دەوڵەتی فەڕانسە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام خەریکی لادان و کشانەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام و وزەی ناوکییە و ئەگەر ئەو ڕێژیمە لەسەر کاری خۆی بەردەوام بێت، ئەوە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی دەستپێدەکەنەوە.
ژان ئییۆ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان، واتە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر کەموکوڕییەکانی ڕێککەوتنی بەرجام گەورە دەکەنەوە و پێیان خۆش نییە کە هەموو شتێک بەشێوەی خۆی بەرەوپێش بچێ.
لودریان کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پێوەندییەکانی فەڕانسەدا باسی لە کێشەکانی کۆماری ئیسلامی کردبوو، ئەوەشی زیاد کرد کە دەوڵەتی فەڕانسە خەریکی لێکۆڵێنەوە لەسەر ئێران و کردەوەکانییەتی و بەم زوانە ئاکامی لێکۆڵینەوەکان رادەگەیەنێ.
وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی ئیمانۆئێل ماکرۆن بۆ چاکسازیی بەرجام، شکستی هێنا و کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەو پڕۆسەیە دایە .