لە خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی مافە ئینسانییەکانی سەدان کەس کوژران کە تا ئێستا لەنێو کوژراوەکاندا ئاماری کوژرانی ١٣ مێرمناڵ بڵاوکراوەتەوە.
لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ١١ی سەرماوەز، پەروانە سەلەحشووری، نوێنەری تاران لە پارلمانی کۆماری ئیسلامی، باسی لە کوژرانی هەندێ مێرمنداڵ کردبوو، بەڵام هیچ ئامارێکی ڕانەگەیاندوە.
لە هەواڵ و ڕاپۆرتەکان کوژرانی ١٣ کەس لەو مێرمنداڵانە بڵاو بووەتەوە. لە شاری خووزستان ناوی ٤ مێرمناڵ بڵاوبۆتەوە و لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە رادەیەکی بەرچاو لە کوژراوان و برینداران و دەسبەسەرکراون لەخۆیدەگرێ، ناوی چەند کەس لەو مێرمناڵانە بڵاوبۆتەوە کە بریتین لە:
موحەممەد ڕەزا ئەحمەدی خەڵکی سنە، ئاریەن ڕەجەبی خەڵکی مەریوان ، ئارمین قادری ١٥ ساڵ خەڵکی کرماشان.
هەروەها دوو کەسی دیکە لە شاری ئیسفەهان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون.
لە شاری تاران کچێکی ١٤ ساڵە کوژراوە. هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، گەنجێکی ١٣ ساڵە لە ئیسلامشار کوژراوە. لە شاری ئەلبورزیش دوو کەس بوونەتە قوربانی.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دانەوەی تەرمی ئەو مێرمنداڵانە، داوای پارەی لە بنەماڵەکانیان کردووە.