حیزبی دێموکراتی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی، بەتایبەت وڵاتانی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا دەکا هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی گەمارۆی بخرێتە سەر و سزا بدرێ.
عومەر باڵەکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ “کوردستان” ڕایگەیاند هێزە ئینتیزامییەکان دەستی باڵایان لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستاندا بووە و تا ئێستا نیزیک بە 200 کەسیان کوشتوە و چەند هیندەی ئەوەندەش بریندارن. هەروەها بە هاوکاریی هێزە ئینتیزامییەکان ئێنتێرنێت و پێوەندییەکانی خەڵک لەگەڵ دەرەوەی ئێران پچڕاوە و ئەوەش وایکردوە هێزە ئینتیزامییەکان دەستئاوەڵاتر خەڵک سەرکوت بکەن.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەبارەی کاریگەریی وەها بڕیارێک ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بەنیسبەت کاردانەوەیەکی ئاوا بێتەفاوت بێ و ئەگەر هێزە ئینتیزامییەکان گەمارۆیان بخرێتە سەر، بازنەی چالاکییەکانی ئەم هێزە و ڕێژیمیش بەرتەسکتر دەبێتەوە.