لە بازاڕچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی بێکاری و پێنەدانی کار لە لایەن خاوەن بارەکانەوە لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.
بێکاری لە کوردستان بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لە ناوچە سنوورییەکان بە کۆڵبەرییەوە خەریک بن کە ڕۆژانە شاهیدی کوژران و برینداربوونی ئەو کەسانەین کە بۆ بژیوی ژیانی خۆیان و خێزانەکەیان دەدرێنە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بێجگە لە کاری کۆڵبەری، لە چەند بازاڕچەیەکی سنوورەکانی کوردستان خەڵک ڕۆژانە چاوەڕوانی خاوەن بارەکانن تا کارێکیان پێبدەن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوون لە بازاڕچەکانی سنووری پیرانشار خاوەن بارەکان کەمتر کار دەدەنە ئەو کەسانەی کە لە بازاڕچەکە ڕۆژانە تا ئێوارێ لە چاوەڕوانیدان و خاوەن بارەکان کار دەدەنە ئەو کەسانە کە خزم و کەسی خۆیانن و ئەوەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو ناوچەیە و بێکاریی ئەو کەسانەی کە ماوەیەکی زۆرە لەو بازاڕاچەیە خەریکی کارن.
بێکاریی لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان هەمیشە یەکێک لەو کێشە و گرفتانەیە کە داوێنگیری خەڵک بووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سەرچاوەی نەهامەتیەکانی گەلانی ئێرانە، بەجێی ئەوەی کە لە فکری ژیانی خەڵکی ئێراندابێ، بەدوای بەرژەوەندییە سیاسییەکانی لە وڵاتانی دەوروبەرە و هیچ پرۆژەیەکی بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران نییە.