خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق دژ بە گەندەڵی و بێکاری و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەیاندا بەردەوامن.
ماوەیەکی زۆرە خەڵکی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان هەر لەسەر شەقامەکانن و لە ئاکامدا پێداگری و کۆڵنەدانیان بوو بەهۆی ئەوەی کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دەست لەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی بدات.
ئەمڕۆژانە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق دژ بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر پەرەیان سەندووە و سووتاندنی کۆنسولخانەکانی ئەو ڕێژیمە لە دوو شاری شیعەنشینی کەربەلا و نەجەف، ئەوپەڕی ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق بوو دژ بەو ڕێژیمە ئاژاوەگێڕە و یەکێک لە دروشمەکانی خۆپێشاندەرانی عێراق چوونەدەری کۆماری ئیسلامییە لە وڵاتەکەیان.
بەپێی وتەی چەند بەرپرسێکی عێراقی، بەشێک لە خۆپێشاندەران و بەشێک لە میدیاکان چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە عێراق دەستیان هەبوو لە کوشتنی خۆپێشاندەراندا و ڕایانگەیاند، ئەو فیشەکانەی کە لە کوشتنی خۆپێشاندەرانی نەجەف و شوێنەکان دیکە بەکارهاتوون، عێراقی نەبوون و لە وڵاتێکی بێگانەوە هاتوون کە مەبەستیان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. شایانی باسە کە لە خۆپێشاندانەکانی نەجەف لەبەردەم کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٣٠ کەس کوژران و بریندار بوون.