ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لایەنگرانی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپی “ئەمەل” هێرشیان کردووەتە سەر خۆپێشاندەران و ناڕازیانی لوبنانی لە شاری بەیرووت و بێ ڕێزیان پێکردوون.
بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتە نێوخۆییەکانی لوبنان، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی حیزبوڵلای لوبنان و گرووپی ئەمەل لەلایەک و خۆپێشاندەرانی ناڕازی لەلایەکیتر ڕویداوە و خۆپێشاندەران کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەو گرووپانە و پێش بە خۆپێشاندانەکەیان لە شاری بەیرووت گیراوە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە خۆپێشاندەران سروودی نەتەوەیی لوبنانیان گوتۆتەوە و بە درووشمی «ثوره ثوره» واتە (شۆڕش شۆڕش) ناڕەزایەتیی خۆیان دژ بە دەسەڵات و بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتەکەیان دەربڕیوە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە دەست لە کاروباری وڵاتی لوبنان وەر دەدا و بە کەڵکوەرگرتن لە گرووپی حیزبوڵڵا و گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە، ئاژاوە و شەڕ دەنێتەوە و لەو ڕێگەیەوە دەیەوێ بە مەبەستەکانی خۆی بگا و هێژموونی خۆی بەسەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێ.
حیزبوڵڵای لوبنان یەکێک لەو ڕێکخراوە تێرۆریستیانەیە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێ و بۆ کار و کردەوەی تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕی لە جیهاندا کەڵکی لێوەردەگرێ.