Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۱ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 11/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

بۆچی بایکۆت و هەڵبژاردن لەپێناو چیدا؟

06/01/2020 | 14:29:30
+A
-A
کەماڵ کەریمی

لە مانگی ڕەشەمەدا و تا کەمتر لە دوو مانگی دیکە هەڵبژاردنی نوێنەرانی دەورەی یازدەهەمی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە ئێران بەڕێوە دەچێ. مەجلیسێک کە بە دوور لە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ چۆنیەتیی ڕێکخستنی هەڵبژاردنی ئەندامەکانی و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستە سیاسییە تایبەتەکانی خۆیان، خەڵک هەمیشە چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبووە هەتا نوێنەرانی هەڵبژێردراویان، مەجلیس بکەنە سەکۆی دەربڕینی هاواری پڕ لە دەرد و مەرگی ئەوان. دیارە هەڵبژاردن لە ئێران و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەرگیز نەیتوانی شێوازێکی دێموکراتیک بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی خەڵک بە خۆوە ببینێ، بەڵام ئەوە بەو مانا نەبووە و نییە کە خەڵک تەسلیمی ئیرادەی دەسەڵاتداران بووبن و بە شێوەی بیرکردنەوەی ئەوان بڕواننە هەڵبژاردن.

هەروەک لە چەند قۆناغی جیاجیادا دەبینین کە خەڵک لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان هەڵبژاردنیان دەکردە بیانوویەک بۆ دیتنەوەی مەیدانێک بۆ دەربڕینی ویست و داخوازییەکانی خۆیان. لە کوردستان لە زۆر لە دەورەکانی پڕۆپاگاندای هەڵبژاردندا دیتوومانە کە سەکۆی تەبلیغاتیی کاندیداتۆرەکان بۆ مەجلیس و تەنانەت سەرۆککۆماریش کراوەتە شوێنی دەربڕینی دروشمە سیاسییەکان و بەرزکردنەوەی دەنگی داخوازە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و، بەم شێوە دروست کردنی فەزای یەکدەنگ و یەکڕەنگی هەڵبژاردنیان کە ڕێژیم بە دوایەوە بوو دەشکاند. چالاکانی بەهەست و لەسەرپێ دەیانزانی کە لە کاتی هەڵبژاردندا کەمتر پەلاماری خەڵک دەدرێ و ئەوەشیان بە دەرفەتێک دەزانی کە بۆ لەقاودانی سیاسەتی ڕێژیم بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەباشی کەلکی لێ وەرگرن و ئەم شێوازە ڕووبەڕوو بوونەوەش لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕێژیمدا زۆر جار ئاکامی باشی لە خۆی بەجێ هێشتوە. بە جۆرێک کە ئەگەر ڕێژیم هەموو هەوڵی خۆی دەدا هەتا مەجلیس وەک کۆڕێکی یەکدەنگ بۆ پشتیوانی سیاسەتەکانیان دەرکەوێ بەڵام هەر لە دەورە جیاوازەکانی ئەو مەجلیسەدا کەم نەبوون لەو نوێنەرانەی کە پشتیان لە خەڵکەکەیان نەکرد و وەفای خۆیان بۆ ئەو دەنگدەرانەی بە هیوایەکەوە پشتیان گرتبوون دەربڕی. لە ڕاستیدا ئەگەر مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی وەک دەسەڵاتی دەرکردنی یاسا، بەگشتی شوێنێک بووە بۆ پشتگیری لە سیاسەتەکانی ڕێژیم بەڵام ئەوە بەو مانا نەبووە کە تێکڕای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک بووبێتنە گۆپاڵی دەستی ئەو ڕێژیمە. هەر چۆنێک بێ ئێران زۆر قۆناغی جۆراوجۆری تێپەڕاندوە و داخۆ ئێستا دوای ئەو هەموو ئاڵووگۆڕەی هاتووەتە پێش دیسان دەکرێ وەک قۆناغەکانی پێشوو چاو لە مەجلیس و هەڵبژاردن بکرێ؟

لە دوای چل ساڵ ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ. لە لایەکەوە بەهۆی سیاسەتی ناواقیعی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەڵقوڵاوی بیری تەسک و تێنەگەیشتنی دەمڕاستەکانی ئەو ڕێژیمە لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەیە، وڵات بەرەو نوقم بوون لە قەیرانگەلێکی وێرانکەر خزیوە و ئەمەش بووەتە هۆی زۆربوونی ناڕەزایەتی لەدژی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم. لە لایەکی دیکەشەوە ئاشکرابوونی سیمای درۆزنانەی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان ڕێگەی فریودانی زیاتری خەڵکی بەستوە و دەردەکەوێ چیی دیکە خەڵکی ئەم سەردەمە لە دەشتی کەربەلا و قودسدا بە دوای نانی خۆیاندا ناگەڕێن. خەڵك لەوە تێگەیشتوون کە هۆکاری برسی بوونی خۆیان و ژن و منداڵیان، هۆکاری دواکەوتوویی وڵات و لەبەر یەک هەڵوەشانی بنەماکانی ژیانی کۆمەڵگە، بوونی ئەو ڕێژیمە و سیاسەتی ئەو دەسەڵاتدارانەیە کە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا جگە لە برسی کردنیان لە ڕشتنی خوێنیشیان ناپرینگێنەوە. جگە لەوە ئەمجار هەوڵی بە ئاشکرای یەکدەست کردنی دەسەڵات، کە ئەگەر پێشتر دەیانویست بیشارنەوە و کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە چنگ یەک کەسدا و ئەویش تەنیا ڕێبەر ئەو پەیامە بە خەڵک دەدا کە ئەگەر لە یاسای بنەڕەتیدا باس لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەکرێ لەمەوبەدوا تەنیا یەک دەسەڵاتە و ئەوی دیکە دەبێ چاولێکەر بێ. دامەزرانی بنیادێکی کە لە هیچ شوێنێکی یاساکانی ئێراندا باسی لێوە نەکراوە بە ناوی شۆڕای بەرزی هاوئاهەنگیی ئابووری کە لە لایەن سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەزگای داد و سەرۆکی مەجلیس و لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی ڕێبەردا بەڕێوە دەبرێ. نموونەیەکی بەرچاوی بێ‌ئێعتبار کردنی مەجلیس و ئەندامەکانیەتی.

بەمجۆرە ئەگەر پێشتر شۆڕای نیگەهبان و مەجلیسی تەشخیسی مەسڵەحەت و نەزارەتی ئیستسوابی و لە سەروو هەمووانەوە حوکمی حکوومەتی، کۆسپی سەر ڕێگەی ئەو نوێنەرانەی مەجلیس بوون کە ئەگەر کەمیش بوون دەیانویست ببنە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک، ئێستا ئیتر ئەم دامەزراوە تازەیە کە ئێعتبارێکی بۆ مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی نەهێشتووەتەوە، پێیان دەڵێ کە مەجلیس تەنانەت دەسەڵاتی پاراستنی مافەکانی خۆیشی نییە چ بگا بە مافەکانی خەڵک. جگە لەوەش سەرەڕای درێژەی وەزعی نالەباری ژیانی خەڵک، بەردەوامیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە سەرکوتی بێبەزەییانەی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی خەڵک لەدژی سیاسەتەکانیان کە دوایین نموونەی ڕووبەڕووبوونەوەی جینایەتکارانەی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر بوو، دەریخست کە ڕێگەیەکی دیکە بۆ خەڵک نەماوە جگە لە خەبات و بەربەرەکانی بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ئێراندا و لەنێو بردنی هەموو ئەو کۆت و بەندانەی لەسەر ڕێگەیان داندراوە.

ئێستا ئیتر تووڕەیی خەڵک لە سەرانسەری ئێران و لە کوردستان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گەیشتوەتە ئاستێک کە بە دوور دەبینرێ خەڵک هیچ هیوایەکی بەو شێوە ئاڵوگۆڕانە مابێ و لە هەڵبژاردندا بەشداری بکرێ. هەر بۆیە پێویستە هەموو لایەک بە وردی بڕواننە وەزعی ئێستا و بۆ نیشاندانی بەهێزی ئیرادەی خەڵک بەتایبەت لە کوردستان، بیر لە چونیەتیی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پیلانەکانی ڕێژیم بکەنەوە و بۆ دەرخستنی ئاستی بەرزی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ڕێژیم و دەسەڵاتدارەکانی بایکۆتی ئەم دەورەی هەڵبژاردنی مەجلیس بکەنە دروشم و ئەرکی سەرەکییان. لەم دەورەدا دەبێ ئەو پەیامە بە گوێی جیهان بگا کە ئەگەر ڕێژیم لە کاتی هاتنە سەر شەقامی خەڵک بو دەربڕینی داخوازییەکانیان بە گوللە وڵامیان دەداتەوە، خەڵکیش بە نەچوونە سەر شەقام و دەنگنەدان لە هەڵبژاردندا ناڕەزایەتیی دووبارەی خۆیان نیشان دەدەنەوە. دەبێ هەموو لایەک ئەمە وەک ئەرکێکی گرینگ لە بەردەم خۆیاندا ببینن کە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەشدارانی هەڵبژاردن، نیشاندەری ئاستی بەرینی ناڕەزایەتیی خەڵکە و ئەم جارە ئەمەش مەیدانێکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتی لە ڕێژیم و سیاسەتەکانی.