Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۱۹ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۸ | 10/12/2019 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

٧٠٠ لاپەڕە نیشانی دەدەن کە چۆن ئێران دەستی بەسەر عێراقدا گرت

22/11/2019 | 17:46:39
+A
-A

دوای درز کردنی زانیاریی هەواڵگریی ئێران: ٧٠٠ لاپەڕە نیشانی دەدەن کە چۆن ئێران دەستی بەسەر عێراقدا گرت

ئورشەلیم پۆست – سێت جەی فرانتزمەن

کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی

سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق دوای هێرشی ٢٠٠٣ تێکەڵیک بووە لە بەشی سەربازیی و بەشی حاملاندن: ڕاهێنانی سەربازیی بە سوپای عێراق کردووە و هەوڵی داوە پشتگیریی کەسانێک بکا کە واشینگتۆن پێی وابووە لە بەغدا نوێنەرایەتی ئەو دەکەن. بەڵام لەگشت قوژبنێک ئۆختاپوسی ئێرانی خۆی مەڵاس دابوو و هەوڵە بێدەستوپلەکانی ئەمریکای بۆ دانانی کاریگەریی لەسەر بەغدا پووچەڵ دەکردەوە و تەنانەت کاندیدا دڵخوازەکانی ئێرانی بە پشتیوانیی ئەمریکا دێنانە سەرکار و واشینگتۆنی فریودەدا کە وابزانێ ئەو “براوەیە”. لەهەمان کاتدا ئێران گەمەیەکی درێژخایەنی دەست پێکردبوو. بەڵگەی ئێرانیی کە تازە درزیان کردۆتە دەر ئاشکرای دەکەن کە چۆن ئێران ئەو کارەی کردووە.

ئەوڕۆ وڵاتە یەکگرتووەکان هێشتا ڕاهێنان بە هەندێک عێراقیی دەکا بەڵام بەرەو ئەو ئاقارە دەچێ کە بەشێوەیەک بکشێتەوە. ئەمریکا دەیهەوێ پشتیوانیی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بکا و هەروەها بەشێکی لێهاتوو لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پاش خۆی بەجێ بهێڵێ، بە تاقمی باشی وەک هێزی دژە تیرۆر، بۆ ئەوەی کە بتوانن داعش و تاقمی دیکە کۆنتڕۆڵ بکەن. بەڵا م ئەمریکا تێدەگا کە لە درێژخایەندا، هەرچی لە عێراق سەرهەڵدا بە شێوەیەکی گشتی یا دەستکردی ئێرانە یا بەرپەرچدانەوە بەرامبەر بە ئێران دەبێ؛ ئاشکرایە کە وڵاتە یەکگرتووەکان ناتوانێ لە هەزاران کیلۆمیتر ئەولاتر واتە لە واشینگتۆنەوە، بڕیار بدا.

شتێکی سەمبۆلیک بۆ ئەو گیروگرفتە هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ناوچەی سەوز لە ١٧ نۆڤامبر بوو. کۆڵێک بەڵگە کەوتوونە بەر دەست ماڵپەڕی دێ ئینتەرسێپت کە ئەوانێس داویانن بە نیویۆرک تایمز و لێکؤلینەوەی ئەوان (کە بەیەکەوە بەڕێوەیان بردووە) ئاشکرای دەکا کە چۆن ئێران وڵاتە یەکگرتووەکانی فریوداوە.

ئەگەرچی بەشی هەرە زۆری ئەو شتە پێشدا دەرکەوتبوو، بەڵام بەڵگە ٧٠٠ لاپەڕییەکە، کە لە فارسی ڕا وەرگێڕدراوەتەوە، بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە وردەکاریی نوێ دەخەنە ڕوو و نیشان دەدەن کە چۆن ئێران دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە و وەک “دەروازەی دەسەڵاتی ئێران” کەڵکی لێوەردەگرێ کە ئێستا تا سووریە و لوبنان تەشەنەی کردووە و بە شێوەیەکی پەرەئەستێن هەڕەشە لە ئیسڕائیل دەکا. ئێستا عێراق بۆ ئێران “دەرەوەی نزیکە” و ئێران خەریکی درووستکردنی سپای پاسدارانی خۆیەتی لە عێراق، کە ناوی حەشدی شەعبی لێناوە.

ئارشیوی بەڵگەنامەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ٢٠١٥ – ٢٠١٤ و هی “وەزارەتی ئیتلاعات و ئەمنییەتن”. ٢٠١٥ – ٢٠١٤ کاتێکی زۆر هەستیار بوو چونکە ئەو کاتی بوو کە داعش دەستی بەسەر یەک لەسەر سێی ڕووبەری عێراقدا گرت و بوو بە مەترسییەک بۆ سەر بەغدا. لە جوابدا، ئێران ڕاوێژکاری ناردن و ئایەتوڵڵا سیستانی داوای لە شیعەکان کرد کە شەڕ بکەن. ئەوە دەستپێکی سەرهەڵدانی حەشدی شەعبی بوو کە پاشان بوو بە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ئێستا دووهەمین حیزبی گەورەی عێراقە.

٢٠١٥ هەروەها ئەو ساڵە بوو کە ڕێککەوتنی ئێران واژۆ کراو و واشینگتۆن و تاران لە یەک بەرەدا لە عێراق دەرکەوتن. وڵاتە یەکگرتووەکان لە سەردەمی ئۆبامادا پشتیوانیی لە هاتنە سەرکاری نوری مالیکی  وەک سەرۆک وەزیران کرد کە ئێران پشتگیریی دەکرد و  پاشان پشتیوانیی لە جێگرەوەکەی واتە حەیدەر ئەلعەبادی کرد. لە هەردوو حاڵەتدا واشینگتۆن خوازیاری “پیاوێکی بەهێز” لە بەغدا بوو و یەکێکیشیان دەست کەوت. بەڵام ئێرانیش بە هەمان شێوە. دواتر، لە ٢٠١٧ وڵاتە یەکگرتووەکان عەبادی هاندا کە لە کەرکوک هێرش بکاتە سەر کوردەکان، و یارمەتی قاسم سولەیمانی کرد کە دەست بەسەر ئەو ناوچە ستراتێژیکەدا بگرێ. وڵاتە یەکگرووەکان پێی وابوو کە بەغدا بەهێز دەکا کە ببێتە “ناسیۆنالیست” و یارمەتی بە عەبادی کرد کە لەگەڵ سعودییەکان چاوپێکەوتن بکا. لە ڕاستیدا، ئەمریکا پشتگیریی لە نفووزی ئێران کرد، و هاوپەیمانە کوردەکانی بە هەمان شێوە کە لە سووریە دووپات بۆوە لەخۆی دوور کردەوە.

بەڵگەکان ئاشکرای دەکەن کە ئێران لە عێراق تووشی گیروگرفتێکی ئەتۆ نەبوو. بەشێکی بەرچاو لە شیعە بەناوبانگەکانی عێراق لە هەشتاکان یارمەتی ئێرانیان دابوو دژی ڕێژیمی بێبەزەیی سەددام حوسێن. لە کاتێکدا کە دۆناڵد رامزفێڵد تۆقەی لەگەڵ سەددام دەکرد، خەڵکی وەک هادی ئەلعامیری لەگەڵ سپای پاسداران بوون. بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، تەنانەت سەرۆک وەزیرانی ئێستا، عادل عەبدولمەهدی “پەیوەندییەکی تایبەتی” لەگەڵ ئێران هەبوو. لە هەموو حاڵەتێکدا تاران لە زۆر وەزارەتەکان دەرگای بەسەردا ئاواڵا بوو، لە ناویاندا وەزارەتە گرینگەکانی وەک ناوخۆ و کەرتی نەوت.

لە کاتێکدا کە ئێران و عێراق جیرانن، ئەوە شتێکی دژوارە کە تێبگەی “پەیوەندیی نزیک لەگەڵ ئێران” چ مانایەکی هەیە. زۆر سیاسەتوانی ئەمریکایی لەوانەیە دۆستی نزیکیان لە کانادا هەبێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەوان بەکرێگیراوی ترۆدۆن [سەرۆک وەزیرانی کانادا]. نزیک بوون و شیعە بوون دەبنە هۆی پێوەندیی نزیک، جگە لە پێوەندی ئاشکرای سەربازیی لە نێوان حەشدی شەعبی و سپای پاسداران.

بەڵام ئێران تەنیا دۆست و هاوپەیمانی نەدەویستن. ئەو دەیهەویست بزانێ ئەمریکاییەکان چ دەکەن. بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە کەسانێک بوو کە خاوەن لێهاتوویی تایبەت بن. لە یەکێک لە بەڵگەکاندا کە ئاماژەی پێکراوە، سیخوڕێکیان ئامادە کرد کە درز بکاتە شوێنێک تا زانیاریی لەسەر “ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی” وڵاتە یەکگرتووەکان کۆ بکاتەوە یا بزانێ کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان چی دەکا. ئێران تەنانەت کاری بۆ ئەوە کرد کە “سیخوڕێک لە ناو وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکادا” بدۆزێتەوە و هەوڵی دا کاربەدەستانی پێشووی سی ئای ئەی بدۆزێتەوە و بە پارە ڕایانکێشێتە لای خۆی. بە گوێرەی بەڵگەکانی کە کەوتوونە دەست دێ ئینتەرسێپت، لە پچڕان پچڕانی دوای هێرشی ٢٠٠٣ ی ئەمریکا، ئێرانیش “هەندێک لە باشترین ئەفسەرەکانی خۆی لە وەزارەتی هەواڵگریی و ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی سپای پاسداران” ناردە عێراق.

بە گوێرەی بەڵگەکان، هەندێک لە هەڵسوکەوتەکانی ئێران گەمژانە بوون، وەک دزە کردن بۆ ناو ئەنستیتۆی کولتوریی ئاڵمان، بەڵام بێ ئەوەی کە کۆدی درووستیان پێبێ. ئاخۆ ئەوە لە دزەکردنی واتەرگەیت لە حەفتاکانی زایینیدا گەمژانەترە؟ ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە دەیانهەویست دەستیان بە ئاڵمانییەکان ڕابگا و ئێران دەیهەویست لە هەموو شوێنێک بێ. ئامانجەکانی ئێران کامانە بوون؟ ئەو دەیهەویست کە عێراق لە ئاژاوەدا نوقم نەبێ، وەک چۆن لە ٢٠١٤ قەوما. ئەو بە هەمان شێوە دەیهەویست کە پێش بە “کوردستانی سەربەخۆ” بگرێ، کە لە ٢٠١٧ جێبەجێی کرد. ئەو دەیهەویست پارێزگاریی لە شیعەکان بکا. دەیهەویست سوننیە تەکفیرییەکان و جیهادییەکانی وەک داعش تێک بشکێنێ. ئەو لەوەش دا سەرکەوتوو بووە. بردنەوە، بردنەوە، بردنەوە و بردنەوەیەکی دیکە بۆ ئێران.

ئەوەی کە جێگای سەرسوڕمان نییە ئەوەیە کە ئێران یاریکەرێکی زۆر ژیر نییە لە عێراق بەڵام هۆیەکەی لێشاوی بەکرێگراو و لایەنگر بوو بۆ لای ئەوان و خەڵک پێویستی بە سەخاوەتی ئەوان هەبوو. کاتێک کە داعش لە ٢٠١٤ لە دەرگای دا، شتێکی سەیر نەبوو کە سولەیمانی بەرپرسی سپای قودس لە لایەن هەندێک لە میلیشیا تایفییەکانی شیعە وەک ڕزگاریدەر سەیر کرا.

ئێران بە هەمان شێوە سوودی لە شێوەی هەڵسوکەوتی ئەمریکا لەگەڵ دۆستەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەرگرت. چونکە وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێگای خەڵکی وەک جەیمز جێفری لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە، پێوەندیی لەگەڵ خەڵکی عێراق ق سووریە وەک شتێکی “کاتی، ماوەدار و تاکتیکی” سەیر دەکرد، وڵاتە یەکگرتووەکان دۆستایەتی درێژخایەن درووست ناکا. ئەو کەڵکی لە خەڵکی خۆ جێیی وەردەگرێ دوایە پشتیان تێدەکا، پێیوایە ئەو نەخشە کورتخایەنە ئیش دەکا. ئێران گەمەی درێژخایەنی کرد، گەمەیەک کە لە ١٩٨١ دەستی پێکرد و کە بە سوودی دەشکێتەوە تا دەگاتە ٢٠١٩. بە گوێرەی ڕاپۆرتی دێ ئینتەرسێپت “سی ئای ئەی گەلێک لە سیخوڕە نهێنییە کۆنەکانی فڕێدابووە سەر شەقامەکان وئەوانی بێکار کردبوو.”

کابرایەک گوتی کە ئەو ١٨ مانگان کاری بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان کردبوو و مانگانە ٣٠٠٠ دۆلاری وەرگرتبوو. بۆ دۆخی عێراق ئەوە پارەیەکی زۆرە. ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە نازناوی سیخوڕەکە “دانی براسکۆ” بوو، کە ناوی ئەو مەئمورەی ئێف بی ئایە کە خۆی خزاندبوو ناو مافیا. لەو مەسەلەدا ئەو سیخوڕە خۆی خزاندبوو ناو ئەلقاعیدە. جارێکی دیکەش، ڕاپۆرتی سیخوڕان شتی ئەوتۆ ئاشکرا دەکەن کە لە عەقڵ دەگونجێن. پیاوێکی دیکە، کە وێدەچی کاری بۆ هەواڵگریی سوپای عێراق کردبێ، چوو چاوی بە “برایانی” ئێرانی بکەوێ تا وردەکاریی هەندێک شتیان پی بڵێ. فەرماندەکەی کەیفخۆش بوو چونکە گشتیان بەیەکەوە دژی داعش دەجەنگان. ئەوە شتێکی شاراوە نەبوو. ئەوان بە تارانیان گوت: “سەرجەم هەواڵگریی سوپای عێراق بە هی خۆتان بزانن.”

بۆ شوێن هەڵگرتنی هەوڵەکانی ئەمریکا، ئێرانییەکان نە تەنیا دزەیان کردە ناو حیزبە عێراقییە سوننییەکان لە بەغدا، بەڵکو ئەوان شوێنپێی جموجۆڵی وڵاتە یەکگرتووەکانیشیان هەڵگرت. ئەوان نیگەرانی ئەوە بوون کە واشینگتۆن لەوانەیە وەک ڕابردوو کار لەگەڵ سوننییەکان بکا.

کودەتا ڕاستەقینەکەی ئێران دزە کردنیان بۆ ناو سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان لە گشت پلەیەک دابوو. لە گفتوگۆیەکدا، لە کۆتاییەکانی ٢٠١٤ و سەرەتاکانی ٢٠١٥، بە لیستەیەکی کاربەدەستانی عێراقدا چوونەوە. لە ئاستی شارەوانییەکاندا ئەوان پێویست نەبوو نیگەران بن: ئەوان ئەندامانی ڕێکخراوی بەدر بوون، کە پێوەندییان بە حەشدی شەعبی و هەروەها ئەلعامیریەوە هەبوو کە هاوپەیمانی ئێرانە. وەزیری گواستنەوە لە ئێران نزیک بوو. عەبدولمەهدی لە ئێران نزیک بوو. وەزیری کاروباری دەرەوە لە عێراق نزیک بوو. وەزیری تەندرووستی سەر بە حیزبی دەعوەی مالیکی بوو. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەو “وەفاداری” ئێرانە. ئەوان نیگەرانی پیاوەکانی نزیک لە سەدر بوون، کە ئێستا مەزنترین حیزبی عێراق بەڕێوە دەبا. ئەوان خەڵکی دیکەیان پێ باشتر بوو.

ئێران تێڕامانی ستراتێژیکی مەزنتریشی هەبوون. ئەو پێویستی بە ئاسمانی عێراق بوو تا بتوانێ چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی سووریە و حیزبوڵڵا بگەیەنێ. سولەیمانی نێردرا تا موشکیلەکە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە جێبەجێ بکا. تەنانەت پێویست بە گفتوگۆش نەبوو، وەزیرەکە دەستی لەسەر چاو دانا بەو مانایە کە ئەو وا دەنوێنێ کە هیچ فرۆکەیەک [لە ئاسمانی عێراقدا] نابینێ. سولەیمانی ناوچاوانی پیاوەکەی ماچ کرد. ئەوە کاتوساتێکی هەست بزوێن بوو.

بەڵام وێدەچێ ئێران پێی زیاتر لە بەڕەی خۆی ڕاکێشابێ و لەخۆبایی بووبێ. لە ٢٠١٥، سیخوڕێک باسی سوننییەکانی عێراقی وەک “بێ ماڵوحاڵ” کردووە و گاڵتەی بە شارەکانیان کردووە کە بەدەست داعش وێران بوون. ئەوان هیچ داهاتوویەکیان نییە. ئێرانییەکان لە ٢٠١٧ کوردەکانیان دژی یەکتر بەکار هێنا و کەڵکیان لە ئەمریکاییەکان بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان وەرگرت. لە ٢٠١٨ ئەوان بە شێوەیەکی بێوێنە باوەڕ بەخۆبوون، بەڵام ناڕەزایەتییەکان دژی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان خەریک بوو دەست پێ بکا. ئێستا ئەو ناڕەزایەتییانە پەرەیان ئەستاندووە. لە مانگی ئۆکتۆبردا سولەیمانی چوو بۆ بەغدا تا یارمەتی بە سەرکوت کردنیان بکا. ٣٥٠ عێراقیی بەدەست تاک تیرهاوێژان، کە زۆربەیان لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێن، کوژراون. بەڵام ئەوە دەتوانێ کاردانەوەی پێچەوانەی هەبێ.

بێگومان، سیخوڕەکان بە ئێرانیان ڕاگەیاندووە کە ئەستێرەی بەختی سولەیمانی لە کزیی داوە. ئەو زۆر شتی لە سۆشیال میدیادا بڵاو دەکردەوە. عێراقییەکان، کە لە سەرەڕۆیی میلیشیا شیعەکان تووڕەن دەڵێن کە ئەوان هانا بۆ ئەمریکا و “تەنانەت ئیسڕائیل” دەبەن تا بێنە ناو عێراق و لە دەست ئێرانیان ڕزگار بکەن. تۆوی ناڕەزایەتیی جەماوەریی لەوێ لە ٢٠١٥ جێندرا و لە ٢٠١٩ دەستی پێکرد.

داهاتووی عێراق هێشتا ناڕوونە. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئێران بە دوای دەسەڵاتی ڕەها لە عێراق بوو. بە هۆی ئەو کاناڵە ئاواڵانەی پشتیوانییان دەکرد تووشی لەخۆباییبوون هات، کە بەشی هەرە زۆری میراتی شەڕی هەشتاکان بوو. بەڵام جیلێکی نوێ سەری هەڵدا و ئەوان ئێرانیان وەک خاوەن دەسەڵات دەدیت: نەوەک ڕزگاریدەرێک، نەوەک لایەنێکی لاواز. بۆ ئەوان، سولەیمانی، عامیری، ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس، قەیس خەزعەلی، عەبادی، مالیکی و ئەوانی دیکە ئەو لاوانە نەبوون کە دژی ئەمریکا و سەددام شەڕیان دەکرد، بەڵکو کەسانێک کە کارەکانیان بەڕێوەدەبرد.

ئێستا ئێران دەبێ عێراق کۆنتڕۆڵ بکا، بۆ ئەوەی کە نەبێتە ئەو لایەنە کە کات و شوێنی شەڕی خۆی هەڵدەبژێرێ. و عـــــــــــــێـــــــــــــــــــــــــــــراق شـــــــــــوێـنێکی ساکار نییە بۆ کۆنتڕۆڵ کردن.