Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱۸ ی خاکه‌لێوه‌ی‌ ۱۳۹۹ | 05/04/2020 | کاتژمێر:
هزروکولتور

بۆچی ئاکادێمیسیەنەکان کۆلۆنیالیزمی ئێران پاشگوێ دەخەن؟

06/01/2020 | 13:38:43
+A
-A
و: کەماڵ حەسەن‌پوور

ئاکادێمیسیەنی ئەو سەردەمە سەرسامی کۆلۆنیالیزە کردن، ئیمپراتوری و هێژمۆنیی کولتووری لەگەڵ سەردەمی دوای کولۆنیالیزم، توێژینەوەی ئەتنیکی و تێکەڵاویی کەرتەکانن. بوورسیەی خوێندن لە زۆر بواردا کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی دژە هێژمۆنیخواز، پشتیوانی دانیشتووە ڕەسەنەکان و دژە ئیمپریالیستانە کە هێرش دەکەنە سەر هەر کەسێک کە لەگەڵیان هاوڕا نییە. کاتێک گۆڤارێک بە ناوی سێ مانگەی جیهانی سێهەم لە ٢٠١٧ وتارێکی لەبارەی سوودەکانی کۆلۆنیالیزم بڵاو کردەوە، دژکردەوەی پرۆفیسۆرانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بووە هۆی لابردنی وتارەکە و ١٥ ئەندامی دەستەی نووسەران دوای هەڕەشە لێکردنیان ناچار بە دەست لە کار کێشانەوە کران.
کەوابوو ئەگەر زانایانی ئەو بوارە هێندە لەسەر خراپییەکانی کۆلۆنیالیزم پێداگرن، بۆچی ئێران پاشگوێ دەخەن؟
کاتێک وڵاتانی بەهێز کەلکی خراپ (کە نادادپەروەرانەیە) لە وڵاتانی بێهێزتر وەردەگرن، بایەخ و کولتووری خۆیان دەسەپێنن و دەست لە ئابوورییە ڕەسەنەکان وەردەدەن، ئاکادێمیسیەنەکان دەنگ‌بەرزترین و داهێنەرترین ڕەخنەگرەکانن. تەنانەت بێزەڕترین نگوزی وڵاتێکی بەهێز لە وڵاتێکی لاوازتردا بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی توند دەبێتەوە، بۆیە ماوەیەکی دوور و درێژە کە شتێک بە ناوی «کۆلۆنیالیزمی کۆکاکۆلا» بۆتە وێردی زمان. لەشکری توێژەر- چالاک سەرقاڵی بەڵگە ‌هێنانەوە لە مێژوو بۆ شیکردنەوەی سەردەمی ئێستان، سەردەمی ڕەشی [کۆلۆنیالیزمی] ئورووپایی لەگەڵ هیی ئەمریکایی و ئیسڕائیلی بەراورد دەکەن و هەموو کون و قوژبنێک بۆ دیتنەوەی ئاسەواری سەرکوتکەریی ڕۆژئاوایی، ئەمریکایی و ترامپی دەگەڕێن و ئیمپراتۆرییەکی نوێی ئەمریکایی ڕادەگەیەنن. کێشە نییە، بەڵام بۆ ئەوان هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هەمان کار پاشگوێ دەخەن کە لایەنی دیکە بە ئەنجامی ئەو شتانە بەرامبەر بە ئێران تاوانبار دەکەن؟
ڕۆژنامەوان و توێژەری وەک جاناتان سپایەر و سێت فراتنتزمەن، چەند ساڵە دەستدرێژییە کۆلۆنیالییەکانی ئێران تۆمار دەکەن. بەڵام زۆر لە ئاکادێمیسیەنەکان لە بەکار هێنانی تواناییەکانیان دژی ئێران دوو دڵن. زۆر لەوان ئامانجی ساکارتریان پێ باشترە، وەک ئیسڕائیل و ئەمریکا، لە سەرەتای مانگی ڕابردوو کومیتەی دژە کۆلۆنیالیزمی نەتەوە یەکگرتووەکان هەشت هەڵوێستی دژی ئیسڕائیل لە ئەنجومەنی گشتی، پەسەند کرد و نیشانی دا کە پێشترێتی بە کام شت دەدا.
تەنانەت بەبێ پێشێل کردنی سەربەخۆیی وڵاتانی دیکە، ئێران بۆخۆی ئیمپریالیستییە، کە فارسەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر عەڕەبەکان، کوردەکان، بەلووچەکان، ئازەرییەکان، تورکمەنەکان، لۆرەکان، گیلەکەکان و مازەندەرانییەکاندا دەسەپێنن. تەنیا چەند کەس وەک، دانیەل پیپس، ئیلان بەرمەن و شۆشانا برییەن، سەرنجیان داوەتە ئەو ڕاستییە.
شۆڕشی ئیسلامیی خومەینی لە سەرەتاوە پرۆژەیەکی ئیمپریالیستی بوو، کە یەکەم کارەکەی دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات (تەنانەت پێش هەرەسهێنانی دەوڵەتی کاتیی دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە نۆڤامبری ١٩٧٩) دامەزراندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ بڵاو کردنەوەی ئەو بیرۆکانە بوو. ماوەیەکی کورت دوای ئەو ڕووداوە لە لوبنان کارێکیان کرد، وەک ماتیو لەڤیت دەڵێ: «١٥٠٠ پاسداری ڕاوێژکار بەڕێ کران تا لە دۆڵی بیقاع وەک بەشێک لە ئامانجی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دنیای عەڕەب مۆڵگەیەک بکەنەوە.» ئەو ڕاوێژکارانە دەوری سەرەکییان لە درووستکردنی حیزبوڵڵادا هەبوو کە لە خزمەت ئێراندا بووە بۆ بڵاوکردنەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە دنیادا.
لە ١٩٩٨، قاسم سولەیمانی وەک فەرماندەی نوێی سپای قودس دیاری کرا. سولەیمانی هەوڵە کۆلۆنیالییەکانی ئێرانی، بە کەلکوەرگرتن لە ڕووخاندنی سەدام حوسێن لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە لە ٢٠٠٣، بۆ دەستبەسەر داگرتنی عێراق بە شێوەیەک کە هەرگیز بە تەنیا نەیدەتوانی ئەو کارە بکا، پەرە پێداون. ڕاپەڕینی بەناو بەهاری عەڕەبی، دەرفەتی بۆ سولەیمانی ڕەخساند کە لە سووریە بە کەلکوەرگرتن لە حیزبوڵڵا جێ پێی خۆی کردەوە و لە یەمەن لە حوسییە شیعەکان بۆ سەرکەوتن لە گەیشتن بە ئامانجی «هیلالی شیعە» کە لە کەنداو تا دەریای نێوەڕاست دەگرێتەوە، کەلکی وەرگرتووە.
هەموو ساڵێک کتێب لە بارەی ئیمپریالیزمی بریتانیا و ئەمریکا لە ئێران و خۆرهەڵاتی ناڤین چاپ دەکرێن. بابەتەکە بۆتە شتێک کە زۆر کەس بە خستنە ڕووی دێوەزمەی هەڵسوکەوتی بریتانیا و ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناڤین لە بارەگای ئێدوارد سەعید چۆک دادەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی هیچکام لە ئاکادێمیسیەنەکان شتێک لە بارەی ئاشکراترین و خوێناویترین پرۆژەکانی کۆلۆنیالیزم، تەنانەت کاتێک کە لەبەر چاوی ئەوان دەقەومێ، نانووسن.
بێگومان ڕیزپەڕ لەو بارەدا هەن. ئیمپریالیزمی ئیسلامی نووسراوەی ئەفرەیم کارش (٢٠٠٦) وەبیر هەموو کەسی هێناوە کە خۆرهەڵاتی ناڤین «شوێنێکە کە دامەزراوەی ئیمپریالیستی نە تەنیا لەوێ دەستی پێکرد … بەڵکوو ئەو شوێنەیە کە هاوشێوەی ئوروپاییەکەی لەوێ درێژەی بە ژیان داوە.»
ڕیزپەڕێکی دیکە تەلحە عبدولڕەززاقە، توێژەرێکی ئەنستیتۆی ستراتێژی و ئاسایشی زانکۆی ئێکزێتەر، بەڵام سەرنجی ناوبراو لەبارەی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی وێدەچێ تەنیا تا عێراق بڕ بکا و، هەڵوێستە دژە ئەمریکایی و دژە ئیسڕائیلییەکانی ئەو لە ئەلجەزیرە و میدڵ ئیست ئای دەرخەری نەبوونی مەیلی ناوبراو بۆ باسکردن لەبارەی کۆی ئیمپریالیزمی ئێرانن. ئەو هەڵوێستانە بێگومان بۆ دانی خەڵاتی توێژەری لاو لە لایەن ئەلجەزیرە لە ساڵی ٢٠١٥ بڕیاردەر بوون.
توێژەرانی تینک–تانکەکان لە باس لەبارەی دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی دیکەدا سڵیان نەکردوە. مایکل ڕوبین لە ئەنستیتۆی ئەمەریکەن ئینترپرایز دەنووسێ «جگە لە ڕووسیە، ئەمڕۆ ئێران ئیمپریالیستیترین وڵاتی جیهانە … جیاوازییەکی زۆر کەم لە نێوان هەڵسوکەوتی ئەو بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی هەژارتر و جەللادەکانی خۆی لە سەدەی نۆزدەدا هەیە.»
توێژەرانی ئیسڕائیلیش بە هەمان شێوە زۆرتر حەزیان لە سەرنجدان بە ئێرانی ئێستا هەیە تا ئەوی ڕابردوو. هیلەل فریش، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان و خۆرهەڵاتی ناڤین لە زانکۆی بار – ئیلان و توێژەری پلەبەرزی توێژینەوەکانی ستراتێژیک لە ناوەندی بەگین – سادات، دەڵێ ئێران «تەنیا وڵاتێکە کە جەخت لەسەر دەستێوەردانی سیاسی، ئابوری و تێرۆریستیی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دژی ئەو دەوڵەتانە دەکا کە هێرشیان نەکردۆتە سەری.»
بەڵام کوا هاواری دژکردەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لە بورجی عاجن؟ ئاخۆ سەرجەم دژە ئیمپریالیستەکان سەرقاڵی مەحکووم کردنی ڕۆژئاوان، پێشترێتی بە قوربانی بوون لە بەرامبەر تێکۆشان دەدەن و ڕێگای تازە بۆ بەکار هێنانی «ئەوانی دیکە» وەک کردارن [فعل] (ڕەنگبێ لە ئەنستیتۆی نامۆیی & هاوبەشیی زانکۆی بێرکلی)؟ کوا کۆنفرانس، سەمپۆزیۆم و ژمارەی تایبەتی گۆڤارەکان لەبارەی ئیمپریالیزمی ئێرانی؟ ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوە لە مانگی فێورییە میوانداری کۆبوونەوەیەک لە بارەی سیاسەتی ئیمپریالیستیی دەرەوەی ئێران بوو، بەڵام ئەگەر هەر ڕووداوێکی لەو چەشنە لە زانکۆیەکی ئەمریکا لە ٢٠١٩ هاتبێتە ئاراوە، بانگەشەی بۆ نەکراوە و بە باشی شاردوویانەتەوە.
سەدەی ٢١ بە لێشاوی سەرکێشی وتار و کتێب کە «ئیمپریالیزمی» نوێی ئەمریکایان لە خۆرهەڵاتی ناوڤین لە دوای یازدەی سێپتامبر [هێرشەکانی ئەلقاعیدە لە وڵاتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠١] مەحکووم دەکرد دەستی پێکرد. بەڵام کتێب لەبارەی مەحکووم کردنی سەرهەڵدانی ئیمپریالیزمی ئێرانی بە دڵۆپەش نەهاتوونە دەر.
کە وا بوو، بە ڕاستی پسپۆڕانی خۆرهەڵاتی ناڤین خەریکی چین؟
لە دەرەوەی پیشەکە، ئەو شوێنەی کە چالاکان خۆیان مەڵاس داوە، دژە هێرشێک دەستی پێکردوە. لە ٧ی دێسامبر لایەنگرێکی ئێران بە ناوی حەمید دەباشی لە زانکۆی کۆلومبیا شتێکی بە ناوی «نامە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا» نووسی و بڵاوی کردەوە و لەوێدا دژی «پڕۆژەی ئیمپریالیستیی وڵاتە یەکگرتووەکان» بە یارمەتی ڕێکخراوی دراوی نێونەتەوەیی [IMF] کە «بە تەمای گەڕاندنەوەی دەوڵەتداریی کۆلۆنیالیی نوێ بە شێوەی ڕێژیمی سەربە وڵاتە یەکگرتووەکانە» هەڵوێستی گرتووە. دەباشی بە شێوەیەک ٣٨ ئاکادێمیسیەنی ڕازی کردن (١٢ لە وان لە خوێندنگەی باڵای کالیفۆرنیان) تا لەگەڵ تێکەڵاوێکی ناجۆر لە هونەرمەندان، چالاکان، یاساناسان و بڵاوکەرەوەی پادکەست نامەیەکی سەیروسەمەرە واژۆ بکەن کە بە تەواوی لە سەرهەڵدانەکانی مانگی نۆڤامبر لە ئێران ناحاڵییە.
تەنانەت سۆسیالیستەکانی گۆڤاری نیوو پاڵیتیکس، هەڵەی نامەی دەباشییان «لە باس نەکردن لە نفووزی سەرکوتکەرانە و توندوتیژانەی ئێران لە سووریە، لوبنان و عێراق» دیتووە و ئیدیعای «بیرۆکەی ئیمپریالیزم، کە شێوە ئیمپریالیزمی ئێران ناگرێتەوە و مەحکوومی ناکا» بەبێ بنەما دەزانێ.
پسپۆڕە ئاساییەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین پێیان باشترە وا بنوێنن کە ئیمپریالیزمی ئێرانی هەر نییە، جا «شێوە» بێ یا ئیی دیکە. کاتێک کە سەدان و ڕەنگبێ هەزاران لەوان لە گردبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی توێژینەوەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین لە نیووئۆرلینز لە مانگی ڕابردوودا بەشدار بوون، وێدەچوو کە باسەکە لەبیر کرابێ. لە ماوەی چوار ڕۆژ، ٢٠ کۆبوونەوەی ئاکادێمیکی بەڕێوە چوون، کە هەر کامیان باسی ١٨ تا ٢٤ بابەتیان تێدا کردبوو، کە کۆی هەمووان ٣٠٤ دانیشتنی لەخۆ گرت: پانێل، دانیشتن، ئاخاوتنی بابەتییانە، وتار و کۆبوونەوە لە بارەی پرسی هەنووکەیی. لە هەرکام لەو پێشهاتانەدا لانیکەم نیو دەرزەنێک پسپۆڕ تیایدا بەشدار، بەڕێوەبەر یا چاودێر بوون و، تەنانەت تاکە یەک دانەش بۆ باس لەسەر نفووزی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە لوبنان، عێراق، سووریە و یەمەن تەرخان نەکرابوو. هیچ شتێک لەبارەی سەرهەڵدانی ئیمپراتۆریی ئێران نەگوترا. بەڵام ئیمپراتۆریی قاجار لە چەند کۆبوونەوەدا باس کرا. هەروەها چەند کۆبوونەوە لە بارەی شوێنێک بە ناوی «فەلەستین/ئیسڕائیل» یا «ئیسڕائیل/فەلەستین» بەستراوە بە حەزی چاودێری کۆبوونەوەکە پێکهاتن.
پڕۆژەی ئیمپریالیستیی ئێران یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی مێژووی سەردەمە و، هێڵە سەرەکییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی و باوەڕی قووڵی کۆڕی پرۆفیسۆرەکان [بواری توێژینەوەی خۆرهەڵاتی ناڤین] یەک دەگرێتەوە. بەڵام زۆربەی ئاکادێمیسیەنەکان بە شێوەیەکی جێگای سەرنج لە بارەی کۆلۆنیالیزمی ئێران ناکونجکۆڵن. ئەوەیە بەفیڕۆ دانی هەل.
***
* نەیشناڵ ڕیڤیوو – ئەی جەی کاشێتا