەوە ژانی ڕاستەقینە لە گەمارۆکانەوە دێ کە ئابووری بنکۆڵ دەکا.” ئەو هەروەها گوتی، لایەنگرانی کەمپەینی ئەوپەڕی زەخت پێیان وایە کە گوشاری ئابووری، لە کاتێکدا کە لە کورتخایەندا زەرەر لە خەڵک دەدا، دەبێتە هۆی درووستبوونی قەڵشت لەنێو ڕێژیم و دەتوانی ڕووخانەکەی خێرا بکا.
هاوپەیمانانی ترامپ لە کۆنگرە چەپڵەیان بۆ ناڕەزایەتییەکان لێداوە، کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ڕەوایی بە بریاری سەرۆک کۆمار بۆ کوشتنی سولەیمانی دەدا.
سەناتۆری کۆماریخواز لە ئارکانزاس، تام کاتن لە تویتەردا نووسی، “چەپی ئەمریکا و مێدیاکان بە شێوەی لێبڕاوانە ئاکارەکانی ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئێران دەشارنەوە. بەڵام خەڵکی بوێری ئێران فریو ناخۆن. ئەوان هیچ شک و گومانێکیان لەبارەی ئەو پیاوە شەیتانییانەدا نییە کە حکوومەتیان بەسەردا دەکەن.”
بۆڵتۆن لە تویتێکی سەرلێشێواوانەدا نووسی، “ڕێژیمی خامنەیی هەرگیز ئاوا لەژێر سترێسدا نەبووە. هەست بە گۆڕانی ڕێژیم دەکرێ. خەڵکی ئێران دەتوانن بیبینن. ئەمریکا، ئورووپا، فەڕانسە نابێ داوای وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی ناڕەوا بکەن.”
لە کاتێکدا کە بۆڵتۆن لە پێشداش پێشبینیی گۆڕانی ڕێژیمی کردبوو، هەندێک چاودێر دەڵێن کە تێکەڵاوێک لە بێزاریی چەندین ساڵە، ناڕەزایەتی ئابووری، و شێوەی هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ کارەساتی فڕۆکەکە بەیەکەوە دۆخێکی زۆر هەستیاریان بۆ ڕێبەرایەتی ئێران درووست کردووە.
نادر گوتی، “من پێموایە کە بۆڵتۆن ڕاست دەکا، گؤرانی ڕێژیم نزیکە. ئەوە تەنیا ناڕەزایەتییەکان و مەسەلەی فڕۆکەکە نییە، ئەوە چل ساڵ بێزاریی پەنگ خواردوویە کە هەمووی لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا دەرکەوتوە.”
ئایبیش گوتی کە ئێران لە ڕوانگەی سیاسییەوە وڵاتێکی فرەچەشنە، کە بەشێکی زۆر لە وڵات وەفاداری ڕێژیمن و ئۆپۆزیستۆنێکی مەزن و خاوەن بڕواشی هەیە.
ئەو گوتی، “لە ئێران زۆر بازنەی هەڵبژاردن و هاوپەیمانیی جیاواز هەن و هیچ سەیر نییە کە دەنگێکی بەهێز دژی کوشتنی سولەیمانی و ئۆپۆزیسیۆنی تووڕە لە دەوڵەت، بە هۆی ناڕەزایەتیی کۆمەلایەتی-ئابووری لە ساڵانی ڕابردوودا و درۆی بەردەوام و لێنەهاتوویی پێکهاتەیی کە دەبێتە هۆی ڕووداوی وەک خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە کە بووە هۆی کوژرانی گەلێک ئێرانی، بوونی هەبێ.”
ئایبیش گوتی، “ئێران لە هەلومەرجێکی دژوار دایە: ئەو لە لوبنان لە هەلومەرجێکی دژوار دایە، لە عێراق بە هەمان شێوە، و بێگومان گرژییەکی زۆر لە نێوخۆی وڵاتیشدا هەیە.” بەڵام ئەو گیروگرفتانە پێویست ناکا وەک قەیرانێکی کوشندە بۆ ڕێژیم پۆلێن بکرێ.
***

* فارین پالیسی – کاڵوم لینچ، کیت ژانسۆن، مایکڵ هیرش