بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بێهزیستی لە سەتا ٨٠ ی ژنان لە ئێران قوربانی هاوسەرئازاری و ماڵدارین و هەر بۆیە زۆرێک لە دەرفەتەکان لە دەست دەدەن.
ئەو ژنانەی لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە دەبنە قوربانی و دەکەونە بەر ئەزیەت و ئازار لە سەتا ٨٠ی ژنانی ماڵدارن و هەروەها هاوسەرئازاری یەکێک لە خەسارە بەرچاوەکانی ژیانی هاوبەشە لە ئێران و لە سەر هەڵکشانی ڕێژەی تەڵڵاق کەریگەریی بەرچاوی هەیە.
لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لەوڵاتی پیاو سالاری ئێراندا، ژنان بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێنەوە، بەشێکی زۆری ئەو ژنانە لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگە و بنەماڵەوە دەچەوسێنەوە و دەبنە قوربانی.
بە پێی ڕاپۆرتی هێرانا بەڕێوەبەری فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیی ناوەندی بێهزیستی ئێران، ڕایگەیاندوە لەسەتا ٨٨ی ئەو ژنانەی دەکەونە بەر تووندوتیژی و لە لایەن هاوسەرکانیانەوە ئازار دەدرێن ئەو ژنانەن کە لە ماڵەوەن و ژنانێک دەگرێتەوە کە ڕادەی خوێندەوارییان لە ئاستی سەرەتاییه و ئەو ژنانە زیاتر وەک کارەکەر لەنێو ماڵ چاویان لێدەکرێ و ساڵانە بە سەدان ژن بە هۆی کێشەی بنەماڵیی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە داخەوە پەنا بۆ خۆکوژیی دەبەن و لەو ڕێگایە گیانیان لە دەست دەدەن.
جێی ئاماژەیە ژنان نیوەی کۆمەڵگەی ئێران پێکدێنن بەڵام بەشێکی کەمیان لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن و لە باری ئابوورییەوە سەربەخۆ نین و زۆربەی ئەو ژنانەی لە دەرەوە کار دەکەن داهاتی مانگانەی خۆیان دەدەن بە هاوسەرەکانیان و لەو بارەشەوە دەچەوسێنەوە.