بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، ٢ هونەرمەندی ئیتالیایی بە ناوەکانی “ڕۆمێئۆ کاستلوچییێ ” و “یووجینو باربا” کە بڕیار بوو لە فێستیڤاڵی فەجردا کە لە تاران بەڕێوە دەچێ بەشداری بکەن، بەڵام لەسەر داوای بەشێک لە هونەرمەندە ئێرانییەکان و لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕین بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بڕیاری بەشداری نەکردنیان لە و فێستیڤاڵەدا بە بەڕێوەبەری ئەو ناوەندە ڕاگەیاندوە.
پێشتریش بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان، سینەماکاران، میدیاکاران، وەرزشوانان، ڕۆژنامەنووسان و چین و توێژە جیاوازەکان ناڕەزایەتی خۆیان بە شیوازی جیاواز دەربڕیوە و لەوانە بەشداری نەکردن و بایکۆت کردنی فێستیڤاڵ وهەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکان و تەنانەت دەست لەکارکێشانەوی میدیاکاران بەرچاوترینیانن کە وەکوو نافەرمانییەکی مەدەنی و دژبە کۆماری ئیسلامی لە پەرەسەندن دایە.
شایانی باسە کە دوابەدوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە مەدەنییەکە لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ئامانجدار و ڕێک و پێک لە لایەن خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆوە دەستیپێکرد و بە دروشمگەلی ڕادیکاڵ و توند دژی کۆماری ئیسلامی خوازیاری نەمانی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەن.