باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ڕەبەت کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی ٢٩ی بەفرانبار، “مام ساڵح عەبدوڵلاپوور” ناسراو بە “ساڵەبەگی لیلانێ” لەناوچەی ڕەبەت، کۆچی دوایی کرد. ناوبراو باوکی شەهید “ڕەسووڵ لیلانەیی” بوو کە نزیک بە ٣٠ ساڵ وەک پێشمەرگە و کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەوپەڕی دڵسۆزی و سەداقەتەوە ئەرکی حیزبی ڕادەپەڕاند.
مام ساڵح کەسێکی نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویست بوو.هەر بۆیە چەندین جار لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە گیراوە و زیندانی کراوە و لەساڵی ١٣٧٣ وێڕای بەشێکی زۆرلەکەس و کاری پێشمەرگە بە زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەکرێن و بۆ دڵساردکردنەوەی کچ و کوڕەکانیان لە پێشمەرگایەتی ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکرێن. زۆر جار گوشاریان بۆهێناوە کە کوڕەکەی واز لە پێشمەرگایەتی بێنی بەڵام گوشار و زیندان، ئازار و ئەزیەتی دوژمن بەچۆکی دانەهێناو هەروا تا دوا ماڵاوایی وەفادار بەحیزب وگەلەکەی مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی مام ساڵح و خزم و کەسوکاری و خەڵکی لیلانێ و ناوچەی ڕەبەت بە گشتی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.