هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ڕێگای کامیاران بۆ کرماشان تەقەیان لە ترۆمبێلێک کرد و لە ئاکامدا شۆفێرەکە هەر لە جێدا گیانی لەدەستدا.
لەو پێوەندییەدا ” ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان” ڕایگەیاندووە ئەو کاسبکارە ناوی “عەلی نادری”یە و ٢٨ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی “دۆڵە درێژ”ی کرماشانە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ەهەواڵدەرییە، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ترۆمبێلی ئەو کاسبکارە کوردەیان بەبێ ئاگادارکردنەوە و بە گومانی ئەوەی هەڵگری کەلوپەلی قاچاغ بووە داوەتەبەر دەسرڕێژ.
شایانی باسە لەسەرەتای ساڵەوە تا ئێستا ٧٩ کۆڵبەرو کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی یان ڕاکردن و کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و هەروەها ڕووداوی سروشتی وەک بەفرو سەرما لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان گیانیان بەخت کردووە و ١٦٥ کەسیش بریندار و نقوستان بوون. کوشتاری کۆڵبەرانی کورد لەلایەن جینایەتکارانی ڕێژیم لە حالێکدایە کە ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ کۆماری ئیسلامیان لەمەڕ ئەنجامدانی ئەو جینایەتانە شەرمەزار کردووە و خوازیاری کۆتاییهێنان بە کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد بوون.