Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۳ ی رێبه‌ندانی ۱۳۹۸ | 23/01/2020 | کاتژمێر:
ئەندیشە

دەرەنجامەکانی هەرەسهێنانی زیاتری دیکتاتۆرێک

06/01/2020 | 13:53:04
+A
-A
ئەیوب شەهابی‌ڕاد

دوو پێناسەی سەرەکیی هەر دەسەڵاتێکی سیاسی لە سەردەمی مۆدێڕنی ئێستادا بریتین لە:
یەکەم: ئەرکی سەرەکیی دەسەڵاتێکی سیاسیی ڕەوا، دابینکردنی ئەمنیەت، ئاسایش و خۆشگوزەرانییە بۆ کۆمەڵگە. بەڵام بە هەر هۆکارێک ئەگەر ئەم ئەرکانە جێبەجێ نەبوون، ئیتر ئەم دەسەڵاتە سیاسییە هەم ڕەوایی خۆی لە دەست دەدا و هەم هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی نامێنێ.
دووهەم: ئەو دەسەڵاتە سیاسییانەی کە هیچ گومانێکیان لە ڕەوایی خۆیان نییە، هیچکات نەیارانی سیاسیی خۆیان بە پیلانگێڕی لەدژی دەسەڵات و سەر بە وڵاتانی بێگانە تاوانبار ناکەن.
لە پێوەندی لەگەڵ جۆری دەسەڵاتە سیاسییەکان یان دەسەڵات و کارکردیان بەرامبەر بە کۆمەڵگە، فەلسەفەی سیاسی هەم خاوەن مێژوویەکی دێرینە و هەم ئەم ڕەوتە هزرییە توانیویەتی بۆ سەردەمی ئێستا بیرۆکەی یاساتەوەر و ماف‌تەوەری دەوڵەمەند پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکا. بێگومان دەرئەنجام و ڕەنگدانەوەی ڕەوتی فەلسەفەی سیاسی لەسەر نێوەرۆک و کارکردی دەسەڵاتە سیاسییەکان وەک یەک نەبووە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتە سیاسییەکانی ئەم سەردەمە بە دوو جۆری دێموکراتیک و دیکتاتۆر دابەش بکەین، نموونەگەلێکی زۆرمان بۆ بەروارد کردن لەگەڵ یەکتر هەیە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، یەکێک لەو دەسەڵاتە سیاسییانەیە کە تەنیا بە ئاوڕدانەوە لەو دوو پێناسە سەرەکییەی کە بۆ هەر دەسەڵاتێکی سیاسی باسمان کرد، دەچێتە خانەی سیستمێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر کە هیچ ڕەواییەکی خەڵکی و یاسایی نەبووە و نییە. بێگومان بۆ ناساندن و سەلماندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر بە بارتەقای چل ساڵ دەسەڵاتداریی ئەم سیستمە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی حاشا هەڵنەگر و زیندوو لەبەر دەستە.
لێرەدا بە مەبەستی ئەنجامگیرییەکی ڕوون و ئاشکرا لە نێوەرۆک و کارکردی ڕێژیم لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا ئاماژە بە دوو فاکتی گرینگ دەکەین:
یەکەم: ئەم جۆرە سیستمە سیاسییە لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی خۆی بانگەشەی بۆ کۆمەڵێک دروشمی سەردەمیانەی وەک: دادپەروەری، ئازادی و ئەخلاق‌تەوەری و هتد دەکرد.
دووهەم: ئەم ڕێژیمە لە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ دەسەڵاتداریی خۆیدا نە هاوبەشێکی لە دەسەڵات هەبووە و نە هیچ هاوبەشێکی قبووڵ کردوە. واتە بە شێوەیەکی موتڵەق تەنیا خۆی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە بووە.
هەڵسەنگاندنی ڕێژیمێکی سیاسی بە 40 ساڵ دەسەڵاتداریی بەپێی ئەو دوو پێوەرەی باس کران، هیچ پاساوێک بۆ هەلومەرج و دۆخی ئارایی وڵات و کۆمەڵگەی ئێران ناهێڵنەوە. ڕەنگە ئەمە ئەنجام گیرییەکی گشتگیر بێ، بەڵام دۆخی هەنووکەیی پانتایی کۆمەڵگەی ئێران لە هەموو بوارەکاندا، کارەساتبارییەکی ئەوەندە قووڵ و گشتگیری پێوە دیارە کە پەنا بردنە بەر ئامار و داتا بۆ هەڵسەنگاندنی کارکردی ئەم ڕێژیمە، تەنیا خولانەوەیە لەنێو بازنەیەکی داخراودا.
ئەگەرچی دەرئەنجامی 40 ساڵ دەسەڵاتداریی ئەم ڕێژیمە، کارەساتێکی تراژیکە بەسەر کۆی کۆمەڵگەی ئێران، بەڵام بێگومان ئەم دەرئەنجامە تاک ڕەهەند نییە و لێرەدا ئاماژە بە دوو ڕەهەندی هاوکات ڕووخێنەر و هیوابەخشی دیکتاتۆرێک و کۆمەڵگەیەک دەکەین.
هیچ پڕۆژەیەکی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ڕێژیم نەیتوانیوە لە بازنەی داخراوی نێو دەسەڵات تێپەڕ بێ و گەشە بستێنێ. هۆکارەکەش ڕوونە، نە تواناییان هەبووە و نە هیچکات ئەقڵییەت و لۆژیکی سەرتر بینینی بەرژەوەندیی وڵات بەسەر بەرژەوەندیی دەسەڵاتیان لە بەرنامەدا هەبووە. دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیم دەیان بەرنامە و پڕۆژەی ئابوورییان تا ئێستا خستۆتە ڕوو، بەڵام زۆربەری هەرە زۆری ئەم پڕۆژانە خودی کەسانی نێو دەسەڵات قۆرغیان کردوون کە نموونەی هەرە ئاشکرای، دامودەزگاکانی سەر بە خامنەیی و سپای پاسدارانن کە بە دیوێکی تردا ئابووریی ئێرانیان لە ئابوورییەکی ئازاد یان دەوڵەتییەوە کردوە بە ئابوورییەکی مافیایی.
لە ڕەوتی بەناو ڕێفۆرمخوازیی دەورانی خاتەمی و ئەم دواییانەی ڕۆحانیدا، بەر لەوەی تاقمی خامنەیی بزماری کۆتایی لە تابووتی ڕێفۆرمخوازی بدەن ئەوە خودی ئەو سەرۆککۆمارانە بوون کە ڕەوتەکەیان بە پانەوە خستە خزمەت دەسەڵاتی تۆتالیتێر بۆ سەرکوتکردنیان. ساڵی پار بوو کە خامنەیی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ مامۆستاکانی زانکۆ، ڕووی ڕاستەقینەی بیر و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆی زۆر بەڕوونی ئاشکرا کرد. کاتێک داوای کرد «زانکۆکانی ئێمە بەجێی خوێندنی زانستە مرۆیی و فەلسەفییە مۆدێڕنەکان، بگەڕێنەوە بۆ وانە شەرعی و فێقهییەکانی حەوزە عێلمییەکان.
کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسی لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی تا ئەم ڕادەیە کۆمەڵگەیەک قڕ و وێران بکا، لێرەدایە کە خۆتەیار کردنی بە مۆدێڕنترین تێکنۆلۆژیی پێوەندییەکان و چەک و چۆڵە کۆمەڵکوژەکان، دەبێتە خولیایەکی هەمیشەیی. ئەمە سروشت و کارکردی سەرەکیی هەر دیکتاتۆرێکە، دروستکردنی دەیان هێز و گرووپی نیزامیی فەرمی و نهێنی، شانازیکردنی بە هەبوونی چەک و چۆڵی پێشکەوتوو و کۆمەڵکوژ.
لە خۆپیشاندانە سەراسەرییەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان، کاتێک ڕێژیم بۆ ماوەی یەک حەوتوو هێڵی ئینتێرنێتی ڕاگرت، ڕەنگە لە ڕووکەشدا ئەمە تەنیا دژکردەوەیەکی کاتیی ڕێژیم بێ بۆ کپکردنی دەنگی خۆپیشاندەران، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کارەی ڕێژیم بناغەی دوو هێڵی فکریی تەواو لێک جیاوازی بۆ داهاتووی خەباتی گەلانی ئێران، پتەوتر کرد.
یەکەم: بە هەدەردانی 40 ساڵ سامان و دەرفەتەکانی ئەم وڵاتە لە پێناو دروستکردنی دەیان هێزی نیزامی و ئەمنیەتیی پۆشتە، کڕینی ڕێژەیەکی زۆر چەک و چۆڵی پێشکەوتوو، پەنا بردنە بەر دڕندانەترین جۆرەکانی سەرکوت و جینایەت، هیچکامیان نەبوونەتە فریاڕەسی. ئێستا ئیتر لە هەمووکات لاوازیی و ناڕەوابوونی دەسەڵاتەکەی بۆ نێوخۆی ئێران و جیهان سەلمێنراوە.
دووهەم: چوار دەیە تاقیکردنەوەی هەموو جۆرە سیاسەتێکی سەرکوتکەرانە، ئەنجامە هەنووکەییەکەی کۆمەڵگەیەکە کە لانیکەم دوو هێڵی گرینگی ترس لەم دەسەڵاتە و گومان لە دەرفەتە بەناو چاکسازییەکانی لە چوارچێوەی ئەم سیستمە تێپەڕ کردوە. کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەت کۆمەڵگەی کوردستان، ڕۆژانە بە دەست ئەم ڕیژیمەوە ئازار دەچێژن. تەرمی ڕۆڵەکانیان، کە تەنیا تاوانیان مافخوازییە، لەنێو ڕووبارەکاندا و، تەرمی ڕەق هەڵاتووی مێرمنداڵانی هەڵوەدای نان لەنێو بەفر و بەستەڵەکدا دەدۆزنەوە.
سەرکوت و قڕکردن نە تەنیا نەیتوانیوە گەلانی ئێران تووشی سڕ بوون و چەقبەستوویی بکا، بەڵکوو کۆمەڵگەی ئێران بە پشتبەستن بە هێزی بیر و ئیرادەی مافخوازییان، بوونەتە تۆڕێکی بەرین و ڕێکخراو کە دوایین نیشانەکانی هەرەسی زیاتری ئەم سیستمە، واتە سەرکوت و دڕندەیی زیاتر و پەنابردنە بەر بڕینی ئامرازە نوێیەکانی پێوەندیی نێوان خەڵک، هیچکات ناتوانن دەنگی جەماوەریی سەر شەقامەکان کپ بکەن.