جێگری وەزیری تەندرووستیی ئێران ڕایگەیاند کە ٥٦ کەس لە خەڵکی ئێران بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی ئانفولانزای بەرازەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی بڵاو بوونەوەی نەخۆشیی ئانفوڵانزا لە ئێران بڵاو بووەوە. بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە یەکەم ڕۆژەکاندا ١٩ کەس بوونە قوربانی و دواتر ئەو نەخۆشیە زیاتر بڵاوبۆوە و بوو بە هۆی مەرگی ٥٦ کەس. عەلیڕەزا ڕەئیسی جێگری وەزارەتی تەندرووستیی ئێران ڕایگەیاندووە کە پیس بوونی هەوای ئێران، کاریگەریی زیاتری لەسەر بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هەیە و دەتوانێ بە ئاسانی لە نێو خەڵکدا بڵاو بێتەوە. تا ئێستا چوار هەزار کەس تووشی ئەونەخۆشییە بوون کە زۆربەیان لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدان.
بەرپرسانی وەزارەتی تەندرووستی ئێران ڕایانگەیاندووە کە نەخۆشیی ئانفوڵانزا تا دوو حەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت و شەپۆلێکی فراوان لەو نەخۆشییە شارەکانی ئێران دەگرێتەوە و هوشداریی بە خەڵک دراوە کە خۆیان بپارێزن.
شایانی باسە کە زۆرترین تووشبوان بەو نەخۆشییە لە شارەکانی تاران و خووزستان بووە.