بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤ و میدیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی، داوای ئازادکردنی گیراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەیان کردووە کە دەقی بەشێک لە نامەکە بەم شێوەیە:
بۆ سەرۆکی دەزگای قەزایی، سەرۆکی مەجلیس و سەرۆککۆمار
لە ڕووداوەکانی ۲٥ی خەزەڵوەر و ڕۆژانی دواتر سەدان کەس لە هاوڵاتیان گیانیان لە دەستداو و هەزاران کەس بریندارو هەزارانی دیکەش دەسبەسەرکراون.
مافی ناڕەزایەتی دەربڕین و کۆبوونەوەی مەدەنی و هێمنانە لەسەرەتاییترین مافەکانی هاوڵاتیانە کە لە کۆنوانسیونەکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و یاسایی نێونەتەوەییدا هەیەو کۆماری ئیسلامیش واژۆی لەسەرکردووە کە پێبەندی ئەو یاساگەلە بێ ، تەنانەت مافی خۆپێشاندان لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا بە فەرمی ناسێندراوە و لەبەرچاونەگرتنی ئەم مافە زوڵمێکی ڕوون و ئاشکرایە.
چاوپۆشی کردن لە داخوازییەکانی خەڵک خەسارێکی گەورەی بەدواوەیە کە قووڵتربوونەوەی درزی نێوان حکوومەت و خەڵک لە ئاسەوارەکانییەتی.
لەم حاڵەدا کە بەشێک لە هاووڵاتیانمان دەسبەسەرکراون ، هەزاران بنەماڵە نیگەران و چاوەڕوانی ڕۆڵەکانیانن.
پێداگری دەکەین لەسەر ئازادکردنی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیانبەختکردوان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین ، هەروەها هیوادارین ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی خەڵکی بێتاواندا هەبووە بە کومیتەیەکی متمانە پێکراو بسپیردرێن و بە سزای تاوانەکانیان بگەن.