دوای گرانکردنی نرخی بێنزین و هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ئێران و ناڕەزایەتی دەربڕینیان لە دۆخی نالەباری ئابووری و نەبوونی کار لە ئێران، خێرا دۆخەکە جەوێکی سیاسیی بە خۆیەوە گرت و خەڵک بە شێوەی گشتی لە زۆربەی شارەکانی ئێران خۆپیشاندانیان کرد و دژ بە دەسەڵاتی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی درووشمیان دا و ڕادەیەکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کوژران و بریندار بوون و هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران.
تا ئێستا ناوی ٣٥١ کەس بە ناو و ناوبانگەوە لەبەر دەستدایە کە لە مێدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.
ئەو ئامارانە کە ئامادە کراون بۆ پارێزگاکان بە گشتییە و تایبەت بە یەک شار نییە، ئەو شارانە بریتین لە :
بۆکان ٥ کەس، پارێزگای ئیسفەهان بە گشتی ٣١ کەس، پارێزگای ئەلبورز ١٠ کەس، تەورێز ١ کەس، تاران ٨١ کەس، سمنان ۱ کەس و لە مەشهەد ٩ کەس کوژراون.
لە خووزستان بە گشتی بە هەموو پارێزگاکانییەوە ٨٧ کەس بوونەتە قوربانیی هێرشی سەرکوتکەران و گیانیان لە دەستداوە.
لە پارێزگای فارس ٣٠ کەس کوژراون، پارێزگای سنە بە گشتی ٣٢ کەس، کرمان ٢ کەس، پارێزگای کرماشانیش ٥٧ کەس و گیلان ٢ کەس و لە پارێزگای مەرکەزیش کەسێک کوژراوە.