بەرپرسی یەکیەتیی فرۆشیارانی ئاسن و پۆڵا لە تاران سەبارەت بە گرانیی ئاسن و بەرهەمە پۆڵاییەکان لە ئێران وتی: هۆکاری گرانییەکان بۆ دۆخ و کەشی ڕەوانی و فکریی گرانبوونی نرخی بێنزین دەگەڕێتەوە. هەروەها دۆلار کە نرخی زیاتر بووە و بێکاری بەسەر ئێراندا زاڵ بووە، بازاڕی کار ڕاوەستاوە و خانووسازی زۆر کەمتر لە پێشووە.
شایانی باسە کە گرانبوونی نرخی بێنزین بوو بە هۆی ئەوەیکە نرخی زۆربەی پێداویستییەکانی ئێران گرانتر بێت. هەڵاوسانی سەتا ٤١ لە بازاڕی ئێران و کاریگەریی ڕاستەوخۆی بێنزین لەسەر زۆربەی لایەنە ئابوورییەکانی ئێران بووە بە هۆی ئەوەیکە نرخی ئاسن و بەرهەمە پۆڵاییەکان لە ئێران بچێتە سەرەوە. نرخی ئاسن، بەپێی ئامارە نوێیەکان سەتا ٧ و سەتا ٨ هەڵکشانی بووە.
لەو ڕۆژانەدا لە ئێران بینەری خۆپێشاندانی سەرانسەریی خەڵک بووین و دەزانین کە خەڵک دژ بە گرانیی سێ بەرابەریی بێنزین هاتوونەتە سەر شەقامەکان و بە دەیان کەس قوربانیان داوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەجێگەی چارەسەر کردنی داوای خەڵک بۆ نموونە هەرزان کردنی نرخی بێنزین و پێداویستییەکانی دیکەی خەڵک، ڕێگەی بە بەشەکانی دیکەش داوە کە نرخەکانیان زیاتر لە ڕادەی پێویست ببەنە سەرەوە.