کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ئێران مەحکووم کرد.
کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ناڕەزایەتیی خۆی لەوبارەوە دەربڕی. ئەو بڕیارنامەیە کە لەلایەن وڵاتی کاناداوە ئامادە کرابوو، بە ٨٤ دەنگی ئەرێنیی وڵاتان پەسند کرا. شایانی باسە کە ئەو بڕیارنامەیە باسی مافی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەیی و بیروڕا و هەروەها هەندێ باسی دیکە وەکوو پرسی ژنان لە بەیاننامەکەدا باسی لێکراوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو بڕیارنامەیە بۆ داکۆکی کردن لە مافی هاووڵاتیانی ئێرانییە و داوا لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکا کە پێبەندی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان بێ و هەڵاواردن و سەرکوتی خەڵک کۆتایی پێ بێنێ و ئاوڕێک لە دۆخی زیندانیان و چالاکانی مافی مرۆڤ، سیاسی، ژینگەیی و هەروەها نووسەران و کەسایەتییە ناسراوەکانی کۆمەڵگەی ئێران بداتەوە.
ئەو بڕیارنامەیە کە زیاتر بە هاوکاریی جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکراوە، پێداگری لەسەر مافی مرۆڤ دەکا و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا.
لە درێژەی دۆخی نالەباری کۆمەڵگەی ئێران کە کۆماری ئیسلامی کەشێکی تەواو ئەمنیەتیی بەسەریدا زاڵ کردووە، ڕۆژانە هەواڵی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو دەبێتەوە و خەڵکی ئەم وڵاتە بەدەست کاربەدەستە دیکتاتۆرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەناڵێنن. بۆ نموونە دۆخی زیندانیان، دەسبەسەر کردنی هاووڵاتیانی بێ تاوان بە تۆمەتی ناڕەوا، دۆخی ژنان، کەمایەتییە ئایینییەکان، مافی نەتەوەکان و زۆر بابەتی دیکە کە هەموو ڕۆژێک لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە دەرهەق بە ئەو خەڵکە ئەنجام دەدرێ.